دوای فەوتانی پێنج مانگ.. دەست پێكردنەوەی خوێندن لە سلێمانی چۆن دەبێت؟

:: PM:08:42:20/02/2024 ‌

دوای زیاتر لە 150 رۆژ لە بایكۆتی مامۆستایانی سنووری پارێزگەی سلێمانی، دواجار بڕیار درا بچنەوە هۆڵەكانی وانەگوتنەوە و دەست بە خوێندن بكرێتەوە، بەڵام فەوتانی پێنج مانگی خوێندنی ئەمساڵ گرفتی گەورەی بۆ خوێندكاران بەگشتی و پۆلەكانی نۆ و 12ی ئامادەیی بەتایبەتی دروست كردووە، كە ئاخۆ چۆن و بە چ شێوازێك دەست بە خوێندن دەكرێت و كۆتایی پێ دێت؟

بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لەبارەی فەوتانی پێنج مانگی رابردووی خوێندن لە سنوورەكە دەڵێت، هەموو پلان و ئامادەكارییەك كراوە، پۆلە ناكۆتاكان بەشێكی پرۆگرامیان بۆ كەم كراوەتەوە، هەمووشیان وەرزی یەكەم و دووەمیان بۆ تاقیكردنەوە بۆ دیاری كراوە، پۆلە كۆتاكانیش وەك نۆ و 12، پلانی درێژكردنەوەی دەوامیان بۆ دانراوە.

عەبدوڵا حەمە كاكەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە "وشە"ی راگەیاند، پلانی خوێندن ئاراستەی سەرجەم پەروەردەكان كراوە، لەوێشەوە بۆ قوتابخانە و خوێندنگەكان رەوانە كراوە و هەموو قوتابخانەكان پلانی خوێندنیان لەبەر دەستدایە، كە بۆ ئەو ماوەیەی فەوتاوە چۆن لە پرۆسەی خوێندن مامەڵە بكرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو ماوەیە كە خوێندن فەوتاوە، بۆ پۆلە ناكۆتاكان، تا نۆی ئادار وەرزی یەكەم دیاری كراوە، لە دوای نۆی ئادار تا مانگی ئایار وەرزی دووەمە، دواتر تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ ئەنجام دەدرێن، هەروەها بەشێك لەو پۆلە ناكۆتایانەش پرۆگرامیان بۆ كەم كراوەتەوە، بۆ ئەوەی فریای خوێندن بكەون.

لەبارەی خوێندكارانی پۆلی نۆ و 12ی ئامادەیی، ئەو بەڕێوەبەرە روونی كردەوە، پۆلی نۆ و 12 بەهۆی ئەوەی پۆلی كۆتاكانن و پێویستییان بە خوێندنی زیاترە، پلانی كەمكردنەوەی پرۆگرام نییە و بگرە دەوامیان بۆ درێژ دەكرێتەوە، بەڵام تا ئێستە بڕیاری كۆتایی لەوبارەوە نەدراوە، كە تا كەی وادەكە درێژ دەكرێتەوە.

لای خۆیەوە سوهەیل تاهیر، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و شارەزا بە "وشە"ی گوت، هەرچەندە قەرەبووكردنەوەی خوێندن كە لەكاتی خۆی بەسەرچوو كەمێك قورسە، بەڵام مادام پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی دەستی پێ كردووەتەوە، هەنگاوێكی باشە و دەتوانین ئەوە بڵێین كە خوێندكاران لە فەوتانی ساڵێكی خوێندن رزگاریان بوو، ئەوەش بڵێین هەموو رێكارێك بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی قەرەبوی ئەو ماوەیە بكرێتەوە و ئەو پرۆگرام و وانانەی دیاری كراوە، خوێندكار بەجوانی بیانخوێنێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كاریگەری لەسەر خوێندكار دروست نەكات.

روونی كردەوە، ئەوەی گرنگە خوێندكارانی پۆلی نۆ و 12ی ئامادەیی، بتوانن سوود لەو ماوەیە وەربگرن كە بۆیان درێژ دەكرێتەوە، لە حاڵەتی درێژكردنەوە، هەروەها قۆناغەكانی تریش بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بۆیان، بتوانن بەردەوامبن و پرۆگرامی دیاریكراو بخوێنن.

هەر پێوەست بەو بابەتە حەسەن مارف، مامۆستا بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، هەوڵێكی زۆر باش لەلایەن مامۆستایان و پەروەردەكان هەیە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو چەند مانگە بكرێتەوە كە فەوتاوە، راستییەكەی فەوتانی ساڵێكی خوێندن بۆ مامۆستایان و خوێندكارانیش قورس بوو، بەڵام ئێستە دەتوانین بڵێین كە لەو مەترسییە رزگارمان بووە، پێشتریش زۆرێك لە مامۆستایان لەگەڵ ئەوە بوون كە خوێندن بەردەوام بێت، بەڵام ئەو دۆخەی لە سنوورەكە هەبوو، هۆكاری ئەوە بوو كە دەوام نەكرێت و ئێستە قوتابخانەكان كراونەتەوە.

جێگەی باسە، 13ی ئەیلوولی 2023، زەنگی ساڵی خوێندنی 2023- 2024 لێ درا، بەڵام مامۆستایانی سلێمانی بە بیانووی نەدانی مووچە، بایكۆتی خوێندنیان كرد و زیانێكی زۆریان لە پرۆسەی خوێندنی سنوورەكە دا و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج مانگ دەوام نەكرا، ئەگەرچی حكوومەتی عێراق هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل