كتێبی "هەژاری هەژاران" بڵاو كرایەوە

:: AM:10:48:20/02/2024 ‌
ئەم كتێبەی سیروان عوسمان لەسەر هەژار كاكۆیە بەناوی "هەژاری هەژاران"، لە چاپخانەی ڕۆشنبیری بەتیراژی هەزار دانە چاپ و بڵاو كراوەتەوە، نووسەر باسی ڕووداوەكانی دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991  دەكات.

نووسەری كتێبەكە لە پێشەكییەكەیدا دەنووسێت، جێی داخە كە كادر و هەڤاڵانی ڕێكخراوەیی و حزبی بەگشتی و سیاسییەكان بەتایبەتی، كەمتر مێژوو و ڕووداوەكانی هاو خەباتگێڕەكانی خۆیان دەنووسنەوە، یان هەر لە فكر و بیرەوەرییاندا نەماوە، ئەگەرچی نووسینەوەی یادەوەری و ڕووداوەكانی ئەو سەردەمانە دەبێتە بەشێكی گرنگ لە مێژووی نیشتمان و نەتەوەكەمان. 

سیروان عوسمان لە لێدوانێكیدا بۆ"وشە" گوتی، ئەركی ئەخلاقی و وەفاداری هەڤاڵانی سكرتارییەت و لیژنەی ڕاپەڕاندنی ئەوكاتی ئێمە و ئەو هەڤاڵانەی بەیەكەوە كاریان كردووە، بەشێكی زۆر تەمەنی خۆیان بەیەكەوە بەسەر بردووە، هەقە چەندان كتێبی چاپكراو بنووسنەوە، باسی خۆڕاگری و ڕاستگۆیی هاوخەباتەكانیان بكردایە.

 "خەباتگێڕانی وەك شەهید مەئموون دەباغ، شەهید لەیلا قاسم، شەهید ئازاد سلێمان میران، شەهید محەمەد سدیق پێنجوێنی، شەهید سمكۆ ئامێدی، شەهید حاجی عەبدولڕەحمان، شەهید محەمەد عوبێد سیان، شەهید سلێمان تاژدین، شەهید شوان سەید كاكە، جوانەمەرگ هەڤاڵ ڕەحمان و جوانەمەرگ فرسەت سۆفی و چەندانی تر، كەچی ئەو هەڤاڵانەی ئێمە لەبری ئەم كارە، هەر خەریكی پارە كۆكردنەوەن، كە نازانن لە هەر چركەیەك دەكرێت ئەم ژیانە بەجێبهێڵن". سیروان وای گوت.

نووسەر باسی لەوەش كرد، "ماوەیەك وەك هەر مرۆڤێك بیرم لە بوون و نەبوون كردەوە، زۆر سەرقاڵی كردم، قورسیش بوو، بە هیچ نەگەیشتووم، دوای بیركردنەوەیەكی زۆر، بەباشم زانی بۆ خۆم تا ئەو كاتەی لە ژیاندام وا بژیم،  تا بۆم دەكرێت ڕاستگۆ و سەرڕاست بم، بۆ خۆشم تا ئەو ئاستەی بكرێت خۆش بژیم، بەڵام لەسەر حیسابی كەسانی تر نا". 
 
هەژار ڕۆشنبیر و كادری پێشكەوتوو و مرۆڤدۆست بۆ چارەسەری كێشەكانی خەڵك دڵسۆز بوو، هەمیشە ماندوونەناس بوو بۆ خزمەتكردنی هەژاران و كادران و لێقەوماوان. 



وشە - سۆران عەزیز