هەنگاوەکانی یەکێتی لە سلێمانی جگە لە موزایدەی هەڵبژاردن هیچ شتێکی تر نین

:: PM:02:45:16/02/2024 ‌
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌ستی كردووه‌ به‌ موزایه‌ده‌ و چه‌واشه‌كارى و ده‌یه‌وێت به‌ خه‌ڵك بڵێت، حزبێكم له‌ چوارچێوه‌ى یاسادا كار ده‌كه‌م و ئه‌وانه‌شى له‌ یاسا ده‌رچوون ده‌ستگیر ده‌كرێن و رێگرییان لێ ده‌كرێت و رێگه‌ نادرێ ببنه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى هاووڵاتییان. هاووڵاتییان و چاودێران، پێیان وایە ئه‌وه‌ى یه‌كێتى ده‌یكات بانگه‌شه‌ى پێشوه‌خته‌ى هه‌ڵبژاردنه‌، چونكه‌ حزبه‌كه‌ ئه‌گه‌رچى له‌ كابینه‌ى نۆ له‌ ناو حكوومه‌ت به‌شداربووه‌ و چه‌ندین پۆست و پله‌ى باڵاى هه‌بووه‌، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیووه‌ خزمه‌تى خه‌ڵك بكات، به‌ڵكو گرفتیشى بۆ خه‌ڵك دروستكردووه.

هیوا ره‌شید، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئه‌وه‌ى یه‌كێتى چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌ستى داوه‌تێ، فرۆشتنه‌وه‌ى كاره‌كانى پێشووى خۆیه‌تى به‌ خه‌ڵك، به‌ڵام به‌ جۆرێكى تر و به‌ پاڵه‌وانكردنى حزبه‌كه‌یه‌ له‌به‌رچاوى خه‌ڵكى، له‌كاتێكدا هه‌مووان باش ده‌زانن ئه‌وه‌ى یه‌كێتى ده‌یكات بانگه‌شه‌ى پێشوه‌ختى هه‌ڵبژاردنه‌، یه‌كێتى هیچ ده‌ستكه‌وتێكى نییه‌ بۆ خه‌ڵكى خۆى و بۆ هاووڵاتییان به‌گشتى بۆیه‌ ناچاره‌ هه‌ندێ سناریۆ و هه‌ندێ كار بكات تا دوایی به‌ خه‌ڵكیان بفرۆشێته‌وه‌ و بیكاته‌ ئامرازێك بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن.

ئەو هه‌روه‌ها گوتى، حزبێك چوار ساڵ زیاتر له‌ حكوومه‌ت بووبوێت و هیچ ده‌ستكه‌وتى نه‌بێت، به‌ هه‌ندێ كارى تر متمانه‌ لاى خه‌ڵك دروست بكات ئه‌مه‌ چ حزبێكه‌ كه‌هیچ شانازییه‌كى نه‌بێت، یان هه‌ر فریاى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى كه‌وتووه‌، ئه‌وان هیچ كارێكیان بۆ خه‌ڵك نه‌كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ سنوورى سلێمان رێگرییان له‌ حكوومه‌ت ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى كار و پرۆژه‌ وپلانه‌كانى خۆی له‌ سنووره‌كه‌ جێبه‌جێ بكات.

پێشتر به‌ بانگه‌شه‌ى داخستنى باڕه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئێستەیش به‌بابه‌تى رێگریكردن له‌ كه‌سانى نایاسایی، یه‌كێتى ده‌ستی كردووه‌ به‌ هه‌ڵمه‌تێك كه‌ هیچ كات كاره‌كه‌ بۆ خزمه‌تكردنى خه‌ڵك نییه‌ و ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌شى بابه‌تى ته‌سفیه‌ى ناو حزبه‌كهی ‌بێت و جارێكى تر كه‌سانێك له‌و حزبه‌ دوور بخرێنه‌وه‌ كه‌ نایانه‌وێت پابه‌ندى پلان و بڕیاره‌كانى حزب بن، به‌ گوته‌ى حزبه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت رێگرى له‌ كه‌سانێك بكه‌ن كه‌ له‌یاسا ده‌رچوون، له‌كاتێكدا سلێمانى چه‌ندان دۆسیەی ترى نایاسایی هه‌یه‌ و پێشتر په‌رله‌مانتاران ئاشكرایان كردووه‌.

هاووڵاتییان پێیان وایه‌، ئه‌و كارانه‌ى یه‌كێتى له‌ رابردوودا كردى گوماناوین و ره‌نگه‌ ئامانجه‌كه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بووبێت، ئه‌گه‌رنا بۆچى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ رێگر نه‌بوون له‌ دروستكردنى قه‌ڵا و دیوه‌خانه‌كه‌، بۆچى ریگه ‌درا دروست بكرێت و دواتریش بڕووخێنرێت.

كاروان یوسف، هاووڵاتیی به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، هه‌وڵه‌كانى ئه‌مدواییه‌ى یه‌كێتى هیچ له‌ هه‌وڵى ناچن و زیاتر گوماناوین و بابه‌تهکە‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كى تره‌ نه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌وان باسى ده‌كه‌ن گوایه‌ كارى نایاسایی و شتى تر، ئه‌گه‌ر كارى نایاساییه‌ پێویسته‌ هه‌ڵمه‌تبكرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو كاره‌كانى تر کە به‌نایاسایی كراون بڕووخێنرێن، هه‌مووان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن یاسا جێبه‌جێ بكرێت به‌ڵام نه‌ك بۆ دووان هه‌بێت و بۆ پێنج نه‌بێت، بابه‌ته‌كه‌ گشتگیر بێت باشه‌ نه‌ك شتى تر.

سه‌ردار ئه‌حمه‌د، هاووڵاتیی نووسیویه‌تى، ئه‌گه‌ر بابه‌تى رووخاندنى قه‌ڵاكه‌ به‌هۆى بابه‌تى نایاساییه‌، ئه‌وه‌ شتى نایاسایی تر زۆره‌ و پێویسته‌ ئه‌وانیش بڕووخێنرێن و نه‌هێڵدرێن و نه‌ك ته‌نیا ئامانجه‌كه‌ هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندى بێت، پێویسته‌ قه‌ڵاكانى تریش لاببرێن.


وشه‌/ تایبه‌ت



وشە - تایبه‌ت