مەترسیی كەوتنەخوارەوەی مانگە دەستكردەكە لەسەر عێراق نەما

:: PM:08:01:21/02/2024 ‌

بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ مانگە دەستكردە ئەوروپاییە پەككەوتووەكە، بە ئاسمانی عێراق یان سعوودیە یان یەمەن بكەوێتە خوارەوە، پێشبینیكارێكی كەشوهەوا ئاماژە دەكات كە مەترسیی كەوتنەخوارەوەی مانگە دەستكردەكە لە عێراق نەماوە و ناوچەی تری كەوتنەخوارەوەی دیاری دەكات.

ریاز نسەیف قورەیشی، كەشناس لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، بەپێی نوێترین زانیاری سەبارەت بە كەوتنەخوارەوەی مانگی دەستكردی ئەوروپایی " ERS-2"، كاتی كەوتنەخوارەوەی بووەتە 7:46ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم، بە كەم و زۆری سعاتێك لەو وادەیە. 

روونی كردەوە، شوێنی نوێ بۆ ئەگەری كەوتنەخوارەوەی مانگە دەستكردەكە سوودان یان لیبیایە، دەكرێ خەڵكی عێراق لە كاتی تێپەڕبوونی مانگەكە بەئاسمان بیبینن، كە ئەگەری هەیە بەر لە گەیشتنی پارچەكانی بۆ سەر زەوی هەمووی بسووتێت و مەترسییەكی ئەوتۆی نەبێت.

دوای ئەوەی هاتە راگەیاندن كە مانگێكی دەستكردی ئەوروپایی لە كۆنترۆڵ دەرچووە و بەرەو زەوی دێتەوە و ئەگەری بەربوونەوەی هەیە، پێشبینیكارێكی كەشناسیی عێراقی بەپێی نوێترین زانیاری سەبارەت بە كات و شوێنی كەوتنەخوارەوەی ئەو مانگە دەستكردە، گوتی مانگەكە لە نزیك عێراق لە سووڕانەوە دەوەسەتێت و ئێوارەی ئەمەڕۆ دەكەوێتە خوارەوە.

سادق عەتیە، پێشبینیكاری كەشناسی لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، بەپێی نوێترین زانیاری سەبارەت بە كات و شوێنی كەوتنەخوارەوەی مانگی دەستكردن" ERS-2"، بەهۆی هەڵەی كات بە دوو سعات، جەزائیر لە شوێنەكانی پێشبینیكراو بۆ كەوتنەخوارەوەی مانگەكە دوور خرایەوە.

روونی كردەوە، دوایین پێشبینی بۆ كاتی كەوتنی مانگە دەستكردەكە سعات 6:28ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمەیە، شوێنی كەوتنیشی زۆر نزیكە لە كاتی بوونی لەسەر سعوودیە و عێراق و یەمەن. 

بەر لە چەند رۆژێك ناوەندی فەلەكناسیی نێودەوڵەتی پێشبینی كەوتنەخوارەوەی مانگە دەستكردەكەی لە رۆژی چوارشەم 21ی شوبات كردبوو، ئەو مانگە دەستكردەی لە 21ی نیسانی 1995 بۆ مەبەستی كۆكردنەوەی زانیاری لە شوێنە دوورەكانی ئاسمان هەڵدراوە، بەڵام لە 4ی تەمووزی 2011 پەكی كەوتووە و تەمەنی گریمانكراوی كۆتای هات و لەو ساتەوە لە بۆشایی ئاسمان دەسووڕێتەوە، بەر لە دوو سعات لە كەوتنیشی شوێن و كاتی بەوردی كەوتنی نازانرێت.

كێشی مانگەكە 2.3 هەزار كیلۆگرامە، درێژی 12 مەترە و پانیەكەشی 12 مەتر، شارەزایان دەڵێن، كەوتنەخوارەوەی كاریگەری و مەترسیی راستەوخۆی بۆ سەر گیانی خەڵك و خانوو و دامەزراوەكان نییە، كاتێك كێشی گەورەترین پارچەی 52 كیلۆگرامە و ئەگەری بەركەوتنی بە كەسێك یەك بۆ 100 ملیارە، جیا لەوە ئەگەری كەوتنەخوارەوەی لەسەر زەریا و دەریاكان 70%یە و لەسەر زەویش 30%.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل