ڕادیۆی سوید بەشەكانی چینی و كوردی و رووسی دادەخات

:: AM:09:35:13/02/2024 ‌
مانگی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رادیۆی سوید بڕیاری دا، بەشی كوردیی ڕادیۆكەی دابخات، لە بەرانبەردا ژمارەیەك چالاك داوای ڕاگرتنی ئەو بڕیارە دەكەن.

ژمارەیەك چالاكی كوردی دانیشووی سوید لەڕێی هەڵمەتێكەوە، داوا لە بەرپرسانی رادیۆی سویدن دەكەن لە بڕیارەكەیان بۆ داخستنی بەشی كوردی رادیۆكە پاشگەز ببنەوە.

لەبارەی هۆكاری داخستنی بەشی كوردیی رادیۆی سوید، "سیلا بینكۆ" بەرپرسی بەشی جێبەجێكاری ڕادیۆكە ئاماژە بەوە كردووە، بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتمان پێویستیمان بەوەیە پارێزگاری لە بەردەوامیی دامەزراوەكەمان بكەین، بۆیە ناچارین بەشەكانی چینی و كوردی و رووسی دابخەین، بەوەش دەبێت 100 فەرمانبەر لە كارەكانیان دوور بخرێنەوە.

لە بەرانبەردا لۆرین ئیبراهیم كە لە بەشی كوردیی كەناڵەكە كار دەكات ڕای گەیاندووە، لە كۆتایی مانگی داهاتوو بەشی كوردی دادەخرێت، ئەوەش دەبێتە شۆكێك بۆ گوێگرەكانمان لەو وڵاتە.

لە بەشێكی تری قسەكانی دووپاتی لەسەر ئەوەش كردەوە، بەشی كوردی سەرچاوەیەكی گرنگی هەواڵ بوو بۆ ڕەوندی كوردی لە سوید.

چەند چالاكێكی كورد هەڵمەتێكیان بە ناونیشانی "بەشی كوردیی رادیۆ سوید دامەخەن!" دەست پێ كردووە، لەڕێی ئیمێڵەوە دەتوانن بەشدار بن كە بۆ "سەركردایەتی و بڕیاردەرانی رادیۆی سوید" ڕەوانە دەكرێت.

شوان جوانمێری یەكێك لەو چالاكانەیە هاوكات لەگەڵ سێ چالاكی تری هاوڕێی، هەڵمەتەكەیان راگەیاندووە و ئاماژە بەوە دەكات، "ئێمە وەك ناڕەزایەتییەك پەیامی خۆمان بۆ بەرپرسانی رادیۆكە ناردووە، ئێستە لەڕێی كەمپینێكەوە داواكاریمان ئامادە كردووە و ئومێد دەكەین بە واژووكردن و بەشداربوون لە هەڵمەتەكە خەڵك پشتیوان بن، چونكە بە ئیمێڵ ئەو داواكارییانە بۆ بەرپرسانی رادیۆكە دەچێت.

رادیۆی سوید بە  14  زمان هەواڵ و بەرنامەكانی پەخش دەكات، لەوانە ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، ڕووسی، سۆماڵی، رۆمانی، كوردی  سۆرانی و كرمانجی. بەشی كوردیی رادیۆی سوید كە لە ساڵی  2001ـ  ەوە هەیە، بڕیارە لە كۆتایی مانگی داهاتوو رابگیرێت.



وشە - سۆران عەزیز