موقتەدا سەدر بۆ لایەنگرانی: رووبەڕووی میلیشیاكان مەبنەوە

:: PM:05:58:21/02/2024 ‌

لە ماوەی رابردوو ئەندامێكی رەوتی سەر لە پارێزگەی بابل هاتە رفاندن و كوشتن، ئەوەش دوای ماوەیەكی كورت لە بوونی سەركردەیەكی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق بە پارێزگاری بابل، دوای رووداوەكە ئەگەری شەڕ لە نێوان سرییەكانی سەلامی رەوتی سەدر و گرووپی عەسائیب هاتە ئاراوە، شەوی رابردوو هێرش كرایە سەر بارەگەیەكی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆش موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد كە خۆتان لە وەڵامدانەوە دوور بخەنەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەم، ساڵح محەمەد عێراقی، كەسایەتی نزیك لە موقتەدا سەدر لە پۆستێك لە لاپەڕەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەبارەت بە كوژرانی ئەندامەكەی رەوتی سەدر نووسیویەتی، جارێكی تر دەستی خراپەكاران بۆ نانەوەی دووبەرەكێ درێژ كرایەوە، كەچی كەسانێك لە ئێوە، واتە لایەنگرانی سەدر، گوێیان بۆ شل دەكەن، بۆیە قسەی سەدرتان بۆ دەگوازمەوە.

بەپێی عێراقی، سەدر بە لایەنگرانی دەڵێت، هەر كەسێك بە شێوەیەكی ئەرێنی یان نەرێنی لەگەڵ كاری خراپەكار و میلیشیا لادەرەكان، لە توندوتیژی و كوشتن كاردانەوەی هەبێت، لەوانە و لێیان بێبەرین، چونكە لەسەر بڕوادارانی دڵسۆز  پێویستە خۆیان لە رشتنی خوێن و نانەوەی دووبەركێ دوور بخەنەوە، ئەگینا خۆی بە دەركراو حسێب بكات و پێویستە هەمووان بایكۆتی بكەن و دایببڕن، وەك دابڕینی خراپەكاران كە دەیانەوێ دوای ئاشتبوونەوەیان لەگەڵ داگیركار و كلكەكانی، دووبەرەكێ بنێنەوە، بۆیە ئەوانەی لەوان و لە ئێوەش كاردانەوەیان دەبێت خراپەكارن.

روونی كردەوە، هەروەها نابێت بە هاوشێوەی كار و پلاندانانی ئەوان بكەن، كە تەنیا ئاماژە بۆ بوونی رق و كینەی لە دەروونیان دەكات، بەتایبەتی كە خوا ئێمەی لە خراپەكاری رزگار كرد و ئەوانیش خەریكە تیایدا دەتلێنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل