پلانی بایدن بۆ گرنگیدان بە کورد و خۆلادان لە شەڕی ئێران چییە؟ تۆماس فریدمان ئاشكرای دەكات

:: AM:12:26:12/02/2024 ‌
ئەمڕۆ تۆماس فریدمان، وتارێكی بە ناونیشانی پلانی بایدن بڵاو كردەوە، دیارە كە وتارەكە بە رێنوێنیی كۆشكی سپی نووسراوە و باسی پلانەكەی بایدن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران و خۆلادان لە شەڕ دەكات، هاوكات باسی هەوڵی قەناعەتكردن بە ئیسرائیل بۆ دداننان بە دەوڵەتێكی فەلەستینی چەكداماڵراو لەدوای چارەسەركردنی دۆخی غەزە دەكات، بە دانانی ئەوەش وەك هۆكارێك بۆ سازكردنی پەیماننامەیەكی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و سعوودیە.

بەڵام ئەوی لە بەدیهاتنی ئەو خەونە خۆشە كەمە، بوونی پلانێكی تۆكمەیە بۆ سنوورداركردنی رۆڵی ئێران، بۆیە ئەگەر ئەمەریكا و دنیا و ناوچەكە نەیانەوێ شەڕێكی گەورە لە ناوچەكە هەڵبگیرسێت، پلانێكی شوێنگرەوە بۆ ئەوە هەیە و دەتوانن لەو رێگەوە بە كەمترین زیان لە گەیشتن بەو ئامانجە سەركەوتوو بن. 

پوختەی پلانەكە بریتییە لە:

1-چڕكردنەوەی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر میلیشیاكانی ئێران و كشاندنەوەیان لە ناوچەكانی باكور تا بەرزاییەكانی حەمرین و لە رۆژئاوای عێراقیش تا بەغدا.

2-رادەستكردنی ئەو ناوچانە بۆ پۆلیس و سوپا و هێزی پێشمەرگە.


3- دامەزراندنی هەرێمێكی سوننە لە رۆژئاوای عێراق (ئەنبار و مووسڵ)، هەروەها دامەزراندنی هێزی ناوخۆیی و پاسەوانی سنوور لەو ناوچانە. 

4-دابینكردنی چەترێكی ئاسمانی، واتە ناوچەیەكی دژەفڕین و جێگیركردنی سیستمێكی بەرگریی ئاسمانیی مووشەكی لەو ناوچەیە و لە رۆژئاواش، واتە رۆژئاوای كوردستان.

5-گوشاركردن لە بەغدا بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ، لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە سەرپەرشتییەكی نێودەوڵەتی و بە بەشداریی سەدرییەكان و كەمكردنەوەی رۆڵی میلیشیاكانی ئێران لەناو حكوومەتەكە.

ئەو پێنج هەنگاوە مسۆگەری بڕینی هێڵی گەیشتنی پاڵپشتی لەنێوان ئێران و حزبوڵای لبنانی و رژێمی سووریا دەكەن، چونكە لەو حاڵەتە تەواوی سنوورەكانی عێراق و سووریا دەكەونە دەست هێزەكانی لایەنگری ئەمەریكا.

بۆیە هەر لەگەڵ پچڕانی ئەو هێڵە پاڵپشتییە، میلیشیای حزبوڵای لبنانی و هەموو میلیشیاكانی تری ئێران لە سووریا هەرەس دێنن، بەو شێوەیە رۆڵی ئێران لە عێراق سنووردار دەبێت و تەنیا لە بەغدا و باشووری عێراق رۆڵی دەبێت، لەوێش كێبركێ لەنێوان سەدرییەكان و رەوتەكانی تری شیعە دروست دەبێت.

هەرچی رووسیایە، دەتوانێت لەوێ بۆ پاراستنی رژێمی بەشار و بەرژەوەندییەكانی بمێنێتەوە.

بەوشێوەیە دۆزی فەلەستین بە راگەیاندنی دەوڵەتێك بۆیان و دۆزی كورد و سوننەش بە دامەزراندنی چەند قەوارەیەكی فیدراڵی لە چوارچێوەی وڵاتەكانیان، بەڵام لەژێر پارێزراویی نێودەوڵەتی، چارەسەر دەبێت.

هەرچی رووسیایە دەكرێ بە سازشكردن لە ئۆكراینا رازی بكرێت، بە گەیشتن بە چارەسەرێكی ناوەند كە شەڕ لەوێ كۆتایی بێت، بە راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەو ناوچانەی ئۆكراینا كە دانیشتووانی رووسین و ناوچەكانیتری ئۆكرایناش ببنە ناوچەی بێلایەن.

تاكە لایەن كە لەدوای ئێران كە بە پلانەكە ناڕازییە توركیایە، كە بەهۆی ئەوەوە ئەمەریكا هەموو ئەوانە جێبەجێ ناكات و سەرقاڵی تاقیكردنەوەی چارەسەری شەل و گێڕ و بەكەموكورتییە و سەركەوتن بەدەست ناهێنێت.

هاوكات توركیا وەك دیلی شۆ‌وڤینیەتە دەبەنگەكەی دەمێنێتەوە و بە مێشكێكی كراوە بیر ناكاتەوە، بەوەی بڵێت دەكرێ دامەزراندنی هەرێمی كوردی و سوننە لەسەر سنوورەكانی ببنە بازاڕ بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمەكانی و فرەوانبوونی دەسەڵاتی ئابووری لەبەرانبەر دەسەڵاتی شیعەی ئێرانی، تەنانەت كێشەی پەكەكەش كە بە بەردەوام پاساوی بۆ دێنێتەوە، دەكرێ لە رێگەی دەركردنی لێبوردنێكی گشتی بۆ چەكدارەكانی و گەڕاندنەوەی سەرۆك شارەوانییە كوردەكان بۆ پۆستەكانیان و ئازادكردنی دیلەكان، لەوانەش دەمیرتاش و ئۆجەلان، چارەسەر بكرێت، لە بەرانبەر راكێشانی سۆزی 70 ملیۆن كورد و ملیۆنان عەرەبی سوننە بە هەموو سامان و نەوت و دەستكەوتەكانیانەوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل