كەركووك.. توركمان پێشنیار دەكات و عەرەب بەدڵیەتی و كورد ڕەتی دەكاتەوە

:: AM:10:55:13/02/2024 ‌
بەرەی توركمانی پێشنیاری بۆ لایەنەكانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كردووە، پۆستی پارێزگار بەشێوەی خولی بۆ ماوەی دوو ساڵ لای كورد و توركمان و عەرەب بێت، كورد ئەم پێشنیارەی ڕەت كردووەتەوە و عەرەبیش پێیان باشە.

قەحتان وەنداوی جێگری سەرۆكی لقی كەركووكی بەرەی توركمانیی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، توركمان پێشنیازی كردووە ئیدارەدانی پارێزگای كەركووك بەشێوەی خولیی لە نێوان سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی پارێزگاكە بێت، بەڵام كورد ئەو پێشنیارەی رەت كردووەتەوە و عەرەبیش نەرمییان نواندووە.

دیلان غەفوور ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوە كردووە كە پۆستی پارێزگاری كەركووك، پشكی كوردە و سازشی لەسەر ناكەین، بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە، ڕاكان جبووری ناتوانێ ببێتەوە بە پارێزگار.

ئەو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە دەڵیـَت، "بەپێی یاسا پێویستە ئەو كەسەی ئەو پۆستە وەردەگرێت، تەمەنی لە 60 ساڵ زیاتر نەبێت، بەو پێیەش راكان جبووری بۆی نییە ببێتەوە بە پارێزگار، لایەنی كوردی هەموو ڕێككەوتنێكی عەرەبی-توركمانی بۆ كاندیدكردنی كەسایەتییەكی عەرەبی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ڕەت دەكەنەوە".


توركمانی كەركووك ئەمجارە بەهۆی ئەوەی دوو كورسییان هێناوە، ناتوانن پۆستی گرنگی ئەو شارە بەدەست بێنن، كەوتوونەتە پێشنیاركردن تا لەناو ئەو رێككەوتنە سیاسییانە، وەك لایەنی كوردی و عەرەبی مافیان هەبێت.
 



وشە - سۆران عەزیز