پوتین: ئێمە و چین ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان 230 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

:: AM:10:47:12/02/2024 ‌
چاوپێكەوتنەكەی تەكەر كارلسۆن ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئەمەریكی، یەكەم چاوپێكەوتنی پوتینە لەگەڵ میدیایەكی ڕۆژئاوا لەو كاتەوەی ڕووسیا لە مانگی شوباتی 2022، شەڕی دژی ئۆكرانیا دەست پێ كرد. 

دوای بڵاوبوونەوەی چاوپێكەوتنەكە لە ماوەیەكی چەند سەعاتێكدا، تەكەر كارلسۆن بوو بە بەناوبانگترین كەسایەتیی میدیایی ئەمەریكی، لەبەرئەوەی بەسەتان ملیۆن بینەری هەبوو لە سەرانسەری دنیادا.

لە بەشێكی گفتوگۆكەیاندا پوتین ئاماژە بەوە دەكات، ڕۆژئاوا هەرگیز سەركەوتوو نابێت لە گەیاندنی شكستێكی ستراتیجی بەسەر ڕووسیا بەهۆی جەنگی ئۆكرانیاوە، "ئێمە هیچ بەرژەوەندییەكمان نییە لە فراوانكردنی شەڕەكە بۆ وڵاتانی تری ناتۆ، لە نێویاندا هێرشكردنە سەر پۆڵەندا و لاتڤیا، مەگەر پۆڵەندا هێرش بكاتە سەر ڕووسیا".

هاوكات پوتین دووپاتی كردووەتەوە كە شەڕی ئۆكرانیا بە سەركەوتنی سەربازی كۆتایی نایەت، بەڵكو بە ڕێككەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا كۆتایی دێت و ئێمە ئامادەین بۆ ئەم گفتوگۆیە.

پوتین باسی لەوە كرد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و سی ئای ئەی، لە پشت ڕووداوی شكانی هێڵی غازی نۆردستریمن لە كەنارەكانی سوید و دانیمارك، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئەمەریكا سوودمەندە لە بڕینی هێڵی غاز.

ئەوەشی گوت، كاتی خۆی ئێمە پێشنیارمان كرد كە رووسیا دوای ڕووخانی یەكێتیی سۆڤییەت بچێتە ناو ناتۆ، بەڵام ئەوان ڕەتیان كردەوە، لەبەرئەوەی ترسیان لە ڕووسیا هەبوو وەك وڵاتێكی گەورە و بەهێز. پێشتریش ئەمەریكییەكان بەڵێنیان دابوو كە ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات تەنانەت یەك ئینجیش فراوان نەكەن، بەڵام چەندان جار فراوانتریان كردووە، ئەوەش ئێمە بەمەترسی بۆ سەر خۆمانی دەزانین، چونكە ناتۆ ژێرخانی سەربازی لە كۆمارەكانی پێشووی سۆڤییەت جێگیر كردووە.

"لە كاتێكدا من پێشتر سەردانی ئەمەریكام كرد و پێشنیاری دروستكردنی سیستمێكی بەرگریی ئاسمانیی هاوبەش‌ و یەكگرتووم لەگەڵ واشنتن كرد، بەڵام رەتیان كردەوە" پوتین وای گوت.

پوتین زیاتر گوتی، "ئەمەریكا هەموو شتێكی دژی ئێمە كردووە، تەنانەت هاوكاریكردنی ئەو تیرۆریستانەی بۆ دنیاش مەترسیدارن، زانیاریمان هەیە ئەمەریكا پشتیوانیی تیرۆریستانی لە رووسیا كردووە و بە ئۆپۆزسیۆنی دەداتە قەڵَەم، ئەمەریكا پاڵپشتیی جوداخوازانی قەفقاز دەكرد و چەكی بۆ تیرۆریستان دابین دەكرد".

پوتین لە بەشێكی تری گفتوگۆكەیدا دەڵێت، ئێمە و چین دراوسێین و چەندان سەدە پێكەوە ژیانمان هەیە و سیاسەتی دەرەوەی پەكینیش شەڕانگێزی نییە. پشكی دۆلار لە بازرگانی دەرەكی رووسیا بۆ 13% دابەزیوە، لە كاتێكدا پشكی یوانی چینی بۆ 34% بەرز بووەتەوە. ئاڵوگۆڕی نێوان رووسیا و چین 230 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئابووری چین بووەتە ژمارە یەك لە دنیادا و لە مێژە ئەمەریكای تێپەڕاندووە.



وشە - سۆران عەزیز