كارتە هەرە بەهێزەكەی ئەمەریكا بەرانبەر بە عێراق چییە؟

:: PM:08:07:12/02/2024 ‌

لە ماوەی رابردوو گرووپە چەكدارەكانی عێراق ویستیان یاری لەگەڵ ئەمەریكا بكەن، بەڵام دەركەوت كە كارەكەیان وەك یاریكردنە بە ئاگر، كاتێك ئەمەریكا رووە گرژەكەی خۆی پێشانی ئەوان دا و ئێستە كەوتوونەتە هەڵوێستێكی شەرمەزارەوە، سیاسەتوانێكی عێراق باسی كارتەكانی ئەمەریكا لە دژی عێراق دەكات، دووپاتی دەكاتەوە كە عێراقییەكان لە دوایین كارتی ئەمەریكا تۆقیون.

بەم دواییە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ "بی بی سی"ی فارسی راشكاوانە دووپاتی كردەوە كە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق و تارانیش، پەیامێكی ئەمەریكییان پێ راگەیاندراوە، بەوەی ئەگەر لە هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەردەوام بن، دۆخەكە بەرەو شەڕ پەرە پێ دەدەن، ئێستەش ئەو گرووپانە تووشی كێشە بوونە و زۆرێك لە سەركردە سیاسییەكان باسی ئەوە دەكەن.

ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووتری نەینەوا و سیاسەتوانی عێراقی دەڵێت، ئەمەریكا زنجیرەیەكی دوورودرێژ كارتی گوشاری بۆ سەر سیستمی فەرمانڕەوا لە عێراق هەیە، كە لە رووی گرنگی و مەترسیدارییەوە جیاوازن، هەر لە مەترسیی كەسی بۆ سەر ژمارەیەك لە سەركردەكان، تا دەگاتە مەترسی بۆ سەر بەردەوامیی هەندێك لە دامەزراوەكان و كۆتایی بە مەترسی بۆ سەر تەواوی رژێم و سیستمی سیاسی و فەرمانڕەوایەتی لە عێراق دێت.  

روونی كردەوە، بابەتەكە پێوەست نییە بە محەمەد شیاع سوودانییەوە و ناوەستێتە سەر توانای لە سنوورداركردنی گرووپە چەكدارەكان یان نا، بەڵكو بابەتەكە پێوەندی بە ئاستی رژدیی ئەمەریكا هەیە لە ئەنجامدانی ئەو سنووداركردنە، ئێستە سیستمی فەرمانڕەوا لە عێراق دەیەوێ لەو بازنەیە یاری بكات و دۆخەكە نەگاتە دوایین كارتی ئەمەریكا، كە هەڕەشە دەخاتە سەر دۆخی عێراق، بۆیە پێشبینی دەكرێت بگرە و بەردەكە تا گەیشتن بە چارەسەرێكی قبووڵكراو بەردەوام بێت، بەمانایەكی تر ئەوەی دەیبینین گفتوگۆیە بە ئاگر بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل