سەرۆكی ئەركانی سوپای سوید بەخەڵكی وڵاتەكەی دەڵێت ئامادەبن بۆ جەنگ

:: AM:09:19:13/02/2024 ‌
میكایل بیدێن سەرۆكی ئەركانی سوپای سوید لە لێدوانێكدا ڕای گەیاند، دەبێت سوید خۆی بۆ ئەگەری جەنگ ئامادە بكات. لە پاش شەڕی جیهانی دووەمەوە بارودۆخی تەناهیی سوید هیچ كات وەك ئێستە ڕژد نەبووە.

لەدوای پەلاماری ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا، زۆربەی ئەو وڵاتانەی هاوسنوورن لەگەڵ ڕووسیا، ترسیان لێ نیشتووە نەك ئەو دۆخەی ئۆكراینا ئەوانیش بگرێتەوە، بۆیە سوید وەك وڵاتێكی هاوسنووری ڕووسیا لەو كاتەوە خۆی بۆ ئەگەری شەڕ ئامادە دەكات.

بە بۆچوونی میكایل بیدێن سەرۆكی ئەركانی سوپای سوید، ڕووسیا هەڕەشەی یەكەمە لەسەر سوید، ئەم گوتانەی جۆرێك لە دڵەڕاوكێی لای خەڵك دروست كرد، داخۆ ئەگەری ڕوودانی جەنگ هەیە؟

مولازم ڕەهێڵ ئازاد كە ئەفسەرێكی كوردە لە سوپای سوید، بۆ رادیۆی سوید بەشی كوردی قسەی كردووە و دەڵێت، شتێكی ئەوتۆ ڕووی نەداوە، بەڵام پەیامی سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ ئەوەیە خەڵك و كۆمەڵگە ئامادەبن ئەگەر جەنگ ڕووی دا.

سوید و فینلەند و وەك دوو وڵاتی ئەوروپی هاوسنووری ڕووسیا، چەندان ساڵە ڕووسیا وەك مەترسی بۆ سەر خاكی وڵاتەكەیان دەبینن، ئەمەش وایكردووە لە ئاستی جۆراوجۆردا خۆیان ئامادەی ئەو مەترسییە بكەن، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە فینلەند شاری گەورە لە ژێر زەوی بەهەموو پێداویستییەكانیەوە دروست دەكرێ تا كاتی جەنگ خەڵك لەناویدا بژین.



وشە - سۆران عەزیز