شارەزایەكی ئابووری: سلێمانییەكان باش دەزانن پارێزگەكەیان بۆچی وای لێ هاتووە

:: PM:09:11:17/02/2024 ‌

یەكێتی با لە بری تەخشان و پەخشانی داهاتی سلێمانی كە لە دژایەتیكردنی حكوومەت بەكاری دەهێنێت و لە بری دروستكردنی كەسانی سەرانەوەرگر و چەندین كاری تر، باشترە ئەو داهاتە بۆ حكوومەت و خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە، یان لانی كەم خۆیان خزمەتی شارەكەی پێ بكەن، ئەوكات حكوومەت ئەو هەوڵەیان بەرز دەنرخێنێت، شارەزایان دەڵێن، داهاتی سلێمانی هی خەڵكە و یەكێتی خۆیەتی كە ستەم لە سلێمانی و خەڵكەكەی دەكات.

رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، هەموو یەكێتی باش لەوە تێگەیشتوون كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەتێكی خزمەتگوزارە و لەگەڵ ئاوەدانی و ئاوەدانكردنەوە و خزمەتكردندایە، سیاسەتی كابینەی نۆ ئەوەیە دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە هەموو ناوچەكان و بەبێ جیاوازی خزمەت بكات، یەكێتی ئەوەی بیر چوو كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كابینەكەوە، سەرۆكی حكوومەت فەرمانی كرد كە لە هەموو دەروازەكان هێزی تایبەت بۆ رێگریكردن لە قاچاخی و كاری نایاسایی دابنرێت، بەڵام یەكێتی گوتی ئەو كارە ناكرێ و ناردنی هێز بۆ سنوورەكان دروستبوونی شەڕی لێ دەكەوێتەوە.

باسی لەوەش كرد، یەكێتی با بڵێت داهاتی ئەو هەموو مەرزەی سلێمانی، كە شەش حەوت مەرزە بە فەرمی و نافەرمی چی لێ دێت، نەوت دەفرۆشرێت، بەڵام خزمەتی سلێمانی كوا؟، ئەو هەموو پڕۆژە لە سلێمانی وەستاوە، با بەشێك لەو داهاتە بۆ رێگەی دوسایدی دەربەندیخان-كەلار بێت، بۆیە ئەوە یەكێتییە ستەم لە سلێمانی دەكات، ئەوانن رێگری لە چاكسازی دەكەن، خەڵك هەولێر و دهۆكی بینیوە و سلێمانیشی بینیوە، با ئەوان خزمەتی سنوورەكە بكەن، دوایی با قسە لەسەر حكوومەت بكەن.

لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، لای هەمووان ئاشكرایە كە پارێزگەی سلێمانی خاوەن داهاتێكی زۆری مانگانەیە، چونكە جگە لە دوو مەرزی فەرمیی نێودەوڵەتی، زیاتر لە پێنج مەرزی نافەرمیشی هەیە، كە هەمان كاری مەرزە فەرمییەكان دەكەن، بەردەوام لەو مەرزانەوە كاری ئاڵۆگۆڕ هەیە و بازرگانان هاوردەیان هەیە و گومرگ دەكرێن، ئەگەر لەلایەكی تریشەوە سەیر بكەین ئەو داهاتەی باس دەكرێت، ئەگەر وا دابنێین راستە، ئەی كوا چی لێ دەكرێت؟، چەندانجار پەرلەمانتار و وەزیری داراییش بەئاشكرا باسیان لە دیارنەمانی داهاتی سلێمانی كردووە.

روونی كردەوە، ئەوە روونە كە سلێمانی بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و پڕۆژەوە دەناڵێنێت و خزمەتی سنوورەكەشی پێ ناكرێت، بۆیە هەر ئەوان بوون كە دژایەتیی خۆیان بۆ حكوومەت راگەیاند و رێگرییان لە كارەكانی حكوومەت دەكرد، بۆ ئەوەی وا خەڵك تێبگەیەنن كە حكوومەت هۆكارە، بەڵام خەڵك باش لەوان گەیشتووە و خۆیان دەزانن بۆچی سلێمانی وای لێ هاتووە.

هەر پێوەست بەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت، محەمەد سەعدەدین، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی دارایی بە "وشە"ی راگەیاند، داهات شتێكی مەركەزییە و پێوەستە بە خەزێنەی گشتیی حكوومەت، ئەو داهاتە كاتێك دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر حكوومەت بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزاری دابەشی سەر پارێزگە و ناوچەكانی دەكاتەوە، بۆیە پێویستە داهاتی هەموو شوێنێك بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێتەوە، چونكە موڵكی گشتییە و ئەگەر داهات نەگەڕێتەوە چۆن و بە چ شێوازێك خزمەتی خەڵك بكرێت؟، بەڵام هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كابینەكەوە سیاسەتی هەندێك دژایەتیكردن بوو نەك هاوكاری و پاڵپشتی، لەوكاتەی هەمووان ئەوە دەزانن كە حكوومەت لە خزمەتكردن نەوەستاوە.

پێشتریش كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی سلێمانی باسی لەوە كرد، ئەگەر داهاتی سلێمانی شەفاف بكرێ و چاكسازی تیادا بكرێت و ئەو كۆمپانیایانەی سنوورەكە، كە چەندان جۆر كۆمپانیا لە مەرزەكان جێگیر كراون، لا ببرێن و حكوومەت خۆی سەرپەرشتیی كارەكان بكات، داهاتی سلێمانی زۆر لەوە زیاترە كە باس دەكرێت، ئاشكرای كرد كە سەرجەمی ئەو كۆمپانیایانەی لە مەرزەكانی پەروێزخان و باشماخ هەن، مانگانە لەكاتی خۆی و بەبێ دواكەوتن سەروو لە 25%ی داهاتی مەرزەكان دەبەن.

جێگەی باسە، داهاتی سنووری سلێمانی لەژێر دەستی یەكێتیدایە و چۆنیان بوێ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاری دەهێنن، خەڵكی شارەكەش تامەزرۆی پڕۆژە و خزمەتگوزارین، بەڵام لەپێناو دژایەتیكردنی حكوومەت، هەموو شتێك دەكەن، بۆیە هەر خۆیانن ستەم لە سلێمانی و خەڵكەكەش دەكەن، لە خەڵكی تردا بەكاری دەهێنن و دەیخەنە خزمەت خەڵكی خۆیان، لەبری ئەو هەموو دژایەتییە با بچن ئاوڕێك لە سلێمانی بدەنەوە و ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن كە بە خەڵكیان داوە.

وشە/ تایبەت 



وشە - تایبه‌ت