زانایان چارەسەرێكی نوێ بۆ جۆری یەكەمی شەكرە پەرە پێ دەدەن

:: PM:10:01:21/02/2024 ‌

نەخۆشی شەكرە بە هەردوو جۆرەیەكەیەوە، بووەتە نەخۆشییەكی سەردەم و بەهۆی سیستمی خۆراك و شێوازی ژیانی ئێستە، كە خامۆشی و نەجووڵانەوە بەسەریدا زاڵە، زۆر بڵاوە، هاوكات زاناكان و ناوەندەكانی توێژینەوە لە هەوڵەكانیان بۆ پەرەپێدانی چارەسەری بۆ ئەو نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارە بەردەوامە، تیمێك لە زانایانی ئەڵمانیا كار بۆ پەرەپێدانی چارەسەرێك بۆ جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە دەكەن، كە ئەگەر سەركەوت دەبێتە شۆڕشێك لەو بوارەدا.

چارەسەرەكە بریتییە لە چاندنی خانەكانی بەرهەمهێنەری ئەنسۆلین لەژێر پێستی نەخۆشەكە، بەوەش شوێنی پەنكریاس دەگرێتەوە، كە لە حاڵەتی ئاساییدا ئەنسۆلین بەرهەم دێنێت، ئەو ئەنزیمەی رێژەی شەكر لە خوێنی مرۆڤ رێك دەخات، بەتایبەتی لە تووشبووان بە جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە، بەهۆی لەكاركەوتنی پەنكریاسیان، دەبێت درزی ئەنسۆلینی دەستكرد بەكار بێنن. 

دەكرێ چاندنی ئەو خانانە شوێنی چارەسەری ئێستە بە درزی ئەنسۆلین بگرێتەوە، لە تاقیكردنەوەیەك كە لەسەر هەشت كەس كراوە، توانرا ئەنجامی باش بەدەست بێت، ئێستەش خەریكە تاقیكردنەوەی زیاتر بۆ زانینی ئاستی كاریگەری و سەلامەتیی رێگەكە دەكرێت، كاتێك توانرا لە تاقیگە خانەی پەنكریاسی بەرهەم بێت و ئەو خانانە راستەوخۆ لەژێر پێست بچێنرێت، بەوەش دەكرێت باسك شوێنی پەنكریاس لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین بگرێتەوە.

د. ماتیاس هیبرۆك، مامۆستا لە زانكۆی تەكنیكی لە میوشن، هەوڵی پەرەپێدانی خانەكانی پەنكریاسی لە تاقیگە دەدات، بە دەستكاریكردنی جینەكانی ئەو خانانە بۆ رێگرتن لە سیستمی بەرگریی لەش لە رەتكردنەوەیان لەكاتی چاندنی لە لەشی نەخۆشەكە، كاتێك كۆمپانیای "مینوتیا"، كار بۆ پەرەپێدانی تەكنۆلۆجیای قەدە خانەكان دەكات، ئەو پزیشكە دەڵێت، ئێمە لە قۆناغێكی سەرەتایین، بەڵام لە هەوڵی بەردەوامداین و دەتوانین ژمارەیەكی زۆر لەو جۆرە خانانە بەرهەم بێنین بۆ چارەسەركردنی ژمارەیەكی زۆری نەخۆشەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل