"پێویستە هەرێم هەڵوێستی توندی بەرانبەر بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی هەبێت"

:: PM:07:12:21/02/2024 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم دادگەی فیدراڵی عێراق چەند بڕیارێكی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كورسی كۆتاكان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرد، بە بۆچوونی چاودێران، بڕیارەكان پێشبینیكراو نەبوون، چونكە ئەو دادگەیە پێشتریش بڕیاری لەو شێوەی لە دژی هەرێم داوە، بۆیە ئەو بڕیارنەی ئەمڕۆ بەردەوامیی دادگەكە لەسەر هەوڵی لاوازكردنی هەرێم دووپات دەكاتەوە.

یەحیا كوبەیسی، شارەزای سیاسی دەڵێت، دادگەی فیدراڵیی عێراق بەو شێوازەی كاركردنی بە ئاشكرا لە هەوڵی لاوازكردنی بنەماكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئەگەر هەرێم هەڵوێستێكی توندی بە رەتكردنەوەی بڕیارەكانی ئەو دادگە ناشەرعییە نەبێت، دووپاتی كردەوە، بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی لەسەر داوای شیعە دەردەچێت، بۆیە ئەگەری هەیە دادگەكە بڕیارێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم دەربكات.

لەوكاتەی كوبەیسی ئاماژە دەكات كە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بە بەردەوام كێشەی سیاسییان دروست كردووە و ئەجیندا و ئاراستەكردنی سیاسییان لە پشتە، نەوال مووسەوی، توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، لێسەندنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەكان لە هەرێمی كوردستان، بریتییە لە داڕمانێكی سیاسی و پاشەكشەیەكی گەورە لە رێككەوتنی سیاسی.

دووپاتی كردەوە، ئەو گوشارانەی سەر هەرێمی كوردستان و لاوازكردنی لە دوا قۆناغیاندایە و ئەو هەنگاوانەش بە پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتی بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی ناوەندی دەنرێت.

شایەنی باسە حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەی نزیك لە ئێرانە، لەسەر بنەمای رێككەوتنی سیاسی لەناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هاتە دامەزراندن، كە چەند مەرجێكی لەلایەن كوردەوە تیادا بووە، لەوانە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەوانەش مادەی 140 و رێككەوتنی شنگال و دەركردنی یاسای نەوت و غاز و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق، كە تا ئێستە نەك بەغدا پابەندی هیچ لەو رێككەوتنانە نەبووە، بەڵكو بەتەواوەتی كاری بۆ لاوازكردنی هەرێم كردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل