لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی رابردوو، گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران وەك پاڵپشتییەك بۆ حەماس و كەرتی غەزە و دروستكردنی گوشار لەسەر ئەمەریكا، دەستیان بە كردنەئامانجی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا كرد، ژمارەی هێرشەكانیان گەیشتە زیاتر لە 100 هێرش، بەڵام چەند هەفتەیەكە هێرشەكانیان لە عێراق وەستاندووە.
دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی رابردوو گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكایان لە ئوردن كردە ئامانج و سێ سەربازی ئەمەریكییان كوشت، هەفتەیەك دوای ئەوە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا 85 ئامانجی ئەو گرووپانەیان بۆردمان كرد، هەفتەی رابردووش دوو بەرپرسی سەربازیی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقیان لە رۆژهەڵاتی بەغدا كوشت، پنتاگۆن دەڵێت كە هێرشەكانیان كراوەن و لەهەر كات و شوێنێك گرووپەكان و بەرپرسانیانی دەكەنە ئامانج، بۆیە لەو ساتەوە هێرشی سەر بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق وەستاوە.
ئەمەریكا سووربوون و هێز و توانای خۆی بۆ وەڵامدانەوە پێشان دا، هاوكات دووپاتی كردەوە كە نایەوێ بازنەی شەڕ فرەوان بێت، بەڵام بەرگری لە هێزەكانی دەكات و دەتوانێت هەموو شتێك بكات، واتە زۆر زیاتر لەوەی ئەو گرووپانە خەیاڵیان بۆی دەچێت، ئەوەش وای كرد كە سەرۆكی حكوومەتی عێراق و سەركردە سیاسییەكانی شیعە بێنە سەر خەت و داوا لە بەرپرسانی ئەو گرووپانە بكەن كە دۆخەكە چیتر ئاڵۆز نەكەن و عێراق بەرەو شەڕ نەبەن.
لەوەتەی ئەبو باقر ساعیدی، بەرپرسە سەربازییەكەی حزبوڵای عێراقی كوژراوە، هیچ هێرشێك بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق رووی نەداوە، ئەوەش دەری دەخات كە هەڕەشەكانی ئەمەریكا و جموجۆڵی سەرۆكی حكوومەت و سەركردە سیاسییەكانی چوارچێوەی شیعە ئەنجامی هەبووە و هێرشەكانی وەستاندووە.
لەگەڵ ئەو هەواڵانەی باسی ئەوە دەكەن كە تا ئێستەش درۆنەكانی ئەمەریكا بەئاشكرا و بەچڕی چاودێریی ئاسمانی پارێزگەكانی بەغدا و هەولێر و ئەنبار دەكەن، سەرچاوەیەكی باڵا لە راوێژكاریەتیی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاشكرای كرد كە پێوەندی بە زۆرینەی سەركردەكانی گرووپە چەكدارەكان كراوە و ئێستە هێوربوونەوە هەیە، بەڵام دووبارە كردنەئامانجی بەرپرسێكی تری سەربازی لەلایەن ئەمەریكاوە، كێشەیەكی گەورە دروست دەكات، چونكە دوای كوژرانی ساعیدی، گرووپە چەكدارەكان پلانێكیان بۆ پاراستنی سەركردەكانیان داناوە بۆ پووچەڵكردنەوەی هەوڵی كوشتنیان.
لای خۆیەوە
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ "بی بی سی"ی فارسی راشكاوانە دووپاتی كردەوە كە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق و تارانیش، پەیامێكی ئەمەریكییان پێ راگەیاندراوە، بەوەی ئەگەر لە هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەردەوام بن، دۆخەكە پەرە پێ دەدەن، ئێستەش ئەو گرووپانە تووشی كێشە بوونە و زۆرێك لە سەركردە سیاسییەكان باسی ئەوە دەكەن.
حوسێن روونی كردەوە، ئاستی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران زۆر بەرزە و نابێت ئەوان كێشەی نێوانیان لەسەر خاكی عێراق یەكلا بكەنەوە، بەتایبەتی ئێمە باج و زیانی زۆرمان داوە، دووپاتی كردەوە كە پەیامێكی ئەمەریكا گەیشتووە بەوەی ئەگەر هێرشەكان بەردەوام بن، دۆخی عێراق بەرەو شەڕ دەبەن، لەوكاتەی ئەو شەڕە هی ئێمە نییە، ئاشكرای كرد كە ئەو پەیامە گەیشتووەتە تارانیش.
لای خۆیەوە غازی فەیسەڵ، سەرۆكی ناوەندی عێراقی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی گوتی، دوای هێرشەكانی دوایی ئەمەریكا و راگەیاندنی گرووپە چەكدارەكان بە دەست پێكردنەوەی هێرشەكانیان لە دژی ئامانج و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و تەواوی ناوچەكە، دۆخی تەناهی لە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار، ئەوەش مانای وایە عێراق بەكردەنی دەچێتە ناو شەڕ.
روونی كردەوە، ترسێك لای حكوومەت و سیاسەتوانانی عێراق هەیە، بەوەی ململانێی گرووپە چەكدارەكان و ئەمەریكا بگاتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی چەكداری، چونكە بەردەوامیی بۆردمانكردنی یەكتر بەو شێوەی هەیە نامێنێتەوە و پەرەی زیاتر دەستێنێت، بۆیەش زیاتر لە جارێك ئەمەریكا مەترسیداریی دۆخەكەی بە بەغدا راگەیاندووە، هەر ئەوەش بوو كە پاڵی بە سوودانی و هێزە سیاسییەكانی پاڵپشتیی لە حكوومەتەكەی دەكەن بۆ كاركردن و گوشاركردن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و رێگرتن لەهەر پەرەسەندنێكی نوێ لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە.
ئەو توێژەرە دووپاتی كردەوە كە پەیامەكەی ئەمەریكا لە رێگەی حكوومەتی عێراقییەوە گەیشتە ئەو گرووپە چەكدارانە و ئێرانیش، بۆیە تاران بابەتەكەی بەرژدی وەرگرت و ئێستە دەیەوێ گرووپە چەكدارە عێراقییەكان هێور بكاتەوە و سنوورێك بۆ هێرشەكانیان لە دژی هێزەكانی ئەمەریكا دابنێت، یان هێرشەكانیان تەنیا شێوەیی بن و زیانی گیانیان بۆ ئەمەریكییەكان تیادا نەبێت، بۆیەش لەماوەی رابردوو چەند سەردانێكی راگەیەندراو و رانەگەندراوی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ بەغدا هەبوو.