بەهۆی گەندەڵییەوە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت

:: PM:01:57:12/02/2024 ‌
بەهۆی خراپیی سەبەتەی خۆراك و كوالێتیی ئەو نەوتەی بەسەر كەمپی ئاوارەكاندا دابەش كراوە، لە پەرلەمانی عێراق كار بۆ ئەوە دەكەن لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری كۆچ و كۆچبەران بكرێت.

ڤیان دەخیل ئەندامی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق، بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی چەندان دۆسیەی گەندەڵی لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، لیژنەكانی پەرلەمان  ژمارەیەك واژوویان  كۆ كردووەتەوە تا لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری كۆچ و كۆچبەراندا بكرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاكی باسی لەوە كردووە، هەموو ئەو بڕە پارەیەی كە رێكخراوەكانی مەدەنی و نێودەوڵەتییەكان بەخشیویانە بە ئاوارەكان، چووەتە گیرفانی گەندەڵكاران، وەزارەتی كۆچبەران نەوتی سپیی بەسەر خەڵكدا دابەش كردووە بۆ گەرمكردنەوە، دەركەوتووە ئەو نەوتە بارتەقای بەنزین مەترسیدارە و نابێت لەناو ماڵاندا بێت، چونكە بەپێی شیكاری كیمیایی كە گریمانە دەكرێت نەوت دوو هەزار یەكە بێت، بەڵام ئەوەی دراوە بە ئاوارەكان دەگاتە سێ هەزار و 700 یەكە، ئەمەش مەترسیی لەسەر ئەو ئاوارانە دروست دەكات، كە لە ژێر خێوەتدا دەژین و لە یەكترەوە نزیكن، ئەو خێوەتانەش لە نایلۆن دروست كراون، هەر كەوتنەوەیەكی ئاگر كارەساتی مرۆی دەخوڵقێنێت.

ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو داواكارییەی كە ئاراستەی وەزارەتی كۆچبەران كرا بۆ گۆڕینی كوالێتیی نەوتی سپی، وەڵامی وەزارەتی نەوتیش ئەوەبوو ئێستە ئەو نەوتە بەردەستە، ئەمەش قسەیەكی بێمانایە، چونكە ئەگەر نەوتی باش بەردەست نەبوو، كەوایە ڕێ بەخۆیان دەدەن نەوتی خراپ دابەش بكەن.

ئەوەشی گوت، سەبەتەی خۆراك كە ماوەیەكی زۆرە دابەش دەكرێت، دەركەوتووە ناتەندروست و بەسەرچووە، زۆربەیان بەكڵكی خواردن نایەن، بۆیە ئەوەی ڕووی داوە گەندەڵیی تێدا كراوە و پارەیەكی زۆر بەهەدەر دراوە، حیسابیش بۆ تەندروستیی هیچ كەسێك لەناو كەمپەكان نەكراوە.

 ساڵانێكە میدیاكان ئاماژە بەگەندەڵی و تاڵانی ناو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەكرێت، لە زۆربەی كابینەكانی حكوومەتی عێراقدا باس لەوە دەكەن، ساڵانە پارەیەكی زۆر بەخواردن و پێویستیی ناو كەمپەكان خەرج دەكرێت و بەشی زۆری بەهەدەر دەدرێت.



وشە - سۆران عەزیز