ئەمڕۆ لە هەولێر ڕێز لە عەباس عەبدوڵا یوسف دەگیرێَت

:: AM:09:44:12/02/2024 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری هەولێر بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی چالاكی وێژەیی، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا رێز لە عەباس عەبدوڵا یوسف دەگرن.

خۆم دیسان خۆم، عەباس عەبدوڵا یوسف شاعیرێكی گەلێ دیارە، دەنگێكی نوێی ئەدەبی كوردییە، مرۆڤێك لە كاتی خۆیدا یاخی و سەركێش، لە ئەدەبەكەشیدا هەروابوو، عەباس ساڵی 1950 لە بەغدا لە دایك بووە، بەڵام دواتر كە دێتەوە هەولێر و دەبێتە شاعیرێك كە چەندان نەوەی شیعری لە هەولێر و شارەكانی تری كوردستان پێی سەرسام دەبن، چەندان نەوە لەوە فێری شیعری نوێگەری دەبن.

ئەو خۆی دەیگێڕێتەوە كە لەبەرئەوەی  باوكی عەسكەر بووە و بەهۆی ئەوەوە شاری جیاجیا و كولتووری جیاجیای زۆر بینیوە و لەگەڵیان ژیاوە، ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر جێدێڵێت.

عەباس دەڵێت، لە پۆلی دووی سەرەتاییەوە كتێب دەخوێنمەوە، لە بەغدا لە گەڕەكی شاكرییە دەچوومە بازاڕ بۆ كتێب، سینەما و گەڕان و جووڵەم زۆر بوون، ئەوانە لەوكاتەدا بەشێك بوون لە ژیانی من، جارێك لەو پیاسەكردنەمدا بۆ یەكەمجار بینیم لەسەر شەقام چیمەنیان دەچاند، ئەوەم پێ سەیر بوو. 



وشە - سۆران عەزیز