"بەهێزیی پێگەی هەرێم لە دەرەوە وای كردووە بەغدا كار بۆ بچووككردنەوەی بكات"

:: PM:08:49:12/02/2024 ‌
 
لەوەتەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەركار بووە، دەستی بۆ هەموو بوارەكان برد، پلانەكانی بۆ بەسفڕكردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا، بەتایبەتی كێشە دارایی و نەوتییەكان دانا، دەستی ئاوەدانكردنەوەی گەیشتە هەموو شوێن و كەرتێكی ئەو هەرێمە، لە دەرەوەش رووێكی گەشیی دیپلۆماسی و دیموكراسی و بەیەكەوەژیان و شارستانی پێشان دا، ئەوانەش نەیارانی هەرێمیان لە ناوخۆ و دەرەوە تۆقاند، بۆیە یەكێك لەو چەكانەی ئێستە بەڕووی هەرێم بۆ لاوازكردنی ئاراستەكراوە، ئابووری و مووچەی فەرمانبەرانە.
 
لە بەرانبەر ئەوەی روودەدات، پەرلەمانتارێكی عێراق پێی وایە ئەو بەهێزی و رۆڵ و پێگەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دانیشتنی لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان، وای كردووە بەغدا لە ناوخۆ هەموو هەوڵێك بدات بۆ لێدان لە قەوارەی هەرێم، دووپاتی دەكاتەوە كە بەغدا هیچكات ناتوانێت بچووكترین زیان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت.

نەجوا كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی وای كردووە بەغدا كار بۆ بچووككردنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات، بەهێزیی پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوچەكەدا، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بەغدا تەنیا لە چوارچێوەییەكی نەزەری لەو بابەتە كار دەكەن و ناتوانن بەشێوەی كرداری دەست بۆ قەوارەی هەرێم درێژ بكەن، واتە تەنیا قسە و هەندێك گوشار دەكەن.

زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان لە هەموو دنیا ناسراوە و قەوارەیەكی دەستووری و یاساییە، بۆیە هیچ كەسێك ناتوانێت لە پێگەی ئەو قەوارە كەم بكاتەوە، ئەوەشی بەغدا بە مووچە گرتوویەتی و دەیەوێ بەوجۆرە لە پێگەی هەرێم بدات، ئەوە شتێكی كاتییە و لە كۆتاییدا بۆ بەغدا دەردەكەوێت كە هەرێمی كوردستان خاوەنی چ بەهێزییەكە و چ رۆڵێكی گرنگی لە دەرەوە هەیە، بۆیە هەرێمی كوردستان فیدراڵییە و ئەو دۆخە بەوجۆرە بەردەوام نابێت.

"حكوومەتی عێراق ئەگەر لە بابەتێكدا كێشەی هەبێت ئەویش نامێنێت و دەڕوات، بەڵام هەرێم هەر بەوجۆرە لە بەهێزیدا دەمێنێتەوە، هەركاتێك بابەتێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ هەرێم دروست بكرێت، هەموو لایەنە كوردییەكان لە بەغدا دەست لەناو دەست دژی دەوەستنەوە"، نەجوا كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وا دەڵێت.

لای خۆیەوە محەمەد رەنگێنەیی، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، ئەوەی ناوی لێ نراوە دیموكراسی و پێكەوەژیان، لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بەسەر عێراق فەرز كراوە، بۆیە شتێكی خۆرسك نییە و خەڵكی عێراق خواستیان نییە پێكەوەژیان لەنێوان كورد و عەرەب هەبێت، ئەوەش روونە ئەوەی لە عێراق دەسەڵاتی هەیە كۆمەڵێك گرووپن،  ئەگەر پێشتر لە عێراق هاووڵاتییانی كوردستان بە پلە دوو سەیر دەكران، ئێستە بە پلە چواریش سەیر ناكرێن، بۆیە ئەمە دیدی دەسەڵاتی عێراقە بۆ هەرێمی كوردستان، هەموو خەیاڵی بەغدا لای ئەوەیە چۆن كورد كەم بكەنەوە و قەوارەكەی لاواز بكەن.
ئاماژەی كرد، ئەوان نایانەوێ كورد نیوچە سەربەخۆیی هەبێت، بۆیە ئەوانەی چەپڵەیان بۆ عێراق و دەسەڵاتی عێراق لێ دەدا، نە لە مێژوو شارەزان نە لە سیاسەت، ئێستە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدت دەكرێت و پێوەندی لەگەڵ دەبەسترێت، ئەمەش زۆر گرنگە كە كوردستان خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە و ئەو پێوەندییانەش كاریگەرییان لەسەر ئایندەی كوردستان دەبێت.

پێوەست بەو پرسە محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان مەرجەعێكی گەورە سەرپەرشتی دەكات كە سەرۆك بارزانییە، ئەو شەو و رۆژی خستووەتە سەر یەك تا هیچ ناحەزێك دەستی بە كوردستان نەگات، هەروەها خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، وای كردووە پێگەی كوردستان وەك خۆی بمێنێتەوە و مل بۆ هیچ كەس و وڵاتێك نەدات.

ئاماژەی كرد، بەغدا ناتوانێت سیاسەتێك لەگەڵ هەرێم پێڕەو بكات كە لە كۆتاییدا بە خراپ بەسەر خۆیدا دەشكێتەوە و ناتوانێت هەرێم بێ دەسەڵات بكات، هاوكات بەغدا هی ئەوە نییە كە هەرێم پشتی پێ ببەستێت و لە ناوخۆش ئەوانەی هەوڵ بۆ بەغدا دەدەن، لە كۆتاییدا لە هەموو شت تێدەگەن.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل