بەڕێوەبەری دامەزراوەی لووتكەی حكوومەتەكان: شانازی بە بەشداریكردنی مەسروور بارزانی دەكەین

:: PM:07:51:12/02/2024 ‌

دوێنێ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوەڵی شاندێك سەردانی دوبەی لە ئیمارات كرد بۆ بەشداریكردنی لە كارەكانی لووتكەی حكوومەتەكانی جیهان، بەڕێوەبەری دامەزراوەی لووتكەی حكوومەتەكانی جیهان دووپاتی كردەوە كە شانازی بە بەشداریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە لووتكەكە دەكەن.

محەمەد شەرهان، بەڕێوەبەری دامەزراوەی لووتكەی حكوومەتەكانی جیهان، بە كوردستان24ی راگەیاند، شانازی بە بەشداریی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لە لووتكەكە دەكەین، چونكە لووتكەكە دەرفەتێكە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموونەكان.

روونی كردەوە، تەوەری سەرەكیی لووتكەی جیهانیی حكوومەتەكان، زیرەكی دەستكرد و چۆنیەتی بەكارهێنانیەتی لە كەرتە حكومییەكاندا، تا بتوانرێت بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییانی پێ بكرێت، دووپاتی كردەوە، لووتكەكە بە بەشداریی 140 شاندی حكوومی و 25 سەرۆك و سەرۆكی حكوومەت بەڕێوە دەچێت.

شایەنی باسە ئەمڕۆ دووشەم سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لووتكەی جیهانیی حكوومەتەكان وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە لە سەرانسەری ناوچەكەمان خواست و ئیرادەیەك بۆ پێشكەوتن هەیە، كورد داوایەكی رەوای هەیە بۆ مافی چارەی خۆنووسین و تیشكی خستە سەر پرسە هەنووكەییەكانی ناوچەكە و جیهان.

لووتكەی جیهانیی حكوومەتەكان كە ساڵانە لە دوبەی لە ئیمارات بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵ بە دروشمی "ئایندەبینیی حكوومەتەكان"، بە بەشداریی زیاتر لە 125 سەركردە و سەرۆكی حكوومەت و دامەزراوەكان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە 12 تا 14ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. 

پلانی لووتكەكە بەگشتی بریتییە لە لەخۆگرتنی  110 كۆبوونەوەی سەرەكیی دیالۆگ، كە 200 كەسایەتیی نێودەوڵەتی تێیدا قسە دەكەن، جگە لە بەستنی 23 كۆبوونەوەی ویزاری و دانیشتنی جێبەجێكاری، كە زیاتر لە 300 وەزیری حكوومەتە جیاوازەكان بەشداری تێدا دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل