ئاستی ئاوی دەربەندی گۆمەسپان بە تەواوەتی بەرز دەبێتەوە و لە ماوەی سێ ڕۆژی رابردوو، زیاتر لە 150 ملم بارانی لێ باریوە و ئاستی ئاوی بەنداوەكە بۆ پێنج ملیۆن مەتر سێجا بەرز بووەتەوە.
بەنداوی گۆمەسپان بە تەواوبوونی، توانای گلدانەوەی 97 ملیۆن مەتر سێجایە، ئێستە كاركردن تێیدا بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەم 20ـی شوبات، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، تا ئێستە بەنداوی گۆمەسپان زیاتر لە پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە.
ئەوەیش زانراوە، ئەو ئاوەی كۆ بووەتەوە، لە ئەنجامی بارانبارینی سێ ڕۆژی رابردوو بوو و بڕی 150 ملم باران لەو شوێنە باریوە.
بەنداوی گۆمەسپان گەورەترین بەنداوە لە سنووری پارێزگای هەولێر و سێیەمینە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە دوای هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، تێچووی پڕۆژەكە 95 ملیار دینارە و بەرزییەكەی 70 مەتر و درێژییەكەی 512 مەترە، توانای گلدانەوە و ئەمباركردنی 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بارانی هەیە و رووبەرەكەی شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر سێجایە، بە تەواوبوونی رۆڵێكی گرنگی لە پاراستنی سامانی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی دەبێت، دەشبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر و كەرتی گەشتیاریش لە هەرێم زیاتر دەبووژێنێتەوە.