دیندار زێباری: ئەمەریكا خۆشحاڵە بە بەرەوپێشچوونی ئازادیی رۆژنامەوانی لە هەرێم

:: PM:08:22:15/02/2024 ‌

لە ماوەی رابردوودا كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر رای گەیاند كە واشنتن خۆشحاڵە بە كەمبوونەوەی بەرچاوی پێشێلكارییەكانی ئازادیی راگەیاندن و پشتیوانی لە ژینگەیەك دەكات كە تیایدا رۆژنامەوانان بتوانن ئازادانە كاری خۆیان بكەن.

د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمبارەوە دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوو كونسوڵگەی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، لە راگەیەندراوێك سەبارەت بە رەوشی ئازادیی رادەربڕین رای گەیاند كە ئەمەریكا خۆشحاڵە بە بەرەوپێشچوونی ئاستی ئازادیی كاری رۆژنامەنووسی لە هەرێم. 

لەلایەكی ترەوە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، رێكخراوی پەیامنێر بۆ ماف و گەشەپێدان و چەند رێكخراوی تریش، رایان گەیاند كە ئاستی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

پێشتریش كۆمیسۆنی ئازادییە ئاینییەكان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ئاماژەی بەوە كردبوو كە بەپێی یاسا لە هەرێمی كوردستان گوتاری ئاینی و سیاسی لە میدیاكان رێكخراوە و بوونیان بەهۆی رق و توندوتیژی و تیرۆر و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای ئیتنی و ئاینی یان زمان قەدەغەیە.

زێباری روونی كردەوە، پێشوازی لەم هەڵوێست و راگەیەندراوانە دەكەین و بەرزیان دەنرخێنین، كابینەی حكوومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لە پرسی ئازادی كاری رۆژنامەنووسی و رادەربڕین دەڕوانێت و وەك یەكێك لە مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤی دەزانێت و كار بۆ ئەوە دەكات پەرەی زیاتر بەم بوارە بدرێت، لە میانەی جێبەجێكردنی ئەو راسپاردانەی لە بەشی شەشەمی پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ (2021-2025)دا هاتووە، تایبەت بە ئازادیی رادەربڕین و كاری رۆژنامەنووسی، كۆمەڵێك رێكارمان بۆ لایەنە پێوەندیدارەكان ئامادە كردووە، مەبەست لەم رێكارانە پتەوكردنی ئەو كەشەی ئازادەی بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاكان فەراهەم كراوە، تا بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی ئەركی رۆژنامەگەریدا كاری خۆیان ئەنجام بدەن و هاوكاریی حكوومەت بن بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان.

لە بارەی گرنگیی رێكارەكان زێباری دووپاتی كردەوە، ئەم رێكارانە لە بەرژەوەندیی رۆژنامەنووسان و دەزگەكانی راگەیاندن بوو، بەتایبەتی جێبەجێكردنی یاسای كاری رۆژنامەنووسی، هەمواركردنی یاساكە ئەگەر پێویست بوو، میكانیزمی لێپێچینەوە لە بوونی  پێشێلكاری لەبارەی ئازادی رادەربڕین، خێراكردنی پرۆسەی پێدانی زانیاری لەلایەن داودەزگە فەرمییەكان، خێراكردنی پرۆسەی یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانی رۆژنامەگەری، جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و چەند رێوشوێنێكی تر.

 لەگەڵ رۆژنامەنووس و میدیاكان و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم لە پێوەندی بەردەوامدا بووین بۆ جێبەجێكردنیان بە باشترین شێوە، لایەنەكانیش هەوڵیان داوە بەپێی توانا و یاسا بەركار و رێنماییەكان ئەم رێكارانە جێبەجێ بكەن، لە هەمان كاتدا لایەنە نێودەوڵەتییەكان، ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانیش هاوكار  و ئاگاداری ئەم هەوڵانە بوون.

سەبارەت بە بەرەوپێشچوون لە جێبەجێكردنی راسپاردەكان زێباری گوتی، لە پلانی حكوومەتی هەرێم بۆ مافەكانی مرۆڤ (11) راسپاردە تایبەتن  بە ئازادیی رۆژنامەنووسی، دوای ئامادەكردنی ئەو رێكارانە و بەپێی راپۆرتی بەراوردكاری نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە نێوان ساڵانی 2022 و 2023 رێژەی جێبەجێكردنی راسپاردەكان بەم شێوەیە بوو:

 لە ساڵی 2022 تەنیا  یەك راسپاردە جێبەجێ كراوە و پێنج راسپاردە جێبەجێ نەكرابوون، پێنج راسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێكردندا بوون.

لە ساڵی 2023، حەوت راسپاردە جێبەجێ كراون و یەك راسپاردەش جێبەجێ نەكراوە و سێ راسپاردە لە قۆناغی جێبەجێكردندا بوون.

بەم پێیە جێبەجێكردنی راسپاردەكانی بواری ئازادیی رۆژنامەگەری لە پرۆسەی جێبەجێكردنی پلانەكە، بە رێژەی زیاتر لە 70% زیادی كردووە و راگەیاندراوی رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی رۆژنامەنووسی گەواهیدەری ئەم پێشكەوتنەن، ئەمەش نیشانەی پەرەپێدانی ئازادیی كاری رۆژنامەنووسی و پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان و گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمە بەم پرسە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل