جەمال موفتی هونەرمەندێكی پێشمەرگە و ئەندامی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بوو. دوای ئەوەی كوردستان كەوتەوە ژێردەستی پێشمەرگە، ئەو لە بۆكان بوو بە مامۆستا، دواتر لەگەڵ داخرانی قوتابخانەكان ڕووی لە چیا كرد و بووە پێشمەرگە، لە مانگی شوباتی ساڵی 1981 لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكدا لەگەڵ هێزەكانی ئێران شەهید بوو.
سەعیدی سەرهەنگی هاوڕێی هونەرمەند دەیگێڕێتەوە، كە دابەزینە شار جەمالیشمان لەگەڵ بوو، بەو هەموو تین و تەوژمەوە لەگەڵمان هاتبووە شار تا بۆ ئازادی شەڕ بكات، بەڵام بەداخەوە لەو شەڕەدا تەرمی ساردی بەجێ ما، چونكە ئێمە پاشەكشەمان كرد، نەشمانتوانی جەمال رزگار بكەین، بۆیە لەناو شار بەدڵێكی پڕ لە خەمەوە جەمالمان بەجێهێشت.
جەمال موفتی كوڕی میرزا حوسێن ساڵی 1956 لە شاری مهاباد لە دایك بووە، تا قۆناغی دواناوەندی هەر لەو شارە خوێندوویەتی. لە سەرەتای لاوێتییەوە دەستی بەكاری هونەری كردووە، سەرسامی مامۆستایان تایەر تۆفیق و عەلی مەردان بووە، لە پەنای ئەوانیشدا كاریگەریی حەسەن زیرەك و محەمەد ماملێی لەسەر زۆر بوون.
لەگەڵ هونەرمەندەكانی وەك عەبدوڵا وەیسی و كەریم بلووری دەستی بە كاری هونەری كردووە، ساڵی 1976 لە خانەی جەوانانی مهاباددا لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی، چەند گۆرانییەكی تۆمار كردووە.
جەمال موفتی دەنگێكی خۆشی هەبوو، هونەرمەندێكی خۆشەویستی كوردستان بوو، ئەو تەنیا بەكاری هونەرییەوە نەوەستا و بووە پێشمەرگە، لەڕێی كوردستاندا لە رۆژی 12ی شوباتی ساڵی 1981 گیانی بەخت كرد.
ناوی گۆرانییەكانی جەمال موفتی:
كیژەكەی كافرۆش
گوڵاڵە سوورە
تۆ نامری چاوەكانم
مەڕێژن بۆم فرمێسكی خەم
كوڕە مەكە
غەریبم
من جوتیارم
دەست گرن
ئەی موتریبی حەریفان
نەمام نەمامە
كراس زەدرێ
ئەی وەی زارا
سەیری زەمان
بارانە
خاڵۆ ڕێبوار
بیرەوەری دووی ڕێبەندان
كارگەرین جەنگاوەرین
سەدەی بیستەمە
كوورەی یادگار
دەخیلم
لیمۆ ھەی لیمۆ
تۆی نازەنینم
بەھار ھاتەوە
شلێ یار
كۆڵان بە كۆڵان
ھەی ھەرمێ
داماوم
بە ناڵەی بێدەنگ
من گرفتارم
بای نەسیم