"دادگای فیدراڵی دەیەوێت هەرێمی كوردستان بكاتەوە بە مەجلیسە تەشریعییەكەی سەردەمی بەعس"

:: AM:11:21:22/02/2024 ‌
لە دوای كۆتاهاتنی شەڕی داعش، چاودێران باس لەوە دەكەن كە پێگەی كورد لە هاوكێشەكاندا دابەزیوە، لەو ماوەیەش كە دادگای باڵای فیدراڵی دەركەوتووە، بەردەوام لێدان لە پێگەی هەرێمی كوردستان دەدات.

د. ئیسماعیل نامیق مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی دەڵێت، زۆر نیگەرانە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی دووی مادەی 56، ئەمە لێدانێكی گەورەیە لە هەرێمی كوردستان و لە باشترین حاڵەتدا دەیكاتەوە بە مەجلیسە تەشریعییەكەی جارانی سەردەمی بەعس، ئێمە دڵمان بەو بڕگەیە خۆش بوو كە دەڵێت پەرلەمانی كوردستان، نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات و بڕیار لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی دەدات و مەرجەعی خەڵكی كوردستانە، ئێستە كە دادگا بڕیارەی دەركردووە، ئەوا ئەو بڕیارە هەڵوەشاوەتەوە كە لە پەرلەمان دەرچووە و دەڵێت، پەرلەمان مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستانە، واتا پەرلەمانی كوردستان وەك ئەنجوومەنێكی پارێزگای لێ دێت.

هیوا مەجید خەلیل پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی لەبارەی پێگەی هەرێمی كوردستان لە پێشوودا، بیرمان دەخاتەوە كە لەگەڵ دەستپێكی شەڕی داعش و هاتنیان بەرەو هەرێمی كوردستان، بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش، هێزە هاوپەیمانەكان بەبێ دوودڵی هاتنە سەرخەت. پرسیاری سەرەكی كە ئەوكات لە ناو هزری تاكێكی ئاسایی تا ناوەندە لێكۆڵینەوەكان و تەنانەت هزری سەركردەكانیش گەڵاڵە كرا، بریتی بوو لەوەی كە بۆچی یەكسەرە زۆر لە وڵاتانی دنیای ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمەریكا و هاوپەیمانان، بە هانای هەرێمی كوردستانەوە هاتن؟.

هیوا مەجید زیاتر ڕوونی دەكاتەوە و دەپرسێت، لە كاتێكدا كە نە لە عێراق و نە لە سووریا ئەمە ڕووی نەدا، دەكرێت سادەترین وەڵام بۆ پرسیاری سەرەوە، بریتی بێت لەوەی كە ئەمەریكا ڕەچاوی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكات‌. بەڵام لایەنی تری ئەم وەڵامە بریتییە لە پێگەی هەرێمی كوردستان. واتە هەرێمی كوردستان چووەتە ناو چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ڕۆژئاوا. بوارەكانی ئەم بەرژەوەندییەش فرەڕەهەندن. وەك وزە، ئاسایش و سەقامگیری، سیستمی نوێی جیهانی كە كۆمەڵێك كێشەی جیهانی بەخۆوە بینیوە، "نەخۆشیی ئیبۆلا"، پیسبوونی ژینگە و هزری پێكەوەژیانی مرۆڤ و ژینگە.

یەكێكی تر لەو بڕگانەی كە دادگای فیدراڵی رەتی كردووەتەوە، بڕگەی دووی مادەی 56ی یاسای هەڵبژاردن كە تایبەتە بە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستان، بۆ بڕیاردان لەسەر رێككەوتن و یەكلاكردنەوەی كێشە چارەنووسسازەكانی گەلی كوردستان و دیاریكردنی پێوەندی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی.
 
وەعد مزووری راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، "ئەو تانەیە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستان كەم دەكاتەوە، بەتایبەت لە یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانەی چارەنووسسازن بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان".

 

 



وشە - سۆران عەزیز