فیلمی تاقیگەی ژمارە 2 لە هەولێر پێشان دەدرێ

:: PM:12:02:13/02/2024 ‌
بڕیارە رۆژی سێشەمی داهاتوو، فیلمی "تاقیگەی ژمارە 2" لە گۆشەی ئەمەریکی زانکۆی کوردستان-هەولێر پێشان بدرێت، دۆستانی سینەما دەتوانن لە ڕێگەی خۆتۆمارکردنی پێشوەختەوە لە بینینی فیلمەكەدا بەشدار بن.

بەڵگەفیلمی ''تاقیگەی ژمارە 2'' له نووسینی ڕامیار مەحموودە و کاری دەرهێنان و سیناریۆی لە لایەن ئیدریس عەبدی و ئاوارە عومەرەوە بۆ کراوە، فیلمەکە بەرهەمی هاوبەشی کۆمپانیای لامیدیایە و لە پۆلی فیلمە تراجیدییەکانە، تاقیگەی ژمارە 2 دەتباتە ناو ژیانی کەسێک بە ناوی ''حەمەتۆفیق''، کە 14 ساڵ لە بەشی توێکاری زانکۆی پزیشکی سلێمانی کاری کردووە. 

ئەو ئەزموونەی حەمەتۆفیق پێیدا تێپەڕیوە، وای لێ دەکات بە قووڵی بیر لە فەنابوونی خۆی بکاتەوە. ئەمە لە ڕاگەیەنراوی ناساندنی فیلەمەكەدا هاتووە كە زانكۆی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە.

ئیدریس عەبدی دەرهێنەری فیلمەکە، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فیلمەکە لە 50 فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی پلە یەک بەشداری کردووە و گەیشتووەتە قۆناغی پێش کۆتایی و نزیک بووەتەوە لە بەشداریی کێبڕکێ لەسەر ئاستی خەڵاتەکانی ئۆسکار. ئاماژەی دا، "بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلمەکە لە ئەستۆی کۆمپانیای ''رێتاو''ە و تا ئێستە 12 خەڵاتی جیهانی بەدەست هێناوە".

عەبدی ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە بەڵگەفیلمەکە لە 30یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کامێرا ئیمەیج هەڵبژێردراوە و لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا کێبڕکێی کردووە، کە فێستیڤاڵەکە بە ئۆسکاری وێنەگرانی سینەمایی دەناسرێت.

لە فیلمەکەدا کارەکتەری حەمەتۆفیق لەگەڵ ئەو لاشەیەدا تێکەڵ دەبێت کە مردووە و لە بەشی توێکاری زانکۆی پزیشکی سلێمانی کاری لەسەر دەکات، بەهۆی ڕۆچوون و لێکۆڵینەوەکانی لە لاشە مردووەکە، حەمەتۆفیق دەگاتە بارودۆخێک کە پێوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ مردووەکە دەبەستێت، سەرەڕای ئەوەی خۆی زیندووە و لاشەکە ڕۆحی تێدا نەماوە.

بەڵگەفیلمیەکە بە درشتی ژیانی حەمەتۆفیق دەگێڕێتەوە و دەردەكەوێت كە دواتر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە لاشە مردووەکەی هاورێی، مانایەکی نوێ بۆ ژیان دەدۆزێتەوە و لەو ڕێگەیەوە دەگاتە پەیبردن بەوەی لە دوای ئەم ژیانە، چی لەپێشە.

نمایشکردنی فیلم: تاقیگەی ژمارە 2
ڕێکەوت: سێشەممە، 20ی شوباتی 2024


وشە - ئارا هێمن