سلێمانییەكان چۆن بوونەتە قوربانیی شەڕ و ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی؟

:: PM:09:28:18/02/2024 ‌

 دوای رووداوەكانی 8ی تەمووزی ساڵی 2021، گرژی و ململانێیەكی ترسناك لەناو یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان دروست بووە، چەند جارێك شەڕ و ململانێ لە نێوان هێزە تەناهییەكانی ئەو حزبە لە سلێمانی دروست بووە و كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە، لە خوارەوە ئاماری ژمارەیەك لەو شەڕ و پێكدادانەیە، كە لە دوای رووداوەكانی 8ی تەمووز لەناو ریزەكانی یەكێتی روویان داوە و بوونەتە مایەی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوكێی خەڵكی پارێزگەكە. 

لە شەوی 22ی حوزەیرانی 2021، لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی، لەكاتێكدا مەفرەزەیەكی ئاسایش بە مەبەستی پاراستنی ئارامیی هاووڵاتییان و بەجێگەیاندنی ئەركی خۆیان، بازگەیەكی كاتی دادەنێن، لەوكاتەدا كچەكەی شێخ جەعفەر بە ئۆتۆمبێل لە بازگەكە دەدات، كارمەندانی بازگەكە كە ئاسایش بوون داوای پابەندبوونیان لێ كردووە، بەڵام ئەو پێوەندی بە هێزی كۆماندۆوە دەكات، كە ئەوكات لەژێر دەسەڵاتی باوكیدا بوو، دەستبەجێ هێزەكە دەگەنە شوێنەكە و تا بەرەبەیان تەقەیەكی زۆر لە نێوان ئاسایش و هێزی كۆماندۆ روو دەدات، لەو شەوەدا زیاتر لە 10 كەس بریندار دەبن و یەكێكیش گیانی لەدەست دا.

لە سەرەتای مانگی شوباتی 2021، رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە بازگەی تاسڵووجە لە سلێمانی لە نێوان چەند پێشمەرگەیەك لە هێزی كۆماندۆ و ئاسایشی بازگەكە رووی دا، لە ئەنجامدا چوار ئاسایش بریندار بوون، دواتر یەكێكیان بە ناوی شاخەوان، كە تاقانەی شەش خوشك بوو و  كوڕی شەهید بوو، گیانی لەدەست دا. 

لە شەوی 17ی كانوونی یەكەمی 2021، دوای ئەوەی كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە كرا، تێیدا هێزی ئاڵتوونی لە دەستی شێخ جەعفەر دەرهێنرا، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزی ئاڵتوونی، كە نۆزان شێخ جەعفەر لە ناویاندا بووە، لەگەڵ هێزی كۆماندۆ رووی دا، كە ئاكام عومەر فەرماندەیی بووە، لە ئەنجامدا پاسەوانێكی شێخ جەعفەر بەناوی ئاراس، دەكوژرێت و چواری تریش بریندار دەبن.

لە رۆژی 3ی شوباتی 2021 كوڕێكی قادر عەزیز، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، تەقە لە ئەفسەرێكی پێشمەرگەی یەكەی 70ی یەكێتی دەكات و برینداری دەكات، ئەمەش گرژی و ئاڵۆزی دەخاتە نێوان لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانییەوە.

هاوكات هەر لە دوای 8ی تەمووز، چەندان گرژی و ململانێ و شەڕ و پێكدادان لەناو خۆیاندا دروست بووە، لەوانە ململانێی نێوان لاهوور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین و شێخ جەعفەر و مەحموود سەنگاوی و عەدنان مینە و ماڵباتی كۆسرەت رەسووڵ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هەروەها ئەنجامی ئەم ململانێیە كوژرانی موڕاد كانیكوردەیی و ئاكام عومەر و هاوكار جاف و كاروان شامار و نیاز دەرگەڵەیی و چەندانی تری لێ كەوتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو هێزەكانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر ماڵی كوێخا دێرین عوزێری، كە فەرماندەیەكی سەربازیی یەكێتی بوو، دواجار نەیانتوانی بیگرن و دوای ئەوە ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی ئەویان تەقاندەوە و خاپوور كرد.

لە نوێترین پێكدادانی نێوان هێزەكانی یەكێتیش، دوێنێ بوو كە شەڕی نێوان كۆماندۆ و ئاسایش رووی دا، كاتێك لە بازگەی كارێز لە سنووری شارۆكەی كفری لە نێوان ئاسایشی بازگەكە و هێزێكی  كۆماندۆ، كە گوایە ئۆتۆمبێلەكانی هێزەكەی كۆماندۆ بە ئاراستەی پێچەوانەی بازگەكە رۆیشتوون. 

لەبارەی ئەو ناكۆكییانەی ناو یەكێتی سەرتیپ مەحموود، نووسەر و چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی بە سرووشتی خۆی حزبێكی شەڕانی و جەنگدۆستە و كولتووری كوشتن و بڕین بەسەریدا زاڵە، بۆیە هۆكاری سەرەكیی دروستبوونی ئەو شەڕ و پێكدادان و كوشتارە، ئەوەیە كە هێزە تەناهییەكانی سنووری سلێمانی، هێشتا لە چوارچێوەی حكوومەت و وەزارەتی پێشمەرگەدا رێك نەخراون و هێزی حزبی و كەسین و لە یەك شوێن و كەسەوە فەرمان وەرناگرن.

روونی كردەوە، لە ئەنجامی ئەم گرژی و ئالۆزییانە، تەنیا هاووڵاتییانی  سنووری سلێمانی بوونەتە قوربانی، ئارامی و سەقامگیرییان لێ زەوت كراوە و كەس لە ماڵ و حاڵ و گیانی خۆی دڵنیا نییە و نازانرێت چی روودەدات، بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی هەر شەڕ و پێكدادانێك دەستبەجێ بێتە سەر هێڵ و جڵەوی ئەو هێزانە بكات كە لە ژێر فەرمان و هەژموونی بەرپرسانی حیزبیدان لە سلێمانی.

وشە/ تایبەت 



وشە - تایبه‌ت