ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی بیركردنەوەیە.. چی لەبارەی بیركردنەوەی زیادەڕۆ دەزانیت؟

:: PM:04:05:22/02/2024 ‌

هەموو ساڵێكى 22ی شوبات، ڕۆژی جیهانیی بیركردنەوە یاد دەكرێتەوە. ئامانجی ئەم ڕۆژە ئەوەیە، بزانین كە چەندە بیركردنەوەی ئەرێنی كاریگەریی لەسەر ژیانمان دەكات، لە بەرانبەریشدا بیركردنەوەی نەرێنی كاریگەریی خراپی بەسەرمانەوە دەبێت و وا دەكات بڕیارەكان بە باشی نەدەین.

بەهۆی چڕبوونی ژیان لە شارەكاندا بە دەیان پەستانی جۆراوجۆر، مرۆڤ ناچارە زۆر بیر بكاتەوە و بیریش لە هەموو شتێك بكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانی باشتر بەڕێوە ببات، ئەمەش وا دەكات پزیشكانی دەروونی بیر لە ڕێگەچارە بكەنەوە، چۆن مرۆڤ خۆی لە زۆربیكردنەوە بە بابەتەكانی ڕۆژانە ڕزگار بكات كە زیانی پێ دەگەیەنێت.

نیشانەكانی زیادەڕۆیی لە بیركردنەوە بریتین لە:

- نەتوانینی چڕكردنەوەی سەرنج و بڕیاردان.
- ئارەقكردنەوە لە كاتی نوستندا.
- خۆبەدوورگرتن و دوورەپەرێزی لە كۆبوونەوە و دانیشتنی هاوڕێیانە و خێزانی.
- چێژوەرنەگرتن لە هیچ كارێك یان بۆنەیەك.

زیادەڕۆیی لە بیركردنەوە، كاریگەریی نەرێنی بەسەر دەروون و جەستەشدا دروست دەكات، وەك:

- دڵەڕاوكێ و دڵتەنگی و شڵەژان، بەهۆی ئەو پەستانە دەروونییە بەردەوامەی بەسەرییەوەیە.
- بایەخنەدان بە چالاكیی ڕۆژانە و حەز و ئارەزووی تایبەت، بەهۆی ئەو هەموو دڵەڕاوكێیەی هەیەتی.
- ئازار و گرژبوونی ماسولكەكان.
- ڕشانەوە و زۆر ئارەقكردنەوە.
- لێدانی خێرای ترپەكانی دڵ.
- سەرئێشەیەكی زۆر.


وشە - عەبدوڵا عومەر