مه‌سروور بارزانی‌ 500 هه‌ڵه‌بجه‌یی دامه‌زراند

:: PM:01:07:22/02/2024 ‌
به‌ بڕیاری‌ مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان 500 كه‌س به‌ گرێبه‌ست له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌مه‌زرێن. 

له‌چوارچێوه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی‌ كرده‌وه‌ و چه‌ندان بڕیاریشی‌ بۆ خزمه‌تكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ده‌ركرد. 

جیا له‌وه‌ی‌ كۆلێجی‌ پزیشكی‌ ده‌كرێته‌وه‌ و خورماڵ ده‌كرێت به‌ شارۆكه‌، شایه‌ن حه‌مه‌ڕه‌زا جێگری‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ "وشه‌"ی‌ گوت، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ مه‌سروور بارزانی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ سنووره‌كه‌ به‌ڵێنی‌ دامه‌زراندنی‌ 500 كه‌سی‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ شێوه‌ی‌ گرێبه‌ست داوه‌. 

ته‌نیا له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م كابینه‌یه‌دا، 132 پڕۆژه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رچووه‌ و به‌شێكی‌ زۆریان ته‌واو كراون، جگه‌ له‌وه‌ی‌ گرنگی‌ زۆر به‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ له‌و سنووره‌ دراوه‌.

پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، چواره‌م پارێزگای هه‌رێمی كوردستان و 19ـه‌مین پارێزگای عێراقه‌، ده‌كه‌وێته‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان و هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

رووبه‌ری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ 889 كیلۆمه‌تر دووجایه‌، ژماره‌ی دانیشتووانی سه‌نته‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر له‌ 140 هه‌زار كه‌سن، پارێزگاكه‌ له‌ 156 گوند، سێ شاره‌دێ و شارۆچكه‌یه‌ك پێكدێت.






وشە - وشه‌