كه‌ناڵی عه‌ره‌بی "الحدث" دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دۆخی ته‌ناهی و سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه بڵاو كرده‌وه.
نێچیرڤان بارزانی رای گه‌یاندووه، پرسی ئێمه پرسێكی سۆزداری نییه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا، زیاتر بۆچوون و دیدی ئێمه ئه‌وه‌یه: ئاخۆ ئێمه پێویستیمان به یارمه‌تی هه‌یه یان نا؟.
هه‌روه‌های ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، حكوومه‌تی عێراق ده‌بێت ڕۆڵی بنه‌ڕه‌تیی خۆی بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان بگێڕێت.
ده‌قی دیمانه‌كه:
پرسیار: به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، به دوا پێشهاته‌كان له‌گه‌ڵتاندا ده‌ستپێده‌كه‌ین. ئێستا دانوستان بۆ كۆتاییهێنان به ئه‌ركه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق هه‌یه، نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌م دانوستانه‌دا به‌شدارن. به بۆچوونی به‌ڕێزتان مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی پێویستییه‌كه بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر داوای حكوومه‌تی عێراق بۆ یارمه‌تیدان له دژی تیرۆرستانی داعش هاتنه عێراق. بێگومان له ساڵی 2014ـه‌وه تا ئێستا كاتێكی زۆر تێپه‌ڕیوه، ئێستایش زۆر ئاسایییه جارێكی دیكه دانوستان بكرێت بۆ دیاریكردنی شێوه‌ی په‌یوه‌ندیی داهاتووی نێوان هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و به‌غدا، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش بڕیار بدرێت ئاخۆ شێوه‌ی په‌یوه‌ندیی داهاتوو چۆن ده‌بێت و ئایا عێراق پێویستی به یارمه‌تی هه‌یه یان نا؟!
پرسیار: به‌ڕێزتان گوتتان ئه‌م هاوپه‌یمانییه ساڵی 2014 بوو كه ئه‌وكات داعش هه‌بوو، گوتتان ماوه‌یه‌كی زۆری به‌سه‌ردا چووه، كه ده‌كاته نزیكه‌ی ده ساڵ، ئێستا دۆخی داعش له عێراق چۆن ده‌بینن؟
نێچیرڤان بارزانی: به ڕای ئێمه پرسی داعش ته‌نیا په‌یوه‌ندی به عێراقه‌وه نییه، به‌ڵكوو پرسێكه په‌یوه‌ندی به سه‌قامگیریی سووریاشه‌وه هه‌یه. پێمانوایه تاكوو دۆخی ئاسایش له عێراق و سووریا به‌م شێوه‌یه بێت، داعش هێشتا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر عێراق.
پرسیار: ئایا هه‌رێمی كوردستان جوگرافیای جێگره‌وه‌ی عێراق ده‌بێت بۆ بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا؟
نێچیرڤان بارزانی: له‌م بابه‌ته‌دا ئێمه هه‌رێمی كوردستان به جیاواز له عێراق نابینین. سیاسه‌تی ئێمه ئه‌وه‌یه هه‌ر بڕیارێك كه بدرێت له چوارچێوه‌ی جوگرافیای عێراقدا ده‌بێت، هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له عێراق پابه‌ند ده‌بێت به‌و بڕیاره‌ی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌یدات. پرسی ئێمه پرسێكی سۆزداری نییه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا، زیاتر بۆچوون و دیدی ئێمه ئه‌وه‌یه: ئاخۆ ئێمه پێویستیمان به یارمه‌تی هه‌یه یان نا؟ با نموونه‌یه‌كتان بۆ بهێنمه‌وه، ساڵی 2011 هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا عێراقیان به‌جێ هێشت و چوونه ده‌ره‌وه، ساڵی 2014 به‌په‌له عێراق نامه‌ی بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نووسی و داوای یارمه‌تی كرد. به ڕاستی به‌بێ یارمه‌تیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراقییه‌كان له‌و كاته‌دا، به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانده‌توانی هێزه‌كانی تیرۆریستانی داعش ڕابگرن. هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا بڕیار ده‌دات و بڕیارێكی سه‌ربه‌خۆی نییه، چونكه به‌شێكه له عێراق و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بڕیار ده‌دات.
پرسیار: چۆن هه‌ڵوێسته‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئه‌وان به په‌یام و ڕاگه‌یه‌نراو پشتگیری‌یان كردووه. سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كرده‌وانه‌یان كردووه كه تا ئێستا ڕوویانداوه. به شێوه‌یه‌كی گشتی ناتوانم بڵێم ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌یان له سه‌دا سه‌د هه‌رێمی كوردستانیان پاراستووه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌ی كه پێیانكراوه، كردوویانه.
پرسیار: پێتانوایه كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، به‌هانه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان ناهێڵێت بۆ هێرشكردنه سه‌ر بنكه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: با له‌وه‌وه ده‌ستپێبكه‌م، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌سفێكی بۆ ئه‌و كارانه‌ی ئه‌و گرووپانه كرد و به كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ناوی بردن. ئه‌وه‌ی ئه‌م گرووپانه ده‌یكه‌ن، یه‌كه‌مجار پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی عێراقه، هیچ مه‌عقوول نییه عێراق خۆی داوای له هێزێك كردووه بێت یارمه‌تی بدات، ئینجا ئێستا به ناردنی درۆن و هه‌ڕه‌شه، داوا ده‌كات ئه‌م هێزه بچێته ده‌ره‌وه، یان لێره نه‌مێنێت. ئه‌مانه هه‌مووی بیانوون، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا چووه ده‌ره‌وه، چ گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه ئه‌م هێزانه هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر نابن بۆ هه‌رێمی كوردستان، یان هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر نابن بۆ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق؟! یان كێ ده‌ڵێ هه‌ڕه‌شه نابن بۆ شێوه‌ی حوكمڕانی له به‌غدا؟ ئه‌م هێزانه هیچ ڕوانگه‌یه‌كی ڕوونیان نییه و له تاریكی‌دا ماونه‌ته‌وه. ئه‌مانه ده‌یانه‌وێ عێراق به‌ره‌و كوێ ببه‌ن؟ به دڵنیایییه‌وه ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌گه‌ر پرسه‌كه سه‌روه‌ریی عێراقه، بێگومان ئه‌مانه له سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق عێراقیتر نین. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌زانێت به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق به چ شێوه‌یه‌كه و له كوێدایه؟ به بۆچوونی من هیچ پاساوێك نییه بۆ ئه‌م كرده‌وه خراپانه‌ی ئه‌م گرووپانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. پرسه‌كه هه‌ر ئه‌وه نییه كه هه‌ڕه‌شه‌یان له ئه‌مه‌ریكا كردووه، به‌ڵكوو له هێزی پێشمه‌رگه‌یان داوه، له كاتێكدا هێزی پێشمه‌رگه به‌شێكه له سیستمی به‌رگریی پاراستنی عێراق، هه‌روه‌ها له هاووڵاتیانی سڤیلیشیان داوه. پێشتریش هه‌وڵیان داوه، ده‌بێت سنوورێك بۆ ئه‌مه دابنرێت. زۆر باسی سه‌روه‌ریی عێراق ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی سه‌روه‌ریی عێراق پێشێل ده‌كه‌ن، به‌رله هه‌موویان ئه‌م گرووپانه‌ن كه ناهێڵن سه‌رۆك وه‌زیران كاری خۆی بكات وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان. ئه‌وانه‌ی كه هه‌م له ناوه‌وه و هه‌م له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشدا عێراق بێ به‌ها ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه هه‌ر ئه‌و كرده‌وانه‌ن كه ئه‌م گرووپانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
پرسیار: ئایا دۆخی هه‌رێمی كوردستان كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، یان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی ئێستادا له درۆن و ڕۆكێتی ئێران و ئه‌و گرووپانه‌ی باسیان ده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه پشتگیری ده‌كرێن، دژوارتره؟ چۆن ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ئاڵنگاری و هه‌ڕه‌شانه ده‌بنه‌وه؟
نێچیرڤان بارزانی: داعش یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی عێراقی داگیر كردبوو، به‌ڵام سه‌نگه‌ره‌كان دیار بوون. ئه‌مه داعش بوو، ئه‌مانه‌ش ئه‌و هێزانه بوون كه به‌رامبه‌ریان وه‌ستا بوون، هێزه‌كان سوپای عێراق بوون، پێشمه‌رگه بوون، حه‌شدی شه‌عبی بوون. به بۆچوونی من ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه زۆر سه‌ختتره له‌وكات، چونكه هه‌ڕه‌شه‌كه له ده‌ره‌وه نییه، هه‌ڕه‌شه‌كه له‌ناو ماڵی خۆته، هه‌ڕه‌شه‌كه له گرووپێكه‌وه‌یه كه پاره له حكوومه‌تی عێراق خۆی وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه زۆر خراپتره له‌وی دیكه و ناشزانی چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ی؟! نه سه‌نگه‌ره‌كه دیاره، نه دیاره له كوێوه شه‌ڕت له‌گه‌ڵدا ده‌كات! به بۆچوونی من ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی ئێستا ڕووده‌دات، زۆر زۆر سه‌ختتره له بابه‌تی داعش.
پرسیار: ئێوه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان چۆن ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ده‌بنه‌وه كه گوتتان له‌وه‌ی داعش سه‌ختتره؟
نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمی كوردستان به ته‌نیا ناتوانێت ئه‌وه بكات. ئه‌مه پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی عێراقه، بۆیه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه، ئه‌ركی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كان. مادام ئێمه له جوگرافیای عێراقدا ده‌ژین و به‌شێكین له‌م وڵاته، پاراستنی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی بێت له سیاسه‌ت و ڕوانگه‌ی به‌غدا. ئه‌م پرسه ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به به‌غداوه هه‌یه. حكوومه‌تی عێراق ده‌بێت ڕۆڵی بنه‌ڕه‌تیی خۆی بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان بگێڕێت.
پرسیار: ئایا ئێوه ڕازین له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌دا ده‌یكات كه ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه، چ ئه‌وانه‌ی له ئێران و چ ئه‌وانه‌یشی له توركیاوه‌ن؟
نێچیرڤان بارزانی: وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌ك كه‌سی خۆی و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان، هه‌ڵوێستی زۆر باشی هه‌بووه، چ ده‌رباره‌ی ئێران و چ ده‌رباره‌ی وڵاتانی دیكه‌ش كه كێشه بۆ عێراق دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕاستییه‌ك و پرسیارێك هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ئایا عێراق له‌مه زیاتری پێده‌كرێت یان نا؟ به بۆچوونی من عێراق ده‌بێت هه‌وڵ بدات زیاتر له‌مه بكات. بۆ ناوبانگی عێراق دروست نییه له‌ناو عێراقدا چه‌ند كۆمه‌ڵێك چه‌كدار هه‌بن، هه‌ڕه‌شه له به‌شێكی ئه‌م وڵاته بكه‌ن، ئه‌وانیش ئه‌و گرووپانه‌ن. عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌رپرسیاریه‌تییان له‌سه‌ره. ده‌بێ كۆتایی به‌م پرسه بهێنێت كه له زیان زیاتر هیچ خێرێكی نه بۆ عێراق و نه بۆ هه‌رێمی كوردستان تێدا نییه. مه‌ترسیی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌گه‌ر عێراق هه‌رێم نه‌پارێزێت، ئه‌گه‌ر به جددی به‌غدا به‌رگری له هه‌رێم نه‌كات، ئه‌و كاته هه‌رێم ده‌بێت بیر له شتێكی دیكه بكاته‌وه، چونكه له ئه‌نجامدا پاراستنی هه‌رێم بۆ ئێمه كاری له‌پێشێنه‌ی بنه‌ڕه‌تییه، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی به‌غدایه. من له‌و بڕوایه‌دام به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران درێخی ناكات و ئه‌وه‌ی له توانایدایه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌یكات.
پرسیار: چه‌ند جارێك له قسه‌كانتاندا دووباره‌تان كرده‌وه كه ئه‌مه به‌رپرسیاریه‌تیی سه‌رۆك وه‌زیرانه، ئایا سه‌رۆك وه‌زیران ده‌توانێ له حاڵی ئێستادا له‌مباره‌یه‌وه چی بكات؟
نێچیرڤان بارزانی: سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت هه‌وڵێكی جددی بدات، ئه‌م گرووپانه‌ش ده‌بێت به قسه‌ی بكه‌ن، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌و گرووپانه ده‌یكه‌ن، عێراق له‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێ به‌ها ده‌كات. ده‌بێ ده‌رفه‌ت بده‌ن سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كان ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ بكات. زوو یان دره‌نگ ده‌بێ سنوورێكیان بۆ دابنرێت.
پرسیار: ئایا ئێران دراوسێ، هاوڕێیه‌كی چاك، یان دوژمنه؟
نێچیرڤان بارزانی: په‌یوه‌ندیی ئێمه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كی كۆنه، ئێران دراوسێیه‌كی گرنگی ئێمه‌یه و ناتوانین ئه‌و جوگرافیایه تێك بده‌ین. پێش ئه‌و ڕووداوانه با باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا بكه‌ین. پێمانوابوو په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه. ئه‌گه‌ر له‌لایه‌نی ئابوورییه‌وه سه‌یری ژماره‌كان بكه‌ین، له‌ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه ژماره‌كان به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه ده‌ڕۆیشتن. بۆ دووهه‌م ساڵ بوو له هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌تمان ده‌دا ئه‌وانه‌ی ده‌چوونه كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف له هه‌رێمی كوردستانه‌وه تێپه‌ڕ ببن. له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌منی پێشكه‌وتنی زۆر باشمان هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا. كه ده‌ڵێم ئێمه، مه‌به‌ستم عێراق و هه‌رێمی كوردستانه به‌یه‌كه‌وه. بۆیه بۆ ئێمه ئێران دراوسێیه‌كی گرنگه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه: كه به ڕۆكێتی كرووز له ماڵێكی سڤیل بده‌ن، ئایا ده‌توانی به‌مه بڵێی دۆستایه‌تی؟ چ ناوێكی لێ ده‌نێی كاتێك به پاساوی ئه‌وه‌ی گوایه ئه‌مه باره‌گایه‌كی ئیسرائیله، ئه‌مه ده‌كه‌یت! ماڵێكی سڤیل له‌ناو هه‌ولێر بۆردومان بكه‌یت و سێ چوار كه‌س شه‌هید بكه‌یت كه یه‌كێكیان منداڵێكی زۆر بچووكه، به ڕاستی ناتوانی ئه‌مه بخه‌یته ناو خانه‌ی دۆستایه‌تییه‌وه! ئه‌گینا ئێمه هه‌میشه هه‌وڵمانداوه، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین ببینه فاكته‌ری ئاسایش و سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ ئێرانیشدا پێشتر هه‌ر به‌و شێوه‌یه بووه. ئێمه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕشه نین بۆ سه‌ر ئێران، په‌یوه‌ندیی ئێمه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كی كۆنی مێژوویییه. به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: به ڕاستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆچی ئه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا كرد، له كاتێكدا ئێمه ئێران به دراوسێیه‌كی گرنگ ده‌زانین؟ ئێران به دۆست ده‌زانین، پێشتر بینیمان كه دۆستی ئێمه‌یه، بۆچی ئه‌مه‌یان كردووه؟ جێی پرسیارێكی زۆر زۆر گه‌وره‌یه!
پرسیار: په‌یوه‌ندیتان به ته‌لئه‌ڤیڤه‌وه چییه؟ ئه‌ی چی ده‌رباره‌ی بوونی باره‌گای مۆساد له هه‌رێمی كوردستان؟ بێگومان پرسیاره‌كه‌م به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و تۆمه‌ته ئێرانیانه‌ی ئاراسته‌ی ئێوه ده‌كرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن، هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ته ئامانج؟
نێچیرڤان بارزانی: پێش هه‌موو شتێك سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، ئێمه پابه‌ندین به سیاسه‌تی عێراقه‌وه وه‌ك ده‌وڵه‌ت. عێراق هه‌ر شێوه‌یه‌ك بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه په‌یڕه‌و بكات، هه‌رێمی كوردستانیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مامه‌ڵه ده‌كات، نه جیا و نه پێچه‌وانه‌ی به‌غدا. هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك و هیچ باره‌گایه‌كی مۆساد له هه‌ولێر نییه، ئه‌مه هه‌مووی بیانووه، ئه‌وه‌ی ئێران ئه‌نجامی دا وه‌ك دراوسێی عێراق كه خۆی به دۆستیش ده‌زانێت، گه‌وره‌ترین پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی عێراق بوو. ئه‌گه‌ر به ڕاست ئێرانییه‌كان زانیاری‌یان هه‌یه كه ئه‌و شوێنه باره‌گای مۆساد بووه، ده‌یانتوانی به شێوه‌یه‌كی دیكه مامه‌ڵه بكه‌ن. ده‌یانتوانی بێ هه‌رێمی كوردستان بچن له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه بكه‌ن، ئه‌و به‌ڵگانه‌ی هه‌یانه كه گوایه ئه‌و شوێنه باره‌گای ئیسرائیل بووه، ڕاده‌ستی به‌غدای بكه‌ن، له هه‌مان كاتدا داوای لێكۆڵینه‌ویه‌كی هاوبه‌ش بكه‌ن. ئێران ده‌یتوانی ئه‌وه بكات. ته‌حه‌دا ده‌كه‌م هیچ باره‌گایه‌كی مۆساد یان ئیسرائیل له هه‌ولێر نییه. پێشتریش زۆر جار ئه‌م شتانه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان باس كراوه. هه‌رێمی كوردستان وا وێنا كراوه، وا باس كراوه كه ئه‌وه ئیسرائیله، بۆچی ئیسرائیله؟ بۆچی ئێمه فه‌له‌ستین نین، ئێمه بۆچی ئیسرائیل بین؟ مافه‌كانمان پێشێل ده‌كرێت، ماف و شایسته‌كانمان نادرێت! جا بۆچی هه‌رێمی كوردستان فه‌له‌ستین نییه؟
پرسیار: كه‌واته بۆچی ئێران ئه‌م هێرشانه‌ی كرده سه‌ر هه‌رێمی كوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ نابینم جگه له‌وه نه‌بێت كه ڕۆكێتیان هه‌یه و ده‌توانن لێمان بده‌ن و ده‌یكه‌ین! ئه‌گینا هیچ پاساوێك و هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه نییه! ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌كان زانیاری‌یان هه‌یه كه ئه‌و شوێنه باره‌گای مۆساد بووه، ئه‌مه كاره‌ساته بۆ ده‌زگاكانی هه‌واڵگریی ئێران و ده‌بێت پێداچوونه‌وه به هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی خۆیاندا بكه‌نه‌وه. پێشتر له سه‌رده‌می شه‌هید قاسم سوله‌یمانی، هه‌مان كێشه هه‌بووه و خوا لێی خۆش بێت جارێكیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌س له ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئێران، هاتنه لام. گوتیان زانیاریی ده‌زگاكانی هه‌واڵگریی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ئێوه له شوێنێك له كوردستانه‌وه چاودێریی ئێران ده‌كه‌ن! یه‌كسه‌ر پێمگوت جه‌نه‌راڵ ئێستا ئێمه لێره دانیشتووین، ئه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌ڵێن با هه‌ر ئێستا بڕۆن لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن و بزانن ڕاسته یان نا؟! به ڕاستیش وایانكرد و ئاشكرا بوو كه هیچ ڕاستی و بنه‌مایه‌كی بۆ نه‌بوو! ئه‌مجاره‌ش ده‌مانتوانی ئه‌و كێشانه به‌و شێوه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. پرسیارێك كه زۆر جێی سه‌رسوڕمانه بۆ ئێمه، ئه‌وه‌یه: ئێران بۆچی وای كرد؟ هۆكار؟ تا ئێستاش ئه‌و هۆكاره نازانین، به‌ڵام ئێمه به ته‌واوی دڵنیاین كه هیچ باره‌گایه‌كی ئیسرائیلی و هیچ كه‌سێكی ئیسرائیلی له‌وێ نه‌بووه.
پرسیار: ئایا دوای ئه‌و ڕووداوه هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان ئێوه و ئێران‌دا دروست بوو؟
نێچیرڤان بارزانی: نه‌خێر، سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئێران سه‌ردانی به‌غدای كردبوو، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیران و قاسم ئه‌عره‌جی قسه‌ی كردبوو، به‌ڵام بۆ هه‌رێمی كوردستان هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان ئێمه‌دا نه‌بووه.
پرسیار: ئایا هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌یه كاتێك توركیا له پارتی كرێكارانی كوردستان له هه‌رێمی كوردستان ده‌دات؟
نێچیرڤان بارزانی: په‌كه‌كه بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ عێراق سه‌رئێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. ئه‌مانه هیچ به‌هایه‌ك بۆ دامه‌زراوه ڕه‌واكانی هه‌رێمی كوردستان دانانێن، له‌ناو خاكی ئێمه‌وه هه‌ڕه‌شه له توركیا ده‌كه‌ن. به ته‌واوی ئه‌و پره‌نسیپه ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه و قبووڵمان نییه خاكی هه‌رێمی كوردستان ببێته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ دراوسێكانمان، جا ئه‌و دراوسێیه چ توركیا بێت، یان ئێران. ناكرێت ئۆپۆزسیۆنی ئه‌م وڵاتانه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئه‌منی سه‌یر بكه‌ن بۆ دروستكردنی كێشه له‌و وڵاتانه‌دا. زۆر به‌داخه‌وه په‌كه‌كه ڕۆڵێكی زۆر خراپ له‌وڕووه‌وه ده‌گێڕێت. ناوچه شاخاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێنێت و هه‌وڵ ده‌دات كێشه بۆ توركیا دروست بكات. ئه‌مه به‌لای ئێمه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو نییه.
پرسیار: له چوارچێوه‌ی قسه‌كانتاندا سه‌رنجی ئه‌وه‌م دا كه ڕێزێكی زۆرتان بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی هه‌یه. چه‌ند ڕۆژێك به‌رله ئێستا كه بینیم، ئه‌ویش به هه‌مان شێوه ڕێزی بۆ ئێوه هه‌بوو. په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا به په‌یوه‌ندیی زۆر چاك ناوزه‌د كرد، به‌ڵام بۆچی تا ئێستا كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر چاره‌سه‌ر نه‌كراون؟
نێچیرڤان بارزانی: گومان له‌وه‌دا نییه كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نیه‌تی خێری بۆ هه‌موو عێراق هه‌یه به كورد و به عه‌ره‌ب، به مه‌سیحی و به هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه. یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه كه دوای ئه‌وه‌ی بوو به سه‌رۆك وه‌زیران، قورسایی داوه‌ته سه‌ر خزمه‌تگوزاری و چۆنیه‌تیی پێشكه‌وتنی ئابووری له وڵات. ئه‌مه دوو شتی بنه‌ڕه‌تین بۆ عێراق، دیدگاكه‌شی زۆر ڕوونه كه ده‌یه‌وێت عێراق به‌ره‌و قۆناغێكی جیاواز ببات، به‌ڵام چه‌ند یارمه‌تیی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌درێت؟ به بۆچوونی من، زۆر كه‌م یارمه‌تیی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌درێت. ئێمه وه‌ك كورد یارمه‌تیمان داوه، به‌رده‌وامیش ده‌بین، چونكه دیدگای سه‌رۆك وه‌زیران خزمه‌تی هه‌موو عێراق ده‌كات. پرسه‌كه ته‌نیا كورد نییه، ئه‌و دیدگایه له خزمه‌ت هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراقدایه. ئه‌وه‌ی له سه‌رۆك وه‌زیران ده‌یبینین، جیاوازی له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراقدا ناكات. عێراق كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی متمانه‌ی هه‌یه. دوای ساڵی 2003 ئێمه له عێراق سیستمێكمان دروست كرد، گوتمان سیسته‌مێكی فیدراڵین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوای ساڵی 2003 تا ئێستا كه ده‌وری بیست ساڵ تێده‌په‌ڕێت، به ڕاستی خۆشمان نازانین سیسته‌می عێراق و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی عێراق چییه؟! مامه‌ڵه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم زۆر ناوه‌ندی و زیاد له پێویست ناوه‌ندییه. دوای بیست ساڵ، تا ئێستا سیسته‌می فیدراڵی له عێراق وه‌ك سیسته‌مێكی به‌ڕێوه‌بردن جێبه‌جێ نه‌كراوه! هۆكاری چاره‌سه‌رنه‌بوونی ئه‌م كێشانه كه‌سه‌كان نین، كێشه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا بیركردنه‌وه‌یه! سیسته‌م له ده‌ستووردا فیدراڵییه، به‌ڵام له جێبه‌جێكردندا زۆر زۆر ناوه‌ندییه، ده‌بێ ئه‌مه یه‌كلا بكرێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كرێت، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به هیچ جۆره سیسته‌مێكی فیدراڵییه‌وه له جیهاندا نییه! كێشه‌كه لێره ده‌ستپێده‌كات، ساڵی 2003 دوای ڕووخانی سه‌ددام ئه‌وه‌ی ئێمه پێمان كرا وه‌ك كورد، چ جه‌نابی خوالێخۆشبوو مام جه‌لال، چ جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی كردیان بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به یه‌كپارچه‌یی بمێنێته‌وه، تا ڕاده‌یه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان نارد تا له‌و كاته سه‌ختانه‌دا ئاسایشی به‌غدا بپارێزن. ئه‌وه‌شمان كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له كوردستان پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه: ئێمه به‌ره‌و كوێ؟ داهاتووی ئه‌م وڵاته به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌مانه له عیراق، پێش ساڵی 2003یش هه‌مان دۆخمان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا به ئێمه‌ی گوت فیدراڵی و دیموكراسی دێته ئاراوه، ئێمه‌ش وه‌ك كورد ئه‌وه‌ی پێویست بوو بۆ عێراق كردمان. ئێستا برایانی ئێمه له به‌غدا ده‌بێ زۆر به جددی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه، به‌سه ئه‌و هه‌موو تۆمه‌تباركردنه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌یكه‌ن گوایه هه‌رێم خۆی جیا ده‌كاته‌وه، جوداخوازه، هه‌رێم وایه و وایه! نه‌خێر، هه‌رێم نه ده‌یه‌وێت له عێراق جیا ببێته‌وه، نه جوداخوازیشه، هه‌رێم مافه‌كانی خۆی ده‌وێت.
پرسیار: به‌ڵام ئێوه ڕیفراندۆمی جیابوونه‌وه‌تان ئه‌نجامدا!
نێچیرڤان بارزانی: ته‌نانه‌ت ڕیفراندۆمیش كه كرا له بێهیوایی بوو له به‌غدا. ئه‌گه‌ر ئه‌و بێهیوایییه نه‌بوایه، زۆر شت نه‌ده‌كران، ئێستاش ئه‌وه بێهیواییه هه‌یه. هه‌میشه كه حكوومه‌تێكی نوێ دروست ده‌بێت، ده‌بینه به‌شێك له‌و حكوومه‌ته به‌و هیوایه‌ی ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام چاره‌سه‌ر ئه‌سته‌مه. سه‌رۆك وه‌زیران كاره‌كان ئاسان ده‌كات. كه كێشه‌یه‌ك دێته پێشه‌وه، ئێمه به په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی نێوانمان چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین، به‌ڵام بابه‌ته‌كه سه‌رۆك وه‌زیران نییه، پرسه‌كه سیسته‌می بیركردنه‌وه‌یه! برایانمان له به‌غدا ده‌بێ گرنگییه‌كی جددی به‌و بابه‌ته بده‌ن و كاری بۆ بكه‌ن بۆ یه‌كپارچه‌ییی عێراق و بۆ پێكه‌وه‌ژیانێك له‌ناو ئه‌و جوگرافیایه‌دا كه پێی ده‌گوترێت عێراق، ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه ئاماده‌ین.
پرسیار: جه‌نابی سه‌رۆك، گه‌لی كوردستان به هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌وه له دۆخیكی خراپدایه، ئایا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پاره‌یه‌ی نییه كه مووچه‌كانیان بدات تا باری سه‌رشانیان سووك ببێت تا ئه‌و كاته‌ی كێشه‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن؟
نێچیرڤان بارزانی: له‌مڕووه‌وه توانای هه‌رێمی كوردستان زۆر سنوورداره. پێشتر نه‌وتمان له كوردستان ده‌فرۆشت بۆ دابینكردنی مووچه، ئێستا وه‌ك ده‌زانن ئه‌و نه‌وته نافرۆشرێت. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به شه‌فافییه‌ته‌وه هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه، ئێستا ئه‌ركی به‌غدایه كه ده‌بێت مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات وه‌ك به‌شێك له عێراق. ئه‌مه به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌وانه، سه‌رۆك وه‌زیرانیش ئه‌مه تێده‌گات. له سه‌ردانه‌كه‌مدا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌و‌به‌ر بۆ به‌غدا، زۆر به درێژی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیراندا باسمان كرد. ده‌توانم بڵێم له دوا قۆناغداین بۆ ئه‌وه‌ی په‌نا به خوا بگه‌ینه چاره‌سه‌رێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته.
پرسیار: نه‌وتی پێشوو كه له ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه هه‌نارده ده‌كرا، ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌گه‌ڕایه‌وه نه‌ده‌چووه خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ته‌وه، به‌ڵكوو ده‌چووه گیرفانی تایبه‌ت! عێراق به‌م شێوه‌یه هه‌رێمی كوردستانی تۆمه‌تبار ده‌كرد، ئێوه چۆن وه‌ڵامی ئه‌م تۆمه‌ته ده‌ده‌نه‌وه؟
نێچیرڤان بارزانی: ئه‌وكات سه‌رۆك وه‌زیران بووم، نه‌وت له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌چووه به‌نده‌ری جه‌یهان. له به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا كۆمپانیای سۆمۆ هه‌یه كه هه‌موو كاری هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و پرسی نه‌وتی عێراق ده‌كات. له‌وێ چاودێریی هه‌موو به‌رمیلێكی ده‌كرد. ئێمه داوامان كرد كه ده‌بێ سۆمۆ له‌وێ بێت. سۆمۆ هه‌موو ژماره‌كانی تۆمار ده‌كرد، دوای ئه‌وه نه‌وت به كڕیاره‌كانی نه‌وت ده‌فرۆشرا. ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌هاته‌وه، به ڕێگه‌پێدانی بانكی ناوه‌ندیی عێراق، ده‌هاته‌وه هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و كاته كه ئێمه بودجه‌مان له به‌غدا نه‌بوو، ئه‌و پاره‌یه بۆ مووچه خه‌رج ده‌كرا. ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌مووی له‌لایه‌ن كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه وردبینی بۆ ده‌كرا. كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سه‌یری هه‌موو ئه‌و ژمارانه‌ی ده‌كرد، ئێستاش ئه‌و ژمارانه هه‌موویان هه‌ن. ئه‌مانه‌مان هه‌مووی به وردی داوه‌ته به‌غدا و داومانه‌ته په‌رله‌مانی كوردستان. هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه هه‌بێت، به‌وپه‌ڕی شه‌فافییه‌ته‌وه هه‌موو شته‌كان هه‌ن. ئه‌م تۆمه‌تانه بێ به‌ڵگه‌ن و ڕاست نین. فرۆشتنی نه‌وت شتێك نییه بتوانی بیفرۆشی و بیخه‌یته گیرفانی خۆته‌وه. شتی وا مومكین نییه! زۆر جار باس له‌وه ده‌كرێت كه هه‌رێمی كوردستان یه‌كلایه‌نه نه‌وتی فرۆشتووه. ئێمه یه‌كلایه‌نه نه‌وتمان نه‌فرۆشت، عێراق شوباتی ساڵی 2014 بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، ئێمه مانگی ئایاری هه‌مان ساڵ ده‌ستمان به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كرد. پێشتر له‌گه‌ڵ عێراق ڕێككه‌وتنمان هه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بودجه‌مان نه‌ده‌ن كه ئه‌وكاته مالكی سه‌رۆك وه‌زیران بوو، مافی خۆمانه نه‌وت هه‌نارده بكه‌ین.
پرسیار: سه‌باره‌ت به ئێستای په‌یوه‌ندیی كوردی ـ كوردیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان چیمان پێده‌ڵێن؟
نێچیرڤان بارزانی: گومان له‌وه‌دا نییه كه ناكۆكیمان هه‌یه، چونكه ئێمه دوو حزبی جیاوازین، یه‌ك حزب نین، به‌ڵام له ئاستی كه‌سیدا ئه‌وه‌نده نیگه‌ران نیم له‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌ره‌و خراپتر بڕوات. كاتێك كێشه‌یه‌ك له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا دێته پێشه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاره‌سه‌ری بكه‌ین. كه هه‌ڵوێستێك هه‌یه، هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ماهه‌نگی له‌باره‌یه‌وه بكه‌ین. ئه‌م په‌یوه‌ندییه شتێك نییه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام بێگومان ده‌بێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه باشتر ببێت، چونكه ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه حاڵه‌تێكی ته‌ندروست نییه بۆ هه‌رێمی كوردستان. بێگومان ده‌بێت هه‌وڵی هه‌ردوولا ئه‌وه بێت كه ئه‌م په‌یوه‌ندییه باشتر ببێت.
پرسیار: جه‌نابتان سه‌رقافڵه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون. من له ساڵی 2007ه‌وه سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كه‌م، ده‌زانم ئه‌وكات كه هاتم، فڕۆكه‌خانه ته‌نیا ژوورێكی بچووك بوو، هه‌ولێر ته‌نیا خانوو بوو، هیچ باڵه‌خانه‌یه‌كی هه‌وربڕی تێدا نه‌بوو، ڕێگه‌ی دهۆك هیچ ڕووناكییه‌كی تێدا نه‌بوو، لانی كه‌م چوار كاژێری ده‌خایاند تا ده‌گه‌یشتین. ئێستا هه‌ولێر له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه، شارێكی پێشكه‌وتووه. ئێستا چۆن ئه‌و ئه‌زموونه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، به‌تایبه‌تی دۆخی ئابووری و سیاسی و ئه‌منیی ئێستا؟
نێچیرڤان بارزانی: له ڕاستیدا ئاوه‌دانیی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2005ه‌وه ورده ورده ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه داعش پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی زۆر دواخست. سوپاس بۆ خوا ئێمه دۆخێكی ئه‌منیی زۆر باشمان هه‌یه، له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه له كوردستان كێشه‌یه‌كی وا نییه كه پێی بڵێین كێشه‌یه، به‌ڵام له‌ڕووی ئابوورییه‌وه به‌داخه‌وه له‌به‌ر پرسی هه‌نارده‌نه‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت و بابه‌تی مووچه، ئێستا ئێمه له دۆخێكی سه‌ختی ئابووریداین. له‌وه‌شدا ته‌نیا ئێمه نین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا به‌غدا به جددی پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی چاره‌سه‌ر نه‌كردووه، عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی تا ئێستا نزیكه‌ی حه‌وت ملیارد دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه. پرسه‌كه ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان نییه، عێراقه به شێوه‌یه‌كی گشتی. كه‌رتی تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵێكی زۆری هه‌یه. ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ببینی، جووڵه‌یه‌كی زۆر جددیی ئابووری هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و مووچه له‌گه‌ڵ به‌غدادا چاره‌سه‌ر بكرێت، داهاتوویه‌كی زۆر باش له‌ڕووی ئابوورییه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان پێشبینی ده‌كه‌م.
پرسیار: (كاك نێچیرڤان، دڵی شێره) به‌و شێوه‌یه نزیكه‌كانتان ناوتان ده‌هێنن، تا چه‌ند ئاماده‌ن ئه‌و دڵه‌تان بۆ به‌رگریكردن له‌و هه‌رێمه و ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌كاربهێنن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئه‌مه ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه. بێگومان ئه‌وه‌ی پێم بكرێ و له توانامدا بێت بۆ ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه، بۆ چاكه بۆ هه‌موو عێراق، بۆ چاكه بۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عێراق و بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان، ئه‌وه‌ی پێم بكرێ، ده‌یكه‌م.
پرسیار: ده‌رباره‌ی ئه‌و كێشه زۆرانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، له‌وانه‌ش شه‌ڕی غه‌ززه و ترسی ئه‌وه‌ی ئه‌م ناكۆكییه ببێته شه‌ڕێكی هه‌رێمی، دیدگای به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ چاره‌سه‌ر چییه؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمه وه‌ك كورد ئه‌زموونێكمان هه‌یه، ئه‌زموونی ئێمه زۆر دوورودرێژه له پرسی شه‌ڕدا. له ئه‌نجامدا ئه‌م جۆره كێشانه ده‌بێ به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن. پرسی فه‌له‌ستین پرسێكی ڕه‌وا و پرسی گه‌لێكه، پرسی حزبێك نییه، پرسێكی ئایدۆلۆجیش نییه. پرسی گه‌لێكه، ئه‌م گه‌له مافی خۆیه‌تی كه ده‌بێت كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر ببێت. بێگومان به هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌ڕ كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ناكات. شه‌ڕ چه‌ند به‌رده‌وام بێت، له ماڵوێرانی زیاتر هیچ شتێكی دیكه به‌رهه‌م ناهێنێت. له ئه‌نجامدا ئه‌م كێشه‌یه ده‌بێ به گفتوگۆ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه. به بۆچوونی ئێمه، ئه‌م گفتوگۆیه ئێستا ده‌رفه‌تێكه، ڕاسته ئێستا كێشه‌یه‌كی گه‌وره له غه‌ززه هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هیوادارین ئه‌مه سه‌ره‌تای ده‌رفه‌تێكیش بێت، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم كۆتا ده‌رفه‌ت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه به شێویه‌ك كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه بتوانن به ئارامی و به خۆشی له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا بژین.