ناوەڕۆكی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن تاوتوێ دەكرێت

:: PM:06:31:21/02/2024 ‌

لە میانەی كۆنگرەی میوشن بۆ ئاسایش لە ئەڵمانیا، سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوی بە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كەوت و بانگەشەیەكی بۆ سەردانیكردنی واشنتن بەدەست گەیشت، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق و باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق، تاوتوێی ئەو دۆسیانەیان كرد كە بڕیارە سوودانی لە نیویۆرك باسیان بكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەم محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا چاوی بە ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق كەوتووە، باسی چەند پرسێكی گرنگی هاوبەشیان كردووە، لەوان گفتوگۆكان بۆ كۆتاهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، جیا لەو دۆسیانەی كە بڕیارە لە كاتی سەردانی سوودانی بۆ واشنتن باس بكرێن. 

لای خۆیەوە رۆمانۆوسكی، لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوتوێی پێشوەچوونەكان لە كاری لیژنەی باڵای سەربازیمان كرد، جیا لە بەهێزكردنی هاریكاریی ئابووری، دەمانەوێ گفتوگۆكان لەبارەی كاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و فرەوانكردنی هاوبەشیی ئەمەریكی عێراقی بەردەوام بێت، چونكە بەیەكەوە دەتوانین ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و سەروەرییەكەی مسۆگەر بكەین. 

شایەنی باسە لە كۆبوونەوەكەی سوودانی و كامالا هاریس، جێگری سەرۆكی ئەمەریا لە ئەلمانیا باسی وادەی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن نەكراوە، شارەزایان دەڵێن دیاریكردنی وادەكە دەوەستێتە سەر دۆخی عێراق و سەركەوتنی سوودانی لە وەستانی هێرشەكانی سەر هێزەكانی ئەمەریكا و ئەنجامی گفتوگۆكانی لیژنەی باڵای سەربازیی هەردوولا، كە رەنگە تا كۆتای ئەمساڵ بەردەوام بێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل