عەشیرەتی بەنی تەمیم: خوێنی سێ‌ كەسمان لەسەر بەرپرسانی سلێمانییە

:: AM:09:26:13/02/2024 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوژرانی دوو هاووڵاتیی عەرەب لە سلێمانی لەلایەن كەسێكی چەكدار كە باس لەوە دەكرێت لە سلكی سەربازیی ئەو سنوورە بووە و تا ئێستە نەگیراوە، عەشیرەتی تەمیم رای دەگەیەنێت خوێنی سێ‌ كەسمان لەسەر بەرپرسانی سلێمانییە.

دوابەدوای كوژرانی دوو كەسی بەڕەگەز عەرەب لە شاری سلێمانی لەلایەن كەسێكی دیار، كەسوكارەكەیان كە لە عەشیرەتی بەنی تەمیمن، پەیامێكیان بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنن كە لە خوێنی ڕۆڵەكانیان خۆ نابن.

ئەو عەشیرەتە رای دەگەیەنێ، راستە دوو كەسیان لێ‌ كوژراوە، بەڵام كەسێكی تریش بەهۆی ئەو رووداوە گیانی لە دەست داوە، ئەویش لە كاتی بیستنی هەواڵی‌ كوژرانی ئەو دوو كەسە، بۆ سلێمانی بەڕێ كەوتوون، یەكێك لە ئامۆزاكانی كوژراوەكە لە رێدا تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و گیانی لە دەست داوە.

ئەو عشیرەتە باسیان لەوەش كردووە، ئەو دوو هاووڵاتییەی لە سلێمانی كوژراون، هاوبەشی یەك بوون، یەكێكیان بەناوی جاسم فەهداوی خەڵكی ئەنبارە و ئەوی تریان ناوی لەیس ئەحمەد تەمیمییە. بە ناحەق كوژراون و خوێنیان ڕژاوە، ئێمە نامانەوێ بكوژ بگیرێت و لە سلێمانی دادگایی بكرێ،‌ بەڵكو بەشێوەیەكی فەرمی داوامان لە سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ كردووە دەبێـ ئەو كەسە بگوازرێتەوە بۆ دادگای بەغدا.

ئەوەشیان گوت تا گرتنی ئەو كەسە و رادەست نەكردنی، وەك عەشیرەتی بەنی تەمیم پرسەیان دانەناوە، دەڵێن غەدر قبووڵ ناكەن.


وشە - رامیار جەواد