نیشانەكانی پێش تووشبوون بە شەكرە چین؟

:: PM:09:12:28/03/2024 ‌

نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنە مەترسیدارەكان و چەندان كاریگەریی لابەلای مەترسیداری هەیە، لەوانە نەخۆشیی دڵ و پەككەوتنی گورچیلە و سڕبوونی دەمار و پەلەكان و لەدەستدانی چاوەكان و برینی پێیەكان، بە گشتی چەند جۆرێكی هەیە، بڵاوترینیان جۆری دووەمە، بەڵام پێش تووشبوون نیشانە وریاكەرەوەكانی چین؟

د. ئەحمەد شوكر، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك بە كورتی ئاماژە بۆ چوار نیشانە دەكات، دەڵێت ئەوانە وریایی لەبارەی بوونی بەرگری بۆ ئەنسۆلین لە خوێن و نزیكبوونەوەی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە دەدەن، بۆیە فریای خۆت بكەوە.

جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە بەهۆی لاوازیی دەردانی هۆرمۆنی ئەنسۆلین یان بوونی بەرگریی خانەكان بۆ كاری ئەنسۆلین روو دەدات، بە گشتی بەرگری بۆ ئەنسۆلین هۆكارێكی سەرەكییە بۆ قەڵەویی مرۆڤ، كە بەو نیشانانە دەزانیت بەرگریی ئەنسۆلینت هەیە:

یەكەم/ زیادبوونی كێش كە دیارترین نیشانەكانی بوونی بەرگری بۆ ئەنسۆلینە لە لەش، چونكە زیادبوونی رێژەی ئەنسۆلین پرۆسەی سووتان و هەرسكردنی خۆراك كەم دەكاتەوە و زۆرینەی وەك چەوری دەنیشێت.

دووەم/ دەركەوتنی پەڵەی تاریك لەسەر لەش، وەك لە ناوچەكانی ئانیشك و مل و ژێرباڵ، جیا لە دەركەوتنی زیادەی گۆشت لەسەر پێست.

سێیەم/ برسیبوونی توند، بەتایبەتی دوای خواردنی نیشاستەی سادە و شیرینی، رەنگە بگاتە ئاستی لەرزینی لەش و دەمارگیری و نەمانی تەركیز.

چوارەم/ هەستكردن بە تەمبەڵی و شەكەتی، بەتایبەتی دوای ژەمی خواردن.

سەبارەت بە چارەسەری ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات كە ئەگەر ئەو نیشانانەت هەبوو، دەتوانی پێڕەوی چەند سیستمێكی خۆراك بكەیت كە كێشی لەش بە شێوەیەكی تەندروست كەم دەكەنەوە، بەڵام پێش ئەوە دەبێت پشكنینی تاقیگە بكرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو كەسە بەرگریی ئەنسۆلینی هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل