كوێخا دێرین: زیاتر لە 200 ماڵی عوزێری لە ئیسرائیلن و پێوەندیمان لەگەڵیان هەیە

:: AM:11:57:13/02/2024 ‌
رووخاندن و تەقاندنەوەی بەشەكانی قەڵاكەی كوێخا دێرین عوزێری لە سنووری سلێمانی بەردەوامە، ئاسایشی سلێمانی رای گەیاند، بە تۆمەتی وەرگرتنی سەرانە لە بازرگانان و برینداركردنی بازرگانێك، فەرمانی گرتن بۆ كوێخا دێرین عوزێری دەركراوە و دیوەخانی سەر قەڵای عوزێریش رووخێنرا.

كوێخا دێرین كە پێشتر لەناو هێزەكانی یەكێتی بووە، بەبەرچاوی بەرپرسانی یەكێتی ئەو كارانەی كردووە، كەناڵێكی دیجیتاڵیی هەبووە ڕۆژانە كەسێك گفتوگۆی لەسەر عەشیرەتی عوزێری و رۆڵی كوێخا دەكات، دێرین لە یەك لەو گفتوگۆیانەیدا دەڵێـت، زیاتر لە 200 ماڵی عوزێری لە ئیسرائیل هەن و خەریكین كۆنتاكیان لەگەڵ دەكەین، بەوەشەوە ناوەستێ دەڵێت، یەكێك لە گەورەترین ڕۆژنامەنووسەكانی ئیسرائیل عوزێرییە.
 
دوای رووخانی دیوەخانەكەی، تەقاندنەوەی بەشەكانی تری ئەو قەڵایە بەردەوامە، هەر ئەمڕۆ بەرپرسێكی باڵای ئاسایشی سلێمانی ڕای گەیاند، تا ئێستە كوێخا دێرین عوزێری نەگیراوە.

كوێخا دێرین فەرماندەیەكی‌ پێشمەرگە بووە لە چوارچێوەی‌ یەكەی‌ 70ی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە و سەربە باڵی‌ كۆسرەت رەسووڵ بووە، بەگوێرەی‌ زانیارییەكانی ‌" وشە"، تەواوی‌ هێزەكەی‌ كە ئەوانەی‌ لە دەوام بوون، لەگەڵی‌ رۆیشتوون كە ژمارەیان زیاتر لە 200 كەسە، بەڵام دیار نییە بۆ كوێ‌ چوون.




وشە - سۆران عەزیز