بۆ ئه‌مساڵ 285 كاندید بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ هه‌ن

:: PM:03:31:29/02/2024 ‌
لیژنه‌ی نۆبڵی نه‌رویجی ئه‌مڕۆ رایی گه‌یاند، بۆ ئه‌مساڵ و بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ، 285 كاندید هه‌ن كه‌ دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند له‌ بواره‌كان، براوه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرێن.

پێگه‌ی "ئه‌هرام"ی میسری ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 29ی شوبات بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی راگه‌یاندنه‌كه‌ی لیژنه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌مساڵ، له‌ ناو ئه‌و 285 كاندیده‌ی بۆ ئه‌مساڵ دیاری كراون بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌، 196یان تاكه‌كه‌سن و 89یشیان رێكخراون.

لیژنه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، ژماره‌ی كاندیده‌كانی ئه‌مساڵ، كه‌متره‌ له‌ ساڵی پار كه‌ ئه‌وكات 351 كاندید بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ بوون، له‌ ساڵی 2016یشدا زۆرترین كاندید هه‌بوون كه‌ ئه‌و ساڵه‌ 376 كاندید بوون.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌ كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێ براوه‌كان له‌ناو ئه‌و 285 كاندیده‌، له‌ كۆتایی مانگی یه‌نایه‌ر ده‌ستنیشان بكرێن.

دامه‌زراوه‌كانی نۆبڵ ماوه‌ی 50 ساڵه‌ ناوی كاندیده‌كان بۆ خه‌ڵاته‌كه‌ ئاشكرا ناكات، ته‌نیا براوه‌كان ئاشكرا ده‌كرێن، له‌ كاتێكدا چه‌ندان ئه‌ندامی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و سه‌رۆكانی وڵاتان، له‌گه‌ڵ زانایان و براوه‌كانی پێشتریان تێدابووه‌.

ساڵانه‌ خه‌ڵاتی نۆبڵ ده‌درێته‌ براوه‌كان له‌ بواره‌كانی پزیشكی، كیمیا، فیزیا، ئه‌ده‌ب، ئاشتی، ئابووری. ساڵانه‌یش له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ر خه‌ڵاته‌كه‌ دابه‌ش ده‌كرێت، بۆ ئه‌مساڵیش رۆژی 11ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ستنیشان كراوه‌ بۆ دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كه‌.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د