له‌ هه‌رێمی كوردستان نووسینگه‌كان له‌ كاتی فرۆشتنی شوقه‌ كڕیاران هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن

:: PM:02:10:20/02/2024 ‌
پرسی فرۆشتنی شوقه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان مایه‌ی نیگه‌رانیی كڕیارانه‌، گومان له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ناڕاسته‌وخۆ خاوه‌ن پڕۆژه‌كان و نووسینگه‌كانی پێوه‌ندیدار، بێ ئه‌وه‌ی كڕیاران له‌ ورده‌كارییه‌كانی رووبه‌ری شوقه‌ تێ بگه‌یه‌نن، پێیان ده‌فرۆشن و دواتر كڕیاران شوقه‌كه‌یان وه‌رده‌رگرن، ده‌بینن ئه‌و رووبه‌ره‌ نییه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كاندا ئاماژه‌ی پێ كراوه‌، به‌ڵام تازه‌ كار له‌ كار ترازاوه‌ و ناتوانن هیچ شتێك بكه‌ن.

وه‌ك ئاشكرایه‌ فرۆشتنی خانوو له‌گه‌ڵ فرۆشتنی شوقه‌ دوو شتی جیاوازن، رووبه‌ری خانوو به‌ ته‌واوی لای كڕیار دیاره‌ و پێوانه‌ كراوه‌، به‌ڵام له‌ شوقه‌دا به‌هۆی ئه‌وی كه‌ خزمه‌تگوزاریی هاوبه‌شی زۆری تێدایه‌، به‌شێك له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ له‌ كاتی فرۆشتندا هه‌ر له‌سه‌ر كڕیار حیساب ده‌كرێن، به‌ڵام له‌ كاتی تاپۆكردندا رووبه‌ره‌كه‌یان لێ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی كڕیار چاوه‌ڕوانی ده‌كرد تێیدا نیشته‌جێ بێت، زۆر كه‌متری ده‌مێنێته‌وه‌.

ده‌بینێت رووبه‌ره‌كه‌ نه‌ك 100 مه‌تر، به‌ڵكو 75 مه‌تر و بگره‌ كه‌متریشه‌ و له‌ كڕینه‌كه‌ی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئیتر په‌شیمانی دادی نادات.
 بۆ نموونه‌ شوقه‌ هه‌یه‌ به‌ 100 یان 150 مه‌تر خراوه‌ته‌ روو، كڕیار لای خۆی وای داناوه‌ به‌ڕاستی 100 مه‌تر پێداویستییه‌كانی ئه‌و پڕ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك شوقه‌كه‌ی راده‌ست ده‌كرێ، ده‌بینێت رووبه‌ره‌كه‌ نه‌ك 100 مه‌تر، به‌ڵكو 75 مه‌تر و بگره‌ كه‌متریشه‌ و له‌ كڕینه‌كه‌ی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئیتر په‌شیمانی دادی نادات.

كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ خاوه‌ن پڕۆژه‌كان رووبه‌ری مه‌مه‌ڕ و مه‌سعه‌د و به‌له‌كۆنه‌ و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ پاركینگیش له‌سه‌ر كڕیار حیساب ده‌كه‌ن و پێی ده‌فرۆشنه‌وه‌، له‌ كاتێكدا راسته‌ كڕیار سوود له‌ هه‌مووان وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له‌ تاپۆدا ئه‌و رووبه‌ره‌ی به‌ناو ده‌كرێت كه‌ تێیدا ده‌ژیت و له‌ رووبه‌ری یه‌كه‌م جار زۆر كه‌متره‌. 

رابه‌ر وه‌رتی خاوه‌نی نووسینگه‌ی فرۆشتنی خانووبه‌ره‌ی رابه‌ر وه‌رتی، بۆ ''وشه‌'' باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌وان كاتێك شوقه‌یه‌ك به‌ خه‌ڵك ده‌فرۆشن، ئه‌وا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاگاداری ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ رووبه‌ری گشتیی شوقه‌كه‌ چه‌نده‌ و ئه‌و رووبه‌ره‌ش كه‌ به‌ سافی بۆی ده‌مێنێته‌وه‌ چه‌نده‌، ئیتر كڕیار خۆی بڕیار ده‌دات بیكڕێت یان نه‌یكڕێت.

ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر كڕیار له‌و ورده‌كارییانه‌ ئاگادار نه‌كرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌ جۆرێك فێڵكردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی كڕیار هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ڵام كه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌، ئیتر كڕیار سه‌ربه‌سته‌ پێی رازی بێت یان نا.

وه‌ك وه‌رتی خستیه‌ روو، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ به‌شێك له‌ نووسینگه‌كان و ته‌نانه‌ت ئۆفیسه‌كان ئه‌و پرسه‌ بۆ كڕیاره‌كانیان روون ناكه‌نه‌وه‌، كڕیاریش هه‌ر به‌و خه‌یاڵه‌ی دایناوه‌ و بۆ نموونه‌ شوقه‌یه‌كی 150 مه‌تری كڕیوه‌، دواتر كه‌ ده‌چێته‌ ناوی، ده‌بینێت 120 مه‌تره‌ و ئه‌وجا پرسیار ده‌كات بۆچی كه‌متره‌، له‌ كاتێكدا كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر به‌و سیستمه‌ ده‌فرۆشرێت.

جێی باسه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر نهۆمێكی باڵه‌خانه‌یه‌ك له‌ شه‌ش شوقه‌ یان یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون پێكهاتبێت، ئه‌وا كۆی رووبه‌ری باڵه‌خانه‌كه‌ دابه‌شی شه‌ش ده‌كرێ و هه‌ر شوقه‌یه‌ك چه‌ندی به‌ربكه‌وێت، له‌ گرێبه‌ستی فرۆشتن به‌ مه‌تر پاره‌ی لێ ده‌ستێنرێت و ئه‌و رووبه‌ره‌ مه‌مه‌ڕ و مه‌سعه‌دیش له‌خۆ ده‌گرێت.

سامان عاره‌ب به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، به‌ ''وشه‌''ی راگه‌یاند، كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌ نووسینگه‌كانی كڕین و فرۆشتنی خانووه‌، ئه‌گه‌رنا له‌ ئۆفیسی كۆمپانیا و پڕۆژه‌كان ئه‌و كێشه‌یه‌ روو نادات.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌، له‌ ئۆفیسه‌كان به‌ وردی كڕیار له‌وه‌ تێده‌گه‌یه‌نرێت كه‌ ئه‌و به‌شه‌ی پێوه‌ندیداره‌ به‌ خزمه‌تگوزاری گشتی، ئه‌وا له‌سه‌ر كڕیار حیسابه‌ و پێشی ده‌گوترێت كه‌ له‌ رووبه‌ری تاپۆ ئه‌و رووبه‌ره‌ ده‌نووسرێت كه‌ بۆی ده‌مێنێته‌وه‌، نه‌ك ئه‌و رووبه‌ره‌ی پێی ده‌فرۆشرێت و بابه‌ته‌كه‌ش نایاسایی نییه‌ و له‌ كوردستان هه‌ر ئه‌و سیستمه‌ پێڕه‌و ده‌كرێت.

به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، هۆكارێكی تر كه‌ وایكردووه‌ كڕیاران تازه‌ له‌و بابه‌ته‌ بكۆڵنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، پێشتر چونكه‌ قازانجی زۆریان له‌ كڕینی شوقه‌كاندا ده‌كرد، په‌له‌په‌لیان بووه‌ زوو ببنه‌ خاوه‌نی شوقه‌كه‌ و بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ورده‌كارییانه‌ بزانن قازانجیان لێی كردووه‌، به‌ڵام ئێسته‌ كه‌ ئه‌و قازانجه‌ی جاران ناكه‌ن، تازه‌ به‌تازه‌ له‌ ورده‌كارییه‌كان ده‌كۆڵنه‌وه‌.

كڕیار هه‌بووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌ست بخوێنێته‌وه‌، واژووی له‌سه‌ری كردووه
سامان عاره‌ب پێی وایه‌ كێشه‌یه‌كی تر پێوه‌سته‌ به‌ خودی كڕیاره‌كان، كڕیار هه‌بووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌ست بخوێنێته‌وه‌، واژووی له‌سه‌ری كردووه‌، له‌ كاتێكدا دواتر له‌ رووی یاساییه‌وه‌ ناتوانێت شتێك كه‌ خۆی پێی رازی بووه‌ ره‌تی بكاته‌وه‌.

شێوازی فرۆشتنی شوقه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت كڕیار ئاگادار بكرێته‌وه‌ له‌و رووبه‌ره‌ی پێی ده‌فرۆشرێت، ئه‌گه‌ر پێی رازی بوو، ئه‌وا ده‌یكڕێت و رازی نه‌بوو ده‌توانێت نه‌یكڕێت، به‌گشتی كه‌ رووبه‌ری مه‌مه‌ڕ و مه‌سعه‌د له‌سه‌ر فرۆشیار به‌ ئاگاداری خۆی حیساب بكرێت، كارێكی نایاسایی نییه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر ده‌ڵێت، له‌و پرسه‌دا كۆمه‌ڵێك سه‌رپێچی هه‌بووه‌ و چه‌ندان دۆسیه‌یان راده‌ستی دواكاری گشتی كردووه‌، به‌شی زۆری ئه‌و كێشانه‌ش له‌ نووسینگه‌كانی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زه‌وی روو ده‌ده‌ن نه‌ك ئۆفیسی سه‌ره‌كیی كۆمپانیاكان، له‌ نووسینگه‌كان هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كرێ و گرێبه‌ستی كۆتاییش واژوو ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا هه‌مووی ئه‌وانه‌ ئه‌ركی نووسینگه‌كان نییه‌ و ده‌بێت مامه‌ڵه‌كان له‌ شوێنی یاسایی پێوه‌ندیدار جێبه‌جێ بكرێن.




وشە - سلێمان تاشان