"ئەم رووداوانەی لە سلێمانی روودەدەن هەمووی ململانێی پۆست و دەسەڵاتە"

:: PM:11:32:15/02/2024 ‌

لە چەند رۆژی رابردوودا هێزێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناكاو هەڵی كوتایە سەر ماڵی بەرپرسێكی سەربازیی حزبەكە بەناوی دێرین عوزێری، بە تۆمەتی زیادەڕۆیی و سەرانەوەرگرتن لە بازرگانان خانوو و دیوەخانەكەیان رووخاند و تەقاندییانەوە، جیا لەوەی شارەزایان وا باسی رووداوەكەیان كرد كە بۆ سەلماندنی هێز و بانگەشەی هەڵبژاردنە، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە تەواوی ئەم رووداوانەی لە سلێمانی روودەدەن، بە دیوێكی تری ململانێی پۆست و دەسەڵاتە. 

لەمبارەیەوە كاوە ئەحمەد، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی یەكێتی، بەتەواوی تێدەگەین كە هەر لە دامەزراندنییەوە پڕ بووە لە یەكترسڕینەوە و راماڵینی یەكتر و شەڕ و قەیران و ململانێ لەسەر پۆست و دەسەڵات، بۆیە تەواوی ئەم رووداوانەی كە لە سلێمانی روودەدەن هەمووی ململانێی پۆست و دەسەڵاتە.

روونی كردەوە، یەكێتی بەناوی فرەجەمسەری و ئازادیی رادەربڕینەوە، رەوایەتی بە هەموو كارێكی خراپ و ناپەسەند و ناقۆڵا داوە، هاوكات میدیاكانی خۆشیان خستووەتە كار كە گوایە ئازادی و دیموكراسی لە سنووری سلێمانی هەیە و لەژێر پەردەی ئەمەدا كار بۆ تێكدانی دۆخی كوردستان و لاوازكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، رووخاندنی ئەو ماڵ و حاڵە بەوجۆرە ناشیرنە، بەتەواوی داونەریتی بەعسی زیندوو كردەوە، تا دوا سنوور كارێكی ملهوڕانە و دیكتاتۆرییانەیە و درێژەی ئەو سیاسەتەیە كە بافڵ تاڵەبانی پێڕەوی دەكات و دەیەوێ لەو ڕێیەوە خۆی زیاتر بسەپێنێت و چاوترسێنی خەڵك و بەرپرسانی حزبەكەی بكات، بەڵام ئەمە كاتییە و كۆتایی بەم سووكایەتییە بە خەڵكی سلێمانی و هاووڵاتییانی دێت.

"ئەوەی جێی نیگەرانییە پەلاماردانی ژن و مناڵ و ماڵ و حاڵ و  سامانی خەڵكی بوو، بێ گوێدانە هیچ یاسا و پێودانگێكی مرۆی و مۆڕاڵی، دوور لە هەموو بەهاكان و كاڵفامانە و مافایا ئاسا تەقاندنەوەی ئەو ماڵە، كە دەكرا بۆ زۆر بواری تر سوودی لێ ببینرێت، هەروەها نەبوونی یاسا و حكوومەت و پارێزگار و شارەوانی و چەند داودەزگەی حكوومەت كە لەم بابەتەدا حیساب بۆ هیچیان نەكرا، بۆیە خەڵكی چۆن ئومێدی پێ هەڵدەچنن و متمانەی پێ دەكەن"، كاوە ئەحمەد نووسەر و چاودێری سیاسی وای گوت.

لای خۆیەوە سامان فارس، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت پاشاگەردانییەكی تەواوە، ئەگینا چۆن دەكرێت سەرۆكی حزبێك لەبری دادگە بڕیار بدات و رق و كینەی  خۆی بەسەر ماڵ و منداڵ و خەڵك بڕژێنێت، بۆیە تاڵانكردن و رووخاندنی ماڵی بەناو تۆمەتبارێك پێش یەكلاكردنەوەی كەیسەكەی،  پێشێلكردنی سەروەریی یاسایە.

روونی كردەوە، ئەم جۆرە رەفتارەی سەرۆكی یەكێتی، ترسی لە دڵی تەواوی هاووڵاتییان دروست كردووە، دواجار ئەو حزبە وەفای بۆ بنەماڵەی شەهیدانی خۆی نەبێت، ئیتر هاووڵاتییەكی ئاسایی چۆن ماڵ و حاڵی لەژێر حكوومی ئەواندا پارێزراو دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا ئەو كەسانە هەر بە پاڵپشتی و هێزی ئەوان سەرانە و تەعدایان لەهاوڵاتیان كردووە، بۆیە خێرە ئەوكاتە رێگرییان لێ نەكراوە، بەڵام ئێستە بەوجۆرە روبەڕوی تۆمەتبارێك دەبنەوە كە هێشتا دادوەر كەیسەكەی نەدیوە، بەڵام تۆ وەك حزبێك ئەو مافە بەخۆت بدەی لە بری دادگە بڕیار بدەیت، بەداخەوە ئەم جۆرە كارانە بەس لە سلێمانی دەبینرێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت