ئەمەریكا بەڕێككەوتنێك لەگەڵ تاڵیبان ئەمڕۆ یاریدەدەری بن لادن ئازاد دەكات

:: AM:09:04:12/02/2024 ‌
بۆ گۆڕینەوەی دیلەكانی نێوان هەردوولا، ئەمەریكا رێككەوتنی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان كردووە كە یاریدەدەری ئوسامە بن لادن ئازاد بكات بەرانبەر بە ئازادكردنی هاووڵاتییەكی ئەمەریكی كە لەلای تاڵیبان دیلە. بڕیارە رێككەوتنەكەیش ئەمڕۆ جێبەجێ دەكرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 12ی شوبات بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رێككەوتنەكەی نێوان ئەمەریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان كە گوتوویانە، ماوەی چەند مانگێكە گفتوگۆ لە نێوان ئەمەریكا و تاڵیبان بۆ گۆڕینەوەی دیلەكانیان بەردەوامە، گەیشتوونەتە ئەوەی بڕیارە ئەمڕۆ یاریدەدەری بن لادن و ئەفغانییەكی تریش لەلایەن ئەمەریكاوە ئازاد بكرێن، لە بەرانبەردا تاڵیبان گیراوێكی ئەمەریكی ئازاد دەكات.

سەرچاوەكان زیاتر گوتوویانە، ئەمەریكا رەزامەندیی داوە "محەمەد رەحیم ئەفغانی" ئازاد بكات كە یاریدەدەری تایبەتی ئوسامە بن لاندنی سەرۆكی قاعیدە بوو لەگەڵ گیراوێكی تری ئەفغانی. لە بەرانبەردا تاڵیبان "رایان كۆربیت" ئازاد دەكات كە هاووڵاتییەكی ئەمەریكییە و ماوەی ساڵ و نیوێكە تاڵیبان گرتوویەتی.

ئەو رێككەوتنەی ئەمەریكا و تاڵیبان لە قەتەر كراوە كە ماوەی چەند مانگیكە گفتوگۆ لە نێوانیان بەردەوامیی هەبوو، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت.

ئاماژە دراوە كە هەواڵگریی تاڵیبان لە 10ی ئۆگستس 2022، ئەو هاووڵاتییە ئەمەریكییەی گرتووە كە دوای چەند رۆژێك بوو ئەیمەن زەواهیری لە كابول كوژرابوو.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د