شارەزایان: بەهۆی گازی سروشتییەوە هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن ژێرخانێكی بەهێز

:: PM:09:20:10/02/2024 ‌

هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی تری داهاتی لە تەواوبووندایە و لە ساڵی داهاتووەوە ئاستی داهاتی هەرێمی كوردستان بەهۆی نەوت و گازی سروشتییەوە دەگاتە قۆناغێكی نوێ، بۆیە لە رووی ئابوورییەوە هەرێمی كوردستان دەگاتە قۆناغ و ئاست و پێگەیەكی نوێ، سەرۆكی لقی سلێمانی ئابووریناسانی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە هەمەچەشنكردنی داهات سوودی زۆری بۆ هەرێم دەبێت.

پێشتر كۆمپانیای "دانە گاز"، رای گەیاندبوو كە لە ساڵی 2024، پڕۆژەی پەرەپێدانی KM250  تەواو دەبێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەكەش بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان لە 250 ملیۆن پێی سێجای رۆژانەوە بۆ 750 ملیۆن پێی سێجا بەرز دەبێتەوە، هەروەها كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەش دا كە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر سیستمێكی نوێ بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەكانیان رێك كەوتوون، بەپێی ئەو سیستمەش شایستە داراییەكانیان لە وێستگەكانی كارەباكانەوە پێ دەدرێت.

پێوەست بەو بابەتە ناسر ئیسماعیل، شارەزای بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، بەدڵنیاییەوە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی دەبێتە یەكێك لە سەرچاوەكانی تری داهات بۆ هەرێمی كوردستان، كە لەپاڵ نەوتدا هەرێم گازی سروشتیش دەفڕۆشێت و هەناردە دەكرێت، بەوەش كوردستان دەبێتە خاوەنی سەرچاوەی زیاتری داهات كە لە رووی ئابوورییەوە گرنگ دەبێت، ئاماژەی كرد، گازی سروشتی وەك نەوت نییە، ئێستە زۆرێك لە وڵاتان كاریان بەرهەمهێنانی نەوت و فڕۆشتنە، بۆیە گازی سروشتی یەكێكە لەو مادانەی كە كڕیاری باشی هەیە و زۆرێك لە وڵاتان كێشەی ئەو گازەیان هەیە، بۆیە هەم كڕیاری زۆر و هەمیش پارەی باش دەكات.

زیاتر گوتی، بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە لە سەرەتادا كار بۆ دۆزینەوە بازاڕ بكات و بەهۆی عێراقەوە تووشی گرفت نەبێت، كارەكە ئابوورییانە بێت و هەرێم تووشی زیان نەبێت، ئەگەر عێراق سكاڵا بكات و رێ‌ نەدات هەرێم گاز بفرۆشرێت تووشی كێشە دەبینەوە، بەم شێوەیە هەرێم دەگەیەنرێتە ئەوپەڕی ئابووریی بەهێز و داهاتێكی باشی دەبێت، هەروەها لە بەرانبەردا كوردستان هەنگاوی نوێ لە بواری پێشكەوتن و گەشەسەندن دەبینێت و ئابووری هەرێمی كوردستان بەهێز دەبێت، دەتوانرێت بەشێك لەو پارەی كە لە گازی سروشتی دەستی دەكەوێت ژێرخانی ئابووری بگەیەنێتە قۆناغی نوێ، هەرێمی كوردستان پێویستی بە ژێرخانی ئابووری هەیە، چونكە بەو داهاتە دەتوانی لەبواری تر سەرچاوەی داهات زیاد بكەی، بە تایبەتی كشتوكاڵ.

لای خۆیەوە د.جیهاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان خاوەنی یەدەگێكی زۆری گازی سروشتییە و ماوەی چەندین ساڵە گەورە كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بۆیە ساڵ بەساڵ بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە هەرێم بەرز دەبێتەوە و ئەوەش لە بەرژەوەندیی كوردستاندایە، ئێستە لە هەموو دنیا وڵاتان گرنگی بە گازی سروشتی دەدەن و سەرچاوەیەكی سروشتی بەهێزە لە رووی دارایی و ئابووریدا، ئەمەش بۆ كوردستان زۆر گرنگە و بەهۆیەوە كوردستان دەچێتە قۆناغێكی بەهێزی ئابوورییەوە.

روونی كردەوە، دنیا بەگۆڕانێكی خێرادا تێپەڕ دەبێت و چاوەكانیش لەسەر كوردستانن، زۆر وڵات هەن بەهۆی گازی سروشتیی كوردستانەوە دەبوژێنەوە، بۆیە ئەگەر كوردستان دەست بە فرۆشتنی گازی سروشتی بكات، خۆشگوزەرانییەك روو لە هەمووان دەكات كە پێشتر بەو جۆرە نەبووە، چونكە لە رووی بازاڕ و دارایی و سەرچاوەی داهاتەوە گاز جیاوازە لە نەوت، بۆیە ئەگەر كوردستان ببێتە خاوەنی داهاتی سروشتی هەرێمی كوردستان، بەتەواوی گەشەسەندوو دەبێت و قۆناغێكی بەهێزی دەست پێ دەكات كە پێشتر وێنەی نەبووە.

هەر لەوبارەوە هاوڕێ مەنسووربەگ، شارەزای كانەكان بە "وشە"ی راگەیاند، پێویستە هانی ئەو كۆمپانیایانە بدرێت كە لە بواری گازی سروشتیدا كار دەكەن و پسپۆڕییان هەیە، دەبێ ئاسانكارییان بۆ بكرێت بێنە هەرێمی كوردستان و بەدوای كێڵگەی گازی نوێدا بگەڕێن، بۆیە كار لەسەر ئەوە بكرێت كە گازی سروشت لێ دەربهێنرێت و زیاد بكات، هەركات ئەمە كرا و پێداویستیی ناوخۆ و عێراق دابین كرا، ئەوكات رەوانەی دەرەوە بكرێت و لەوە بەدوا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر داهات و ئابووریی هەرێم هەیە و دەبێتە مایەی زیاتر خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان.

ئاماژەی كرد، بەردەوامیی وەبەرهێنان و لێدانی بیرە نەوتی زیاتر لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەیش پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و پلاندانان بۆ هاوردەكردنی بۆ دەرەوە، بە ئاماژەی دڵخۆشكەر دادەنرێن، بۆ زیاتركردنی داهاتی كوردستان لە ڕێی فرۆشتنی گازەوە، كە سەرەنجام دەبێتە هۆی ئەوەی كۆتایی بە تەنگژەی دارایی بێت و دووبارە هەرێمی كوردستان بكەوێتەوە سەر رێچكەی پێشكەوتن و ببێتە خاوەن ئابوورییەكی بەهێز لە ناوچەكە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل