شارەزایان باس لەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وەك وڵاتێك حیسابی بۆ دەكرێ و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، باس لەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی لەسەر نەخشەی جیهانی وزەیە، شانەبەشانی وڵاتە زلهێز و پێشكەوتووەكان لە كۆڕبەند و لووتكە و كۆنفرانسە جیهانییەكان لە ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی بەشداری پێ دەكرێت.
لەوبارەوە دڵشاد نامیق، ماستەر لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی دەستووری عێراق، هەرێمی كوردستان مافی هەیە لەو رووداوە نێودەوڵەتییانە بەشدار بێت، راستە هەرێمێكە لە چوارچێوەی عێراق، بەڵام جۆرێك لە نوێنەرایەتیی نەتەوەیی هەیە و نوێنەرایەتیی نەتەوەی كورد دەكات لە دنیا، چونكە تاكە قەوارەی ددانپێدانراوە كە لە رووی نێودەوڵەتییەوە بەپێی دەستووری عێراق مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بۆیە هەرێم لای وڵاتانی دنیا، بەتایبەتی لای زلهێزەكانی وەك ئەمەریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فڕەنسا و چین و رووسیا حیسابی تایبەتی بۆ كراوە، ئەمەش وای كردووە بەشدارییەكەی هەرچەندە وەك هەرێمە، بەڵام لە كۆنگرە و كۆڕ و كۆنفرانسە جیهانییەكان هەمان بەشداریی دەوڵەتە زلهێزەكانی هەبێت.
باسی لەوەش كرد، ئەو پێوەندییانە وایان كردووە هەرێم و سیستمە سیاسییەكەی لە دەرەوە بناسرێت، پێوەندییەكان بەو جۆرەن لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم دەكرێت، كاربەدەستانی دنیاش سەردانی هەرێم دەكەن و وەك شوێنێكی گرنگ تەماشای دەكەن و گرنگیی هەرێم بۆ دنیا بۆ شوێنی جیۆگرافی و پێگە ئابوورییەكەی دەگەڕێتەوە، هەروەها هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە شەڕی دژ بە داعش، گەورەترین رۆڵی هەبوو، كە ئەمە ستایشی وڵاتە زلهێزەكانی دنیای بەدواوە بوو، جگە لەمە هەرێم بەشدارە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، بۆیە دنیای دیموكراسی وەك نموونەیەك تەماشای هەرێم دەكەن كە پێویستە هاوكاری و پاڵپشتی بكرێت.
پێوەست بەو پرسە كاوە فەتحوڵا، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، لەو بابەتانەی كە لە ناوچەكە و ئەو گۆڕانكارییانەی هەیە، رۆڵی هەرێمی كوردستان لەو هەنگاوانەی كە سەرۆكی حكوومەت لە ماوەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەینێت، پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێز بووە، هەروەها حكوومەتی هەرێم لە كۆنگرە و لووتەكانی جیهان رۆڵی گرنگی هەیە و گرنگی پێ دەدرێت، ئەمەش بۆ هەرێمی كوردستان دەستكەوتێكی گرنگ و كاریگەرە، كە لە زۆربەی كۆنگرە گرنگەكانی دنیا وەك لووتكەی ئیمارات، كۆنفرانسی میونشن بۆ تەناهی، لە قەتەر، لە كۆڕبەندی داڤۆس بوونی هەیە، ئەمانە دەستكەوتن كە هەرێمی كوردستان بەدەستی هێناوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك بەشدارێكی سەرەكی لەو كۆنگرانە بەشدار دەبێت.
روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان رۆڵی هەیە و لە بەردەم دەیان وڵات و سەرۆك وڵاتی بەهێز و گەشەسەندوو بۆچوونی خۆی هەیە، دواتریش لە پەراوێزی كۆنگرەكان پێوەندیی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری و تەناهی دەبەسترێت و وڵاتان دەیانەوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان مامەڵە بكەن و پێوەندیی نوێ دروست بكەن، هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە زیاتركردنی پێوەندییەكان هەیە، بەتایبەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە گەورە و كاریگەرن، ئەوانەی بەشداری لە كۆنگرە و كۆڕبەند و لووتكەكانی جیهان دەكەن و خاوەن ئابوورییەكی بەهێزن و لە رووی تەناهییەوە وڵاتی ئارام و سەقامگیرن.
لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەگەر لە رووی ئابوورییەوە خوێندنەوە بۆ ئەو بەشداریكردنەی سەرۆكی حكوومەت لە كۆڕبەندەكانی جیهان بكەین، ئەمە حیسابكردنە بۆ هەرێمی كوردستان، كە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانە، وەك نەوت و گاز بەتایبەتی، ئەمەش وای كردووە حیسابی تایبەتی بۆ هەرێم بكرێت.
ئاماژەی كرد، كاتێك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتە ئەو وڵاتانە و بەشداری لەو كۆڕبەند و لووتكەكانی جیهان دەكات، لە دەرەوەی كۆڕبەندەكان شاندی حكوومەت دەتوانن چاویان بە وڵاتانی دنیا بكەوێ و بەهۆیەوە گەورە كۆمپانیاكان رابكێشرێن بۆ هەرێم و كاری گەورە و پڕۆژەی گەورە بكرێت، بۆیە ئەمە رۆڵی زۆر باشی ئەرێنی بۆ كوردستان دەبێت و كوردستان دەبوژێتەوە و هەلی كار و ژێرخانی ئابووری بەهێز دەبێت، بۆیە دروستكردنی هەر پێوەندییەك كاریگەری لەسەر كەرتی ئابووریش دەبێت.
وشە/ تایبەت