29 ڕۆژە چارەنووسی میشێل نادیارە

:: AM:08:54:13/02/2024 ‌
29  ڕۆژ بەسەر هێرشەكەی سەر هەولێر لەلایەن ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستە چارەنووسی میشێل كە خزمەتگوزارێكی ماڵەكە بوو بە نادیاری ماوەتەوە.

29  ڕۆژ پێش ئێستە هێرشی مووشەكی لەلایەن ئێرانەوە كرایە سەر ماڵێك لە هەولێر، چوار كەس شەهید بوون و چەند كەسێك بریندار بوون، تا ئێستە ئەوەی ماوە تەرمی میشێل دیار نەماوە، دواتر بەرپرسانی بەرگریی شارستانی رایان گەیاند، چەند پارچەیەك هەبوو نێراوە بۆ پزیشكی دادی بەمەبەستی پشكنین.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی شوبات، كاروان میراودەلی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ وەرگرتنی ئەنجامی كۆتایی، چاوەڕوانی پزیشكی دادین كە بەچی گەیشتوون، ئەوانیش لە پشكنینەكانیان بۆ دی ئێن ئەی پاشماوەكان بەراوردكردنی لەگەڵ كەسوكارەی بەردەوامن.

باسی لەوەش كرد، پرۆسەكە زانستی و وردە، بۆیە چاوەڕوانین ئەوان خۆیان ئەنجامەكەی رابگەیەنن و بڵاوی بكەنەوە.

 دوای تەواوبوونی گەڕانەكان، لە ماوەی رابردوو كاروان میراودەلی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی، كۆتایی بە كارەكان هاتووە، ئەوەی هەیە سێ پارچە گۆشتمان رادەستی پزیشكی دادی كراوە و لێكۆڵینەوە دەكرێت.

سەعات 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی كانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران، زیاتر لە 10 مووشەكی بالیستیان ئاراستەی هەولێر كرد كە لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون. 

ئەو مووشەكانە لە ماڵی پێشڕەو دزەیی دا كە بووە هۆی گیان لە دەستدانی خۆی و چەند كەسێكی لە ماڵباتەكەی. 

سەرۆك بارزانی دوای هێرشەكە رای گەیاند، شەهیدكردنی خەڵكی سڤیل هیچ شانازییەكی تێدا نییە، دەتوانن بمانكوژن، بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ‌ بستێنن.


وشە - رامیار جەواد