بەهۆی بەركەوتنی بە فیشەك لە كفری كەسێك گیانی لە دەست دا

:: AM:10:31:11/02/2024 ‌
پۆلیسی گەرمیان ڕای گەیاند، شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی شۆڕشی كفری، تەرمی هاووڵاتییەك بەناوی "نیهاد جاسم محەمەد" لەدایكبووی 1976، هێنرایە پزیشكی دادوەری شارۆچكەی كەلار كە بەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە گیانی لە دەست دابوو.

پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، بەگوتەی كەسوكاری و بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی، ئەو كەسە نەخۆشیی دەروونی هەبووە،  لە ماڵی خۆیان بەچەكی جۆری كڵاشینكۆف فیشەكی بەخۆیەوە ناوە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیس، ئێستە دەستیان بەسەرچەكەكەدا گرتووە و لێكۆڵینەوە لە هۆكار و چۆنێتیی ڕووداوەكە دەكات.

بەهۆی بوونی چەك لەلای هاووڵاتییان ئەم ڕووداوانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە، ئەگەرچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا كە چەك لە دەستی هاووڵاتییان نەمێنێت و چەندان ڕێكاری گرتەبەر، بەڵام  زۆربەی خەڵك تا ئێستە چەكیان لە ماڵەكانیاندا هەیە و ئەمەش كێشەی جۆراوجۆری لێ دەكەوێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز