حكوومەتی ئەمەریكا دەستبەسەردا گرتنی فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئێرانی راگەیاند

:: PM:11:59:12/02/2024 ‌
ئەمڕۆ حكوومەتی ئەمەریكا رای گەیاند كە فڕۆكەیەكی بار هەڵگری سەر بە سوپای پاسداران لەلایەن ئەرجەنتینەوە رادەستی ئەمەریكا كراوە، ئاماژەی بەوەیش كردووە كە فڕۆكەكە دوای رادەستكردنی لەلایەن ئەرجەنتینەوە، ئەمڕۆ گەیشتووەتە ویلایەتی فلۆریدا. 

ئەمڕۆ دووشەم 12ی شوباتی 2024،  ئەمەریكا رای گەیاند كە لەلایەن ئەرجەنتینەوە فڕۆكەی بارهەڵگر لە جۆری بۆینگ 747ی را دەست كراوە و لای خۆشییەوە ئاژانسی فەرمی وڵاتی ئێران " ئیرنا" رای گەیاند ئەوەی ئەمەریكا كردوویەتی دزیەكی ئاشكرایە

بەپێی ئاژانسی "ئێرنا" ئەم فڕۆكەیە پێش دوو ساڵ بە لە كۆمپانیای "ماهان ئێر"ـەوە بە كۆمپانیای "ئێمتراسور" كە كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی بارهەڵگری ڤەنزویلییە فرۆشرا بوو. 

لای خۆشییانەوە بەرپرسانی ئەمەریكی رایان گەیاند كە ئەم فرۆشتنە بێ مۆڵەتی حكوومەتی ئەمەریكا ئەنجام دراوە و پێشێلی یاساكانی كۆنترۆڵی هەناردەكردنی وڵاتەكە بووە و سوودی بۆ ئێران هەبووە. 

"ماتیۆ ئۆڵسن" یاریدەدەری داواكاری گشتی و بەرپرسی ئیدارەی ئاسایشی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا رای گەیاند، وەزارەتی داد پابەندە بە دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی تەواوی یاساكانی ئەمەریكا و رێگری كردن لە بریكارەكانی حكوومەتە دوژمنكارەكان لە ئەنجامدانی كردەوەی تێكدەرانە كە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیمان دەكەن. 

جێگەی ئاماژەیە لە حوزەیرانی 2022 لەلایەن ئەرجەنتینەوە دەستگیرا بەسەر فڕۆكە ئێرانییەكە و بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمەریكی ئەمڕۆ بە فەرمی فڕۆكەكە لەلایەن ئەرجەنتینەوە رادەستی ئەمەریكا كراوە. 

وەزارەتی دادی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تا ئێستە تەنیا ئەوەی لەبارەی فڕۆكە ئێرانییەكە راگەیاندووە كە ئامادە كراوە بۆ "هەڵوەشاندنەوە - سیكراب" كردن و وردەكاری زیاتریشی نەخستووەتە ڕوو.


وشە - پۆڵا مەحموود