لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان چاپێكی تایبەتی ئارابخوێن كرا

:: PM:08:30:19/03/2024 ‌

ڕۆمانی ئارابخوێن، یەكێكە لە ڕۆمانە پڕفرۆشەكان لە باشووری كوردستاندا كە چەند جارێك چاپ كراوەتەوە، ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش چاپ كرا.

مەحموود نەجمەدین، ڕۆماننووسی دیار و نووسەری ڕۆمانی ئارابخوێن بە "وشە"ی گوت: ئەمڕۆ سێشەم، 19ی ئادار، چاپی دووەمی ڕۆمانی ئارابخوێن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن چاپەمەنیی خانی لە شاری سەقز بڵاو كرایەوە و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا دەگاتە كتێفرۆشەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و كتێبفرۆشە گەورەكانی وڵاتی ئێران.

ڕۆمانی ئارابخوێن، لە باشووری كوردستان ناوبانگی زۆری پەیدا كردووە، بەڵام لە ئێستەدا چاپی نەماوە، لەو بارەیەوە نووسەری ڕۆمانەكە گوتی: بڕیار وایە بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بگاتە باشووری كوردستانیش.

ڕۆمانی ئارابخوێن، بەسەرهاتی نەوت و خوێن و دووكەڵ و نەهامەتییەكانی شاری كەركووكە. چیرۆكی ئەو شارەیە لە زاری ئاسۆ پاڵەوانی سەرەكی ڕۆمانەكەوە، ناوەڕۆكی ڕۆمانی ئارابخوێن لەبارەی چیرۆكە تراژیدییەكانی كەركووكەوەیە تاوەكوو شانزەی ئۆكتۆبەری شووم و فرۆشتنی شارەكە. كەركووك لەم ڕۆمانەدا لە زمان و ڕوانگەی عاشقێكی تێكشكاوەوە دەگێڕدرێتەوە. ئاسۆ كەسایەتی سەرەكی ڕۆمانەكە لە بالكۆنی ماڵەكەیەوە چیرۆكی خۆشەویستیی خۆی و جیلان و شارێكی وێران دەگێڕێتەوە.


ڕۆمانەكە لە دووتوێی  330 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندە.


وشە - عەبدوڵا عومەر