كۆماندۆی یه‌كێتی گه‌مارۆی ماڵی به‌رپرسێكی نزیك له كۆسره‌ت ره‌سووڵ ده‌ده‌ن كه له عه‌شیره‌تی عوزێرییه، به‌و هۆیه‌شه‌وه ئێسته كوێخا دێرین ته‌واوی عه‌شیره‌تی عوزێریی خستووه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه.
ڕووداوه‌كه به‌مشێوه‌یه بوو، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنج ئۆتۆمبێلی هێزه‌كانی كۆماندۆی یه‌كێتی، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی كوێخا دێرین عوزێری و داوای خۆڕاده‌ستكردنی لێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێشتا دیار نییه هۆكاری هه‌وڵدان بۆ گرتنی چییه.
ئاڵۆزییه‌كه له گه‌ڕه‌كی كه‌نه‌كه‌وه له سلێمانی بووه و هێشتا هێزه‌كه‌ی كۆماندۆ گه‌مارۆی ماڵی كوێخا دێرینیان داوه. سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له ئاڵۆزییه‌كه ده‌ڵێ، كوێخا دێرین هه‌موو عه‌شیره‌تی عوزێری خستووه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشی و ئه‌گه‌ری پێكدادانی چه‌كداری هه‌یه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، هێزه‌كه داوای خۆڕاده‌ستكردنی كوێخا دێرین ده‌كه‌ن و تا ئێسته خۆی راده‌ست نه‌كردووه.
كوێخا دێرین كه‌سێكی نزیكی كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لییه و به‌رپرسێكی سه‌ربازییه.