ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نوێترین لێدوانی رای گەیاند، بە كۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران مامەڵەی بەغدامان لەگەڵ هەرێم رەت كردووەتەوە. دووپاتیشی كردەوە، ئەو بڕیارەی لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە دراوە، حكوومەتی عێراق پێوەی پابەند نەبووە و تەنیا بەشێكی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە نێردراوە.
ئەمڕۆ هەینی 15ی ئاداری 2024، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ KNN كە "وشە" تۆماری كردووە، وەزیری دارایی رای گەیاند، لە كۆی ئەو بڕەی كە ئێمە بۆ مووچە داوامان لە عێراق كردووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا 560 ملیار دیناری رەوانە كردووە، دووپاتیشی كردەوە، سەرباری ئەوەی لیستی ئەو دەزگا و ئۆرگانانەی ئێمە رەوانمان كردووە، پارەكەیان نەنێردراوە.
لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری دارایی روونی كردەوە لە كۆبوونەوەكە ئەوە خراوەتە بەر باس، ئایە بەمشێوەیەی ئێستە تەسلیمی ئەو سیاسەتە شۆڤینییە بین كە لەلایەن بەغداوە بەرانبەر هەرێم پێڕەو دەكرێت و لە رێگەی مووچەوە دەیانەوێ كۆمەڵگەی كوردی و مووچەخۆرانی ئێمە دابەش بكەن بۆ مەدەنی و "ئەمنی" و سەربازی، بە كۆی دەنگ لە ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ رەتكردنەوەی ئەم سیاسەتە بووین و هەمووان لە ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەنگ بووین لەسەر ئەوەی كە هەوڵەكانی ئەنجوومەنی وەزیران چڕ بكرێتەوە لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی ئەم جیاوازییە و ناردنی بەشەكەی تری مووچەی مووچەخۆران بۆ هەرێم.
لەبارەی ئەوەی كە بۆچی ئەو بەشە پارە كەمەی بۆ مووچە نێردراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دابەش ناكرێت، وەزیری دارایی و ئابووری رای گەیاند، بە كۆدەنگی هەمووان لە ئەنجوومەنی وەزیران پێمان وابوو دابەشكردنی كۆمەڵگەی كوردی بۆ سەر دوو چین "مەدەنی و عەسكەری" شتێكی خراپە و ناكرێ، چونكە تەنیا لە دەزگا تەناهییەكانەوە "ئەمنی" 307 هەزار كەس مووچەی بۆ نایەت و مووچەبڕكراون لەلایەن عێراقەوە.
وەزیری دارایی دووپاتی كردەوە، هیچ یەكێك لە ئەنجوومەنی وەزیران ناتوانێت ئەو بڕیارە قورسە بدات و بڵێت دەبێ واز لەو 307 هەزار یان 350 هەزار مووچەخۆرە بهێنرێت، چاوەڕانیشین لەو چەند رۆژەی داهاتوو ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن بەو هەوڵ و تێكۆشانانەی كە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراقەوە هەن لەم پێناوەدا.
ئاوات شێخ جەناب، لەبارەی بوونی گرفت لە لیستەكانی مووچەخۆرانی كوردستان كە بۆ بەغدا رەوان كراوە، رەتی كردەوە هیچ گرفتێكی هەبووبێت و روونیشی كردەوە كە لیستەكە ئەوەندە رێكوپێك بووە تەنانەت "تەیف سامی" وەزیری دارایی عێراق خۆی ستایشی لیستەكەی كردووە لەرووی رێكوپێكییەوە و تەنانەت هەموو لیستەكان بە هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق نێردراوە و هیچ بیانوویەكمان لە لیستی مووچە نەهێشتبووەوە.
وەزیری دارایی هەرێم ئاشكرای كرد، كێشەكە لەوەدایە ئەوان داوای لیستی دەزگا سەربازی و تەناهییەكانی كوردستانیان كردووە، ئەمە لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق، خۆیان نە لیستی مووچەخۆرانی سەربازی و نە دەزگا تەناهییەكانی خۆیان لا هەیە و نە داوایشی دەكەن.
لەبارەی ئەوەی كە ئایا بە داهاتی ناوخۆ دەتوانرێت ئەو كورتهێنانە پڕ بكرێتەوە كە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچە نەنێردراوە، وەزیری دارایی رای گەیاند، نەخێر بەهیچ شێوەیەك بە داهاتی ناوخۆ ناتوانرێ ئەو كورتهێنانە پڕ بكرێتەوە، چونكە هاوكێشەكان دیارن و هەمووی ژمارەن.
وەزیری دارایی لەبارەی ئەوەی كە بۆچی بە داهاتی ناوخۆ ناتوانرێ مووچە دابەش بكرێت روونی كردەوە، داهاتی ناوخۆ بەشێكی زۆری بە شێوەی چەكە و قەرزە "بۆ نموونە كەسێك قەرزی ئاوی لایە و پارە نادات، یان پارەی كارەبای لایەو پارەكە نادات" ئەمانە بە داهات هەژمار دەكرێن، بەڵام بە فیعلی پارەكە دەفع نەكراوە و لە دەستی حكوومەت نییە، ئەمە جگە لەوەی كە حكوومەت بۆ خەرجیی دام و دەزگاكان پارەیەكی زۆری پێویستە و لە داهاتی ناوخۆ خەرج دەكرێت.
لەبارەی ئەو هەڵوێستەی ئەمڕۆی یەكێتی لەسەر دابەشكردنی مووچە كە بە رای چاودێران بانگەشەی هەڵبژاردن و موزایەدەیە، وەزیری دارایی رای گەیاند، پێم سەیرە كە یەكێتی داوا دەكات بەم شێوەی ئێستە كە بەغدا دەیەوێ غەدر لە مووچەخۆری سەربازی بكات مووچە دابەش بكرێت، خۆ بەشێك لە مووچەخۆرەكان مووچەخۆری سەربازیی یەكەی حەفتا و هەشتان كە یەكێتیش لەناو ئەواندا هەیە.
وەزیری دارایی لە وەڵامی سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی، ئەگەر یەكێتی راستگۆ بێت لەمە و مووچەی مووچەخۆرە سەربازییەكانی خۆیانیان ناوێ، ئەوە بەشێكی گەورە لە كێشەكە چارەسەر دەكات با لە رێگەی تیمی حكوومی خۆیانەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی بە حكوومەتی هەرێم رابگەیەنن كە ئەوان كێشەیان نییە لەوەی مووچەكانیان نەنێردرێ لەلایەن بەغداوە.
وەزیری دارایی دووپاتیشی كردەوە، ئەگەر كاك سەعدی لە بەشە "عەسكەری"یەكەی خۆیان بتوانێت لە قەرارە سیاسییەكە ئاسانكاریەك بكا هاوتەریب لەگەڵ پارتیدا، ئێمە لە وەزارەتی دارایی سوپاسی دەكەین.
لەبارەی دیاریكردنی وادەیەك بۆ چارەسەری كێشەی مووچە، وەزیری دارایی گوتی، كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا پێوەندی بە ژمارە و یاسا نییە تا وادەیەك هەبێت، كێشەكە كێشەیەكی تەواو سیاسییە و هیچ وادەیەكیش پێشبینی ناكرێت بۆ كاتی چارەسەربوونی كێشەی سیاسی.
وەزیری دارایی دووپاتی كردەوە، ئەگەر هێزە كوردییەكان یەكبگرن و یەكدەنگ بن زووتر كێشەكان چارەسەر دەكرێت.
لەبارەی كشانەوەی ئەندامەكەی پارتی لە دادگای فیدراڵ، وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێم هۆشداری دا بە لایەنەكانی عێراق كە دەبێت چاوەڕوانی كشانەوەی زیاتری سیاسی بكرێت لەلایەن كوردەوە، چونكە ئەگەر وا بڕوات مەبدەئی شەراكەت لە عێراق بووە بە "فشە".