بڕیاری رووخاندنی دیوه‌خانه‌كه‌ی كوێخا دێرین كه‌وته واری جێبه‌جێ كردنه‌وه و له كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌دا، شۆفڵه‌كان كار بۆ ته‌ختكردنی قه‌ڵاكه‌ی كوێخا دێرین ده‌كه‌ن كه ماوه‌یه‌كی كه‌مه دروستی كردووه.
"كوێخا و سه‌رانه"
قه‌ڵاكه ده‌كه‌وێته ڕێی دوكان – سلێمانی به‌رانبه‌ر شاخی پیره‌مه‌گروون، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوای ئه‌وه‌ی هێزێكی كۆماندۆ هه‌وڵیاندا كوێخا دێرین بگرن، به‌ڵام نه‌یانتوانی و تا ئێسته‌یش نه‌گیراوه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوی ئاسایشی سلێمانی، له‌سه‌ر ته‌قه‌كردن له سه‌رمایه‌داران و وه‌رگرتنی سه‌رانه، بڕیاری گرتن له‌لایه‌ن دادگاوه بۆ كوێخا دێرین ده‌رچووه.
كوێخا دێرین كه‌سێكی سه‌ربازییه له لیوا تایبه‌ته‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی، ده‌گوترێ كاری بۆ شاڵاو كۆسره‌ت كردووه، به‌ڵام دوایین كاری كه ته‌قه‌كردن بوو له سه‌رمایه‌دارێكی نزیك له بافڵ تاڵه‌بانی ناڕه‌زایی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
سه‌رمایه‌داره‌كه به برینداری قسه‌ی بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی كرد و گوتی، ناو به ناو سه‌رانه‌یان ده‌دا به كوێخا دێرین و دوایین جار داوای زیادكردنی كردووه، بۆیه "سكاڵامان له‌سه‌ر تۆمار كرد".
"سه‌ره‌تای ململانێیه‌كی نوێ"
به‌گوێری زانیارییه‌كانی "وشه" ئه‌و كاره‌ی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌ره‌تایه‌كی نوێیه بۆ ململانێ له‌گه‌ڵ ماڵی كۆسره‌ت ره‌سووڵ، چونكه تاڵه‌بانی نایه‌وێ له سنووری سلێمانی كه‌سێكی ماڵی كۆسره‌ت ره‌سووڵ به ئاره‌زووی ته‌راتێن بكات و سه‌رانه وه‌ربگرێ.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "وشه" تاڵه‌بانی به‌بێ پرسی ماڵی كۆسره‌ت ره‌سووڵ، ئه‌و كاره‌ی كردووه و هه‌وڵی گرتنی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی نزیك له ماڵی كۆسره‌تى داوە.
رێبین فه‌تاح رۆژنامه‌نووس له واڵی خۆی له فه‌یسبووك ئه‌وه‌ی نووسیوه، كه كوێخا دێرین هه‌ر كه‌سێك و هه‌ر چییه‌كی كردبێ، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ی ئه‌مڕۆ ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه بۆ سه‌ره‌تای دروستبوونی ململانێیه‌كی نوێ له‌ناو یه‌كێتی.
"شۆفڵ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه"
پێده‌چێ بافڵ تاڵه‌بانی له ململانێی ئه‌مجاره‌دا، رێچكه‌كانی پێشوو دووباره نه‌كاته‌وه كه هێزی دژه‌تیرۆر به‌كار بێنێ به‌ڵكو شۆفڵهكانیان بەكار دێنێ، بۆ رووخاندنی بنكه و باره‌گای ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ده‌كه‌ن.
له هه‌شتی ته‌مووزیشدا كه رۆژێكی درێژی ململانێی نێوان بافڵ تاڵه‌بانی و لاهوور شێخ جه‌نگی بوو، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی باره‌گاكانی دژه‌تیرۆر و ده‌زگای زانیاری شۆفڵ بۆ رێكخستنه‌وه‌ى ساترهكان به‌كارهێنرا، به‌ڵام ئه‌مجاره بۆ رووخاندنه.
"سلێمانی پشوو نادات"
به‌مجۆره‌ی یه‌كێتی مامه‌ڵه ده‌كات، ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وه‌ى لە رابردوو "وشه" له‌باره‌ی بوونی دزی و سهرانهورهگرتنی به‌رپرسانی یه‌كێتی له سه‌رمایه‌داران بڵاوی ده‌كردنه‌وه، راسته، ئه‌وه‌تا خۆیان ماڵی سهرانهوهرگرێك ده‌ڕووخێنن و ره‌نگه هی تر بخه‌نه شوێنی.
لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، سلێمانی ئه‌و شاره‌یه به‌هۆی كێشه و ململانێیه‌كانی ئه‌و حزبه‌وه هه‌رگیز پشوو نادات.