شاكیرا دەڵێت: "ژنان چیتر ناگرین"

:: AM:09:54:26/03/2024 ‌
هونەرمەندی كۆڵۆمبی شاكیرا ڕای گەیاند، نوێترین ئەلبوومی خۆی بەناوی، "ژنان چیتر ناگرین"، مانگی داهاتوو بڵاو دەكاتەوە.

شاكیرا لەبارەی ئەلبوومە نوێیەكەی بۆ گۆڤاری ڤەرایەتی دەڵێت، "دروستكردنی ئەم بەرهەمە، وەك پرۆسەیەكی كیمیایی بوو، لە كاتی نووسینی گۆرانییەكان خۆم پێكدەهێنایەوە، كاتێك دەمگوتەوە، فرمێسكەكانم دەگۆڕان بۆ ئەڵماس و لاوازیم دەگۆڕان بۆ هێز".

ئەلبوومە نوێیەكەی شاكیرا هەشت گۆرانیی نوێ لەخۆ دەگرێت، ئەمە دەبێتە نوێترین ئەلبوومی كە پاش حەوت ساڵ بڵاوی بكاتەوە، دواین ئەلبوومی خۆی لە ساڵی 2017 بە هاوبەشیی لەگەڵ مالوما و نیكی جام و پرینس رۆیس و كارلۆس ڤیڤیس و چەند كەسێكی تر بڵاو كردەوە.

لەم چەند ساڵەی رابردوودا شاكیرا سەختی و ناخۆشیی زۆر هاتنە پێشی، هەرچەند لە كاری هونەری بەردەوام بوو، بەڵام درەوشانەوەی جارانی نەما، لە 2022 دوای 11 ساڵ پێوەندی و دوو منداڵ، لە جیرارد پێكێ یاریزانی پێشووی تۆپی پێی ئیسپانی جیابووەوە، لە 2023 بەهۆی تۆمەتی نەدانی باج لە ئیسپانیا، بڕیاری سێ ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەرچوو و لە بەرانبەردا 7.3 ملیۆن یۆرۆی وەك پێبژاردن دا، جگە لە باج و قازانجی كە هاتبووە سەر باجەكە.
 
شاكیرا لەمبارەیەوە دەڵێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رووبەڕووی زۆر سەختی بووەوە، بە ئاستێك لەت لەت بووبووم، بەڵام دووبارە توانیم خۆم كۆ بكەمەوە.
 



وشە - سۆران عەزیز