پەكەكە نیگەرانە.. رێگەی پەرەپێدان كارتی پەكەكە دەسووتێنێت؟

:: PM:09:51:19/02/2024 ‌

عێراق و توركیا وەك دوو دەوڵەتی دراوسێ، چەندان پێوەندی و كێشە و بەرژەوەندییان لەگەڵ یەكتردا هەیە كە زۆرجار تێكهەڵكێشن، ئەوەش وای كردووە كە هەریەكەیان چەند كارتێكی گوشار لە دژی بەرانبەرەكەی دروست بكات بۆ بەكارهێنانی لە كاتی گفتوگۆكاندا، رەنگە ئەوە بەشێك بێت لە هۆكاری چاوپۆشیی بەغدا لە بوون و ئازادیی جووڵە و چالاكیی پەكەكە لە عێراق، بۆیە لێكنزیكبوونەوەی توركیا و عێراق پەكەكەی نیگەران كردووە، بەتایبەتی رێككەوتن لەسەر پڕۆژەی "رێگەی پەرەپێدان".

تا ئێستە دیار نییە بوونی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ چییە؟، بەدەر لە ئەجیندای حزبەكە و سەركردەكانی و ئەو لایەنەی كاری بۆ دەكەن، چ سوودێكی بە كورد لە باكور و پارچەكانیتری كوردستان گەیاندووە؟، بەتایبەتی هەموو ئەوەی كردوویەتی بریتییە لە راكێشانی دەستی دوژمن بۆ ناو هەرێمی كوردستان و شێواندنی دۆخی خەڵك و ئەو قەوارەی كە هیوای تەواوی كوردە لە هەموو دنیادا.

هەردوو حكوومەتی عێراق و توركیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانیان چەند شتێكیان لە یەكتر دەوێت، چاویان لەسەر یەكترە كە سوود لە یەكتر ببینن، هاوكات بۆ گفتوگۆكردن و گەیشتن بە رێككەوتن، چەند كارتێكی گوشاریان لەسەر یەكتر هەیە، لەوانە دۆسیەكانی ئاو و پەكەكە و نەوت و بازرگانی و هیتریش، ئەوەی نوێیە پڕۆژەی "رێگەی پەرەپێدان"ە، كە بۆ هەردوو وڵات زۆر گرنگە، داهاتی ئێستەی عێراق دوو ئەوەندە و زیاتر دەكا و بێكاری و هەژاری تا ئاستێكی باش چارەسەر دەكات، جیا لەوە لە كاتی رێككەوتن لەگەڵ توركیا كێشەی كەمئاوی چارەسەر دەبێت، لەپاڵ بابەتی نەوت و دەستكردنەوەی هەناردن لە رێگەی توركیا، بە مەرجی بەغدا و لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە.

لە دانوستان لەسەر ئەو دۆسیانەی لەگەڵ توركیا، عێراق دەتوانێت سوودی گەورە لە بوونی پەكەكە لەسەر خاكەكەی ببینێت، دەتوانێت وەك كارتێكی كاریگەر بەرانبەر بە ئەنقەرە بەكاری بێنێت، ئەگەرچی گومان هەیە بەوەی پەكەكە تەنیا كارتێكی عێراقی نەبێت، واتە جموجۆڵ و چالاكییەكانی ئەو گرووپە جیا لە سوود بۆ خۆی، لە چوارچێوەی ئەجیندایەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بێت، بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی عێراق سووریا، بۆیەش عێراق ناتوانێت دەستی بۆ ببات، ئەگەرچی بۆچوونی تر هەیە بەوەی بەغدا پەكەكە وەك كارتێك دژی هەرێمی كوردستان و كورد بەگشتی لە پارێزگەی نەینەوا و بۆ دابڕینی شنگال و ئێزدییەكان بەكار دێنێت. 

بەگشتی بوونی پەكەكە تەنیا سوودی بۆ هەرێمی كوردستان نەبووە، لە ماوەی دواییدا چەند جارێك بەرپرسانی باڵای توركیا سەردانی بەغدایان كرد و جیا لە بابەتی پاراستنی تەناهیی سنوورەكانی هەردوو وڵات، بە پلەی یەك پەكەكە، باسی دۆسیەكانی ئاو و نەوتیان كردووە، بەڵام بە رێككەوتن نەگەیشتوون، ئەوەی ئەگەری رێككەوتنی لەسەر هەیە، پڕۆژەی "رێگەی پەرەپێدانە"، كە ئەنقەرە زیاتر لە عێراق لەسەری گەرمە، لە ماوەی دواییش وەزیری بەرگری و سوپاسالاری توركیا سەردانی بەغدایان كرد و چاویان بە سەرۆك وەزیرانی عێراق كەوت، جیا لە بابەتە تەناهییەكان، لەبارەی هاریكاریی ئابووری و بازرگانیدا، باسی پڕۆژەی "رێگەی پەرەپێدان"یان كرد، كە لە رێگەی عێراق و توركیا كەنداو بە دەریای سپی و ئەوروپا دەبەستێتەوە.   

بەر لەوەش ئیبراهیم كالن، سەرۆكی هەواڵگریی توركیا دووجار سەردانی عێراقی كرد، مەبەستی سەردانەكەش، وەك چەند سەرچاوەیەكی عێراقی باسیان كرد، بۆ سازكردنی رێككەوتنێكی هاوبەشی تەناهی بە هاوشێوەی ئەوەی ئێران بووە بۆ پاراستنی سنوورەكانیان و دوورخستنەوەی پەكەكە لەو سنوورانە، چونكە توركیا متانەی بە قسەی عێراق نییە و دەیەوێ لە دوورخستنەوەی ئەو گرووپە لە سنوورەكانی رۆڵی كردەنی هەبێت، هۆكاری هاتنی بەرپرسانی باڵای تەناهی و سەربازی توركیاش بۆ ئەوە بووە عێراق لە سازكردنی رێككەوتنێكی هاوبەشی تەناهی دوودڵ بووە، بەتایبەتی كە پابەندی تیادابێت و ئەگەر ئەوەی لەسەریەتی نەیكات، وەك ئەوەی ئێران، تووشی گوشار ببێتەوە، بۆیە ئەوان بۆ دڵنیاكردنەوە و گوشار هاتن.

سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە لە دیدی سەركردایەتیی توركیا، هەردوو دۆسیەی تەناهی، واتە پەكەكە و ئابووری لە نێوان عێراق و توركیا بەتوندی بەیەكەوە گرێدراون، كاتێك ئەنقەرە بابەتی پاككردنەوەی ناوچەكانی باكوری عێراقی لە پەكەكە، بە بەشداری عێراق، وەك مەرجێك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان داناوە، كە بۆ عێراق زۆر گرنگە، ئەوەش سەرانی پەكەكەی تەواو نیگەران كردووە.

سەرانی پەكەكە دەزانن كە ئەوان وەك كارتێك لە دۆسیەی بەرژەوەندییە ئابوورییەكان لە نێوان توركیا و عێراق باسیان دەكرێت، ئەوەش وای كرد سەركردەیەكی پەكەكە راشكاوانە بڵێت كە مەترسیان لەو هاتوچۆیەی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە هەیە، بۆیە "رێگەی پەرەپێدان"، خەریكە بۆ ئەوان دەبێتە كێشە و نەهامەتی، وەك ئاماژەیەك بۆ سازكردنی رێككەوتنێكی هاوبەشی تەناهی لە بەرانبەر جێبەجێكردنی پڕۆژەی "رێگەی پەرەپێدان".            



وشە - تایبه‌ت