ده‌قی‌ وتاره‌كه‌ی‌ مه‌سروور بارزانی‌: هه‌موومان قه‌رزاری هه‌ڵه‌بجه‌ین

:: PM:02:30:22/02/2024 ‌
مه‌سروور بارزانی‌ له‌ دوا وێستگه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و بناخه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ پردووی‌ تووه‌قووتی‌ دانا و وتارێكی‌ پێشكه‌ش كرد. 

مه‌سروور بارزانی‌ له‌ ڕووه‌گه‌شه‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ ڕووی‌ له‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كرد و گوتی‌، ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور و هه‌ورامان پێگه‌یه‌كی گرنگ و تایبه‌تیان له‌ كوردستان هه‌یه‌، چونكه‌ مه‌ڵبه‌ندێكی دیاری ڕووناكبیری و خوێنده‌واری بوون له‌ كوردستان و زێدی چه‌ندین زانا و عارفی دانا و شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تیی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ كوردستان بووه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان باسی‌ له‌وه‌ كرد، هه‌وڵدان بۆ له‌بیركردنی تاوانی جینۆسایدی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و بێبایه‌خكردنی ئه‌م تاوانه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام نابێت ئێمه‌ ڕێگه‌ بده‌ین ئه‌م تاوانه‌مان بیر بچێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌:-

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

ئاماده‌بوانی به‌ڕێز
ئه‌م كاته‌تان باش
خۆشحاڵم كه‌ توانیم جارێكی دیكه‌ بێمه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌كی زۆری پێچووه‌ كه‌ من بتوانم جارێكی تر بێمه‌وه‌ و سه‌ردانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكه‌م. له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی ئه‌م كابینه‌یه‌، هه‌ر زوو هه‌وڵمان دا بێین بۆ ئێره‌. ئه‌مه‌ جاری چواره‌مه‌ كه‌ پێشتر به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك سه‌ردانه‌كه‌مان رێك نه‌خرا، به‌ڵام ئێستا خۆشحاڵم كه‌ توانیمان بێین و له‌ خزمه‌تی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست دابین.

خۆم زۆر به‌ خۆشحاڵ ده‌زانم كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ سنووری شاری شه‌هیدان به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م پرۆژه‌ گرنگه‌ داده‌نێین، هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌ست كردن به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ دواكه‌وت، به‌ڵام به‌ ته‌واوبوونی ئه‌م ڕێگه‌ و پرده‌، سوودێكی زۆر به‌ خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌گات، به‌ تایبه‌تیش كه‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كی باشی له‌ بواری په‌ره‌پێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزاریش ده‌بێت.

ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور و هه‌ورامان پێگه‌یه‌كی گرنگ و تایبه‌تیان له‌ كوردستان هه‌یه‌، چونكه‌ مه‌ڵبه‌ندێكی دیاری ڕووناكبیری و خوێنده‌واری بوون له‌ كوردستان و زێدی چه‌ندین زانا و عارفی دانا و شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تیی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ كوردستان بووه‌. شانازی ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بینین ڕێژه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان تێیدا له‌ هه‌موو كوردستان كه‌متره‌، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ به‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ تا چه‌ند پێگه‌ییوه‌ و خاوه‌نی كه‌لتوورێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و جێی شانازیی هه‌موومانه‌.
هه‌روه‌ها له‌ رووی كشتوكاڵییه‌وه‌ ناوچه‌یه‌كی به‌پیت و ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستانه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌، هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌ ناوبانگێكی زۆری په‌یدا كردووه‌. جاران ره‌نگه‌ ته‌نیا له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ناسراو بێت، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی خۆی بۆ گرنگیدان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و بایه‌خدان به‌ به‌روبوومی ناوخۆیی و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی ده‌ره‌كی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی كوردستان، خۆشبه‌ختانه‌ ساڵی رابردوو توانیمان هه‌ناری كوردستان و به‌ تایبه‌تی هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌نارده‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ بازاڕه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو و ده‌ره‌وه‌ وه‌كوو براندێكی به‌روبوومی كشتوكاڵی كوردستان ده‌ناسرێت و ناوبانگێكی باشیشی په‌یدا كردووه‌.

خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ قوربانییه‌كی زۆریان داوه‌ و ئازارێكی زۆریان چه‌شتووه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ بۆته‌ سیما و سیمبولی قوربانیدان و نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵام جێی داخه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كوو پێویست خزمه‌ت نه‌كراوه‌ و له‌م ڕووه‌وه‌ پێویسته‌ به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ و هه‌موومان خۆمان به‌ قه‌رزاری خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ بزانین و به‌ قه‌رزاری كه‌سوكاری گشت شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی كوردستان بزانین، كه‌ ده‌بوایه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شایسته‌تر خزمه‌تی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بكرێت.
ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی ئه‌نجامده‌رانی تاوانی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ سزای خۆیان گه‌یشتن كه‌ به‌م تاوانه‌یان مێژوویه‌كی پڕ له‌ شه‌رمه‌زاری و ڕووڕه‌شییان بۆ خۆیان به‌جێ هێشت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانیی زۆره‌، چه‌ندین ساڵه‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق ئاماده‌ نییه‌ به‌پێی ده‌ستوور قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتوانی ده‌ستی رژێمی پێشووی به‌عس بكاته‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌ڵه‌بجه‌ نموونه‌یه‌كی هه‌ره‌ دیاری تاوانه‌ دڕنده‌كانی ڕژێمی به‌عسه‌ و پێویست بوو به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی و قوربانیانی كیمیاباران و ئه‌نفاله‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی شایسته‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.

هه‌وڵدان بۆ له‌بیركردنی تاوانی جینۆسایدی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و بێبایه‌خكردنی ئه‌م تاوانه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام نابێت ئێمه‌ ڕێگه‌ بده‌ین ئه‌م تاوانه‌مان بیر بچێته‌وه‌، نابێت وابكه‌ین له‌بیری به‌غداش بچێته‌وه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ تاوانمان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ قورگمان ده‌گرن و هه‌ناسه‌مان ده‌بڕن، له‌ولاشه‌وه‌ دێن خۆیان وه‌كوو فریادڕه‌س پێشانمان ده‌ده‌ن و خه‌ڵكێك به‌لاڕێدا ده‌به‌ن و واده‌كه‌ن كه‌ ئێمه‌ مه‌منوونیشیان بین، ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستان چیتر قابیلی قه‌بووڵ نییه‌، ئێمه‌ پێویسته‌ هه‌موومان هه‌ڵوێستی توندمان هه‌بێت بۆ ناچاركردنی حكوومه‌تی فیدڕاڵی بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو كوردستان.

ڕه‌خنه‌گره‌كانمان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی تاوانه‌كه‌دا تاوانباران شه‌رمه‌زار بكه‌ن، خه‌ریكی شتی زۆر بێنرختر بوون له‌ كوردستان كه‌ پێموایه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ ئێستا ڕووبه‌ڕووی حكوومه‌تی فیدڕاڵی ببینه‌وه‌ و داوای ره‌وای خه‌ڵكی كوردستان و به‌ تایبه‌تی خه‌ڵكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست به‌بیر ئه‌وان بێنینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌وان له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتیدا بن و به‌پیر ده‌نگ و هاواری خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بێن.

هه‌ڵه‌بجه‌ زامێكه‌ به‌ جه‌سته‌ی كوردستانه‌وه‌ و ئه‌ركی هه‌موومان ساڕێژی ئه‌و برینه‌ بكه‌ین و خزمه‌تی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكه‌ین. ئه‌ركی هه‌موومانه‌ كه‌ ئه‌و گرێ كوێره‌یه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌رتاسه‌ری له‌ كوردستان بنیاد بنێین، پێموایه‌ هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌توانین باشترین خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ین.

مایه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ڕێكاره‌كانی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ به‌ بیانووی جۆراوجۆر ته‌واو ناكرێن و تا ئێستا ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌دراوه‌، له‌ كاتێكدا چه‌ندین ساڵه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی داوه‌. كێشه‌ و ئاسته‌نگ دروستكردن بۆ ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ستنه‌وه‌یان به‌ مه‌سه‌له‌ی به‌پارێزگاكردنی شوێنه‌كانی تر، به‌ كه‌م سه‌یركردنی قوربانیدانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌. بۆیه‌ داوا له‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵی و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ چیتر پشتگوێ نه‌خرێت و وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی سیاسی به‌كار نه‌هێندرێت. پێویسته‌ له‌ زووترین كاتدا ڕێكاره‌ كارگێڕییه‌كانی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واو بكرێن و له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و پاشان بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتری هه‌ڵه‌بجه‌ و بونیادنانی ژێرخانی ئه‌م شاره‌ خۆشه‌ویسته‌ ته‌رخان بكرێت.

هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین حكوومه‌تی فیدڕاڵ به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقی و ده‌ستووریی خۆی جێبه‌جێ بكات و كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیاباران و ئه‌نفالكراوان و زیانلێكه‌وتوانی ده‌ستی ڕژێمی پێشووی عێراق له‌ كوردستان قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌ ئازاره‌كانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كه‌م بكرێنه‌وه‌.

ئێمه‌ زۆرجار ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی فیدڕاڵی له‌ ساڵانی رابردوو باس كردووه‌، هه‌موو جار ده‌ڵێن ئێمه‌ جێگره‌وه‌ی رژێمی پێشوو نین و ئێمه‌ به‌رپرسیار نین به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ له‌ ڕژێمه‌كانی پێشووتر ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی كوردستان كراوه‌. لێره‌ پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌، حكوومه‌ت پێی خۆش بێت یان نا، جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌، هه‌ر تاوانێك پێشتر له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌م وڵاته‌ كرابێت، ئێستا حكوومه‌ت به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات. به‌ڵام ده‌بینین له‌ هه‌مان كاتدا زۆر له‌و یاسایانه‌ی له‌ رژێمی پێشووتر ده‌رچوون و له‌ خزمه‌تی حكومڕانییه‌كی مه‌ركه‌زیدان، ئێستاش پابه‌ندن پێیانه‌وه‌ و ئه‌و یاسایانه‌یان نه‌گۆڕیوه‌ و ئێستاش حكوومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و یاسایانه‌ كار ده‌كات. چۆن ده‌كرێ له‌ لایه‌كه‌وه‌ پابه‌ندی یاسا بن، به‌ڵام له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌رپرسیار نه‌بن به‌رامبه‌ر به‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی كوردستان كراوه‌؟ یان ده‌بێت به‌ یه‌كجاری خۆیان به‌ری بكه‌ن له‌ هه‌موو یاسایه‌ك كه‌ له‌ رژێمی پێشووتر ده‌ركراوه‌، یانیش ده‌بێ ته‌حه‌مولی به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و ئێستا دان به‌وه‌دا بنێن كه‌ غه‌درێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی كوردستان كراوه‌ و پێویسته‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.


له‌ كۆتاییدا سڵاو و ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ خۆڕاگریی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌. دڵنیا بن ئێمه‌ هه‌میشه‌ دڵمان له‌گه‌ڵ ئێوه‌یه‌ و پشتیوانی داوا ره‌واكانتانین و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ له‌ پێناو زیاتر خزمه‌تكردنی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست.

ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌ ئێره‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداریی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌بووه‌، داواكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵمان باسكردووه‌، ئێمه‌ش به‌پێی توانا و ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیش بێت، گوتوومانه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ست و توانای حكوومه‌تی هه‌رێمدا بێت، به‌پیر داواكارییه‌كانتان دێین و ئه‌وه‌ی پێمان بكرێ بۆتان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.

ده‌زانین كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پێداویستیی زۆره‌ و هه‌موومان قه‌رزاری هه‌ڵه‌بجه‌ین، بۆیه‌ هیوادارم بتوانین له‌ ماوه‌ی داهاتوو قه‌ره‌بووی ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییانه‌ش بكه‌ینه‌وه‌ یان ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ پێویست بوو زووتر بكرێن.

له‌ كۆتاییدا دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان. هه‌ر شاد و سه‌ركه‌وتوو بن. كوردستانیش هه‌ر ئاوه‌دان بێت. زۆر سوپاس.



وشە - وشه‌