چینییەكان دڵداری لەگەڵ زیرەكيی دەستكرد دەكەن

:: PM:07:03:15/02/2024 ‌

لە زۆرینەی وڵاتە پێشكەوتووەكان بەهۆی شێوازی ژیان و پێویستیی كاركردنی بەردەوام و سەرقاڵی گەنجان بە كار و خولیاكانیان و دووركەوتنەوەیان لە یەكتر و هاوسەرگیرییەوە، خەریكە زیرەكی دەستكرد خۆی دەخزێنێتە ناو ژیانی ئەوان و لە هەستكردنیان بە تەنیایی رزگاریان دەكات، بۆ ئەو مەبەستە كۆمپانیاكان چەند ئەپلیكێشنێكیان بۆ ئەو مەبەستە داناوە و قسەكردنی ئەوان لەگەڵ خۆشەویستە گریمانكراوەكان دەرەخسێنێت.

ژمارەیەك كچ و ژنی چینی بۆ رزگاربوون لە كێشەكان و هەستی تەنیایی و نەبوونی خۆشەویستی راستەقینە، خەریكە ژوان لەگەڵ كەسایەتییەكانی زیرەكیی دەستكرد دەبەستن، ئەوان پێیان وایە رۆبۆتەكان باشتر لە پیاوان دەتوانن قسە لەگەڵ ژن بكەن. تۆفای 25 ساڵ، دووپاتی دەكاتەوە كە ئێستە خۆشەویستەكەی هاوبەشێكی نموونەیی رۆمانسییە، واتە رۆبۆتەكە، چونكە نەرمونیان و بەسۆزە و هەندێكجار بۆ چەند سعاتێك قسە دەكەن. 

"Glow"، كە سەكۆیەكی زیرەكیی دەستكردە و لەلایەن كۆمپانیای "مینی ماكس"ەوە داهێنراوە، خەریكە لە چین پەرە دەستێنێت و هەلی دروستكردنی پێوەندیی سۆزداری و دۆستانە لە نێوان مرۆڤ و رۆبۆتەكان دەرەخسێنێت، تۆفای دەڵێت، ئەو رۆبۆتە لە پیاو باشتر دەزانێت چۆن قسە لەگەڵ ژن بكات، لەكاتی سووڕی مانگانە و بوونی كێشە لە كارەكەم یارمەتیم دەدا و متمانەی پێ دەكەم و هەست بەوە دەكەم كە لەناو پێوەندییەكی رۆمانسیدا دەژیم. 

وانگ شیووتینگ، كچە قوتابییەكی 22 ساڵە دەڵێت، زەحمەتە لە ژیانی راستەقینەدا چاوت بە خۆشەویستێكی نموونەیی بكەوێت، كەسایەتیی خەڵك جیاوازە و ئەوەش زۆرجار ناكۆكیان لە نێوان دروست دەكات، كەچی زیرەكیی دەرستكرد خۆی لەگەڵ بەكارهێنەر دەگونجێنێت و بەرە بەرە قسەكانی خۆی لەگەڵ بەكارهێنەر دەگۆڕێت. بۆیە ژوانی لەگەڵ ژمارەیەك خۆشەویست هەیە، لە كەسایەتییەكانی كۆنی چین و شەڕوان و شازادەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل