شانۆی "مرۆڤم بینی بەبێ جل جلم بینی بەبێ مرۆڤ" لە سەقز نمایش دەكرێت

:: PM:12:10:12/02/2024 ‌
گرووپی شانۆی ستێج بە شانۆگەریی "مرۆڤم بینی بەبێ جل جلم بینی بەبێ مرۆڤ"، بەشداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەقز لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات.

گۆران عەدنان دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو شانۆگەرییە پێشتر لە كەركووك و سلێمانی نمایش كراوە، ئێستە بەشداریی فێستیڤاڵی شانۆی سەقز دەكات و هیوادارین خەڵات بەدەست بهێنێت، ئەم شانۆگەرییە، شانۆیەكی موزیكاڵی كۆمیدییە و كار لەسەر بابەتی چینایەتی دەكات.

بڕیارە لە 18ی مانگی شوبات لە سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە بەشداریی چەندان شانۆكار و هونەرمەندی هەر چوار پارچەی كوردستان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەقز بەڕێوە بچێت.

بزووتنەوەی شانۆی كوردی لە باشووری كوردستان، لە شەستەكانی سەدەی رابردوو دەستی پێ كرد، ئەم بزووتنەوەیە بووە بەردی بناغەی شانۆی كوردی و چەندان هونەرمەندی گەورەی لەناودا دروست بوو، بەڵام ئێستە شانۆ وەك شانۆكاران دەڵێن بەتەواوی پاشەكشەی كردووە، شانۆكاران كەمترین كاری نوێیان هەیە.



وشە - سۆران عەزیز